ئەمڕۆ شەممە 2025.10.25، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە یاوەرى مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگار و مەریوان هادی، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانیەکانی هەولێر، بەمەبەستى لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتى بەڕێوە چوونى کارەکان، پڕۆژەى دروستکردن و قیڕتاوکردنی دووسایدی ( گەڕەکی ژین )ـی لە ناحییەی دارەتوو بەسەرکردەوە، کە بە گوژمەی ( 2 ملیار 422 ملیۆن دینار ) لە سەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی شارەوانی دەست بە جێبەجێکردنی کراوە و بۆ ماوەیەک بەهۆی کێشەی داراییەوە پڕۆژەکە لە کارکردن وەستابوو.
پارێزگارى هەولێر، دواى ئەوەى لە نزیکەوە بەدواداچوونی بۆ چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کارەکانی پڕۆژەکە کرد، دەستخۆشى لە تیمی ئەندازیارى و سەرپەرشتیارانى پڕۆژەکە کرد و پیرۆزبایی لە دانیشتوانى گەڕەکەکە کرد بۆ دەست پێکردنەوەی پڕۆژەکە و تەواوکردنی سایدێکی شەقامەکە وەک قۆناغی یەکەم، ئومێدیشی خواست لە ماوەیەکی نزیکدا دەست بەسایدی دووەمی شەقامەکەش بکرێت و پڕۆژەکە بەماوەیەکی کەم تەواو بکرێت، کە خواست و ویستى دانیشتوانی گەڕەکەیە.
جێگەى باسە، پڕۆژکە دووسایدی گەڕەکی ژینی دارەتوو پێکهاتووە لە 2500 مەتر درێژی و پانی 30 مەتر و بۆ هەر سایدێک 10 مەتر پانی و دروستکردنی ئاوەڕۆ بە درێژی 3800 مەتر، بەتەوابوونی جگە لەوەی ئاسانکارییەکی زۆر پێشکەش بە هاتووچۆی دانیشتوانی گەڕەکە دەکات، سەنتەری ناحیەی دارەتووش بەگەڕەکە کە دەبەستێتەوە.

