رۆژنامەی ھەولێر

هاوخەمیی سەرۆک بارزانی بۆ کۆچی دوایی حەمەی عەزیز

سەرۆک بارزانی لە پەیامێکی سەرەخۆشیدا بۆ کۆچی دوایی هەڤاڵی تێکۆشەر و پێشمەرگە، حەمەی عەزیز ڕایگەیاند، خوالێخۆشبوو لەپێناو دۆزی گەلی کوردستاندا تەمەنی خۆی بۆ خزمەتکردن و خەبات تەرخان کرد و لەم ڕێگەیەدا ماندووبوونێکی زۆری بینی.

ئەمڕۆ 25ـی تشرینی یەکەمی 2025، سەرۆک مەسعود بارزانی، لە پەیامێکدا هاوخەمیی خۆی بۆ کۆچی دوایی هەڤاڵی تێکۆشەر، حەمەی عەزیز دەربڕی.

لە پەیامەکەدا هاتووە: “بەداخێکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی هەڤاڵی تێکۆشەر و پێشمەرگە، حەمەی عەزیزـم پێ گەیشت. حەمەی عەزیز لە شۆڕشی ئەیلوولدا لە مەکتەبی سیاسی و دواتر لە بارەگای بارزانی، بەرپرسی ئیدارە بوو. لەپێناو دۆزی گەلی کوردستاندا تەمەنی خۆی بۆ خزمەتکردن و خەبات و تێکۆشان تەرخان کرد و لەم ڕێگەیەدا ماندووبوونێکی زۆری بینی”.

سەرۆک بارزانی پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی خانەوادە و کەسوکاری خوالێخۆشبوو و هەموو هاوسەنگەرانی دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، داواکارە لە خوای گەورە ڕۆحی خوالێخۆشبوو بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و سەبر و ئارامی بە هەموو لایەک ببەخشێت.