ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر
تاڤگە عومەر رەشید شارەزای یاسا و كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پەرلەمانی عێراق، لە دیمانەكیدا لەگەڵ “هەولێر” گوتی، هەر پارتی پارێزەری خاكی كوردستان و خاكەكەی بووە، بۆیە دەنگی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بە دڵنیاییەوە بۆ ئەو لایەنە دەبێت كە دەیانپارێزێ.
تاڤگە عومەر رەشید كاندیدی ژمارە (٩) لەسەر لیستی ٢٧٥ـی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بازنەی سلێمانی، تاڤگە عومەر رەشید، هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە لە یاسا، بەڕێوەبەری گشتی لە فەرمانگەی یاسایی دەستەی پاراستنی مافی مرۆڤی هەرێمی كوردستانە و كادیری پێشكەوتووی پارتی دیموكراتی كوردستانە، سەرەڕای پارێزەرایەتی، بۆ نزیكەی ٣٥ ساڵ لەناو ئۆرگانە جیاوازەكان كاری كردووە.
ئەو شارەزایە یاساییە كە هاوكات كاندیدی پارتی دیموكراتە لە بازنەی سلێمانی رایدەگەیەنێت، لە رابردوو و ئێستەیشدا پارتی پارێزەری كوردستان و خەڵكەكەی بووە، بۆیە جارێكی تر بە متمانەی خەڵك بەهێزتر دەبێتەوە.
ئەو لە درێژەی قسەكانیدا ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، ئێستە تەنیا پارتی لای خەڵك شایانی متمانەپێدانە، چونكە حزبەكە و سەركردەكانی بوون بە قەڵغان و فریادڕەسی خەڵكی كوردستان. نموونەیشی بەوە هێنایەوە لە شەڕی داعش و تا شەڕی دیپلۆماسی و بەدەستهێنانی مافەكانی خەڵكی كوردستان هەر پارتی لە پێشەوە بووە، ئێستاش بۆ ئەوەی خەڵكی كوردستان پارێزەرێكی سەرڕاستیان هەبێت متمانە بە پارتی دەدەنەوە.
بە گوێرەی قسەی ئەو كاندیدەی پارتی بەرنامە و پرەنسیپی پارتی بۆ پارێزگاری خەڵك نەگۆڕە و “وا پەروەردە كراوین” كە پێش هەموو كارێك ئامانجەكە خزمەتی خەڵك بێت.
لەو كاندیدەمان پرسی ئەگەر گەیشتی بە پەرلەمان، بەڵێن و تێڕوانینت بۆ كاری پەرلەمانتاری لە بەغدا چییە لە وەڵامدا ئەو گوتی: پشتیوان بە خوا ئەگەر دەرچووین و متمانەی خەڵكی شاری سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕینمان بەدەست هێنا، بێگومان ئێمە درێژەپێدەری ئەو پەرلەمانتارانەی پێشوو دەبین كە هەمیشە نموونە و سمبول بوون بۆ بەدیهێنانی مافەنەتەوەییەكان، هەروەها ئەندامێكی كارا و كارەكتەرێكی سەرەكی دەبین لە بازنەی جێبەجێكردنی بەرنامە و سیاسەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ بەدەستهێنانی مافە دەستووری و نەتەوەییەكانی گەلی كوردستان. جگە لەوەش، من خۆم هەوڵێكی زۆر ئەدەم بۆ جێبەجێكردنی مادەی ١٤٠ی دەستووری و قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری ئەنفاكراوان و قەرەبووكردنەوەی هەموو ئەو گوندانەی كە بە دەستی رژێمە لەناوچووەكانی پێشوو خاپوور كراون، جگە لەوەش هەوڵێكی جددی دەدەم بۆ یاسای نەوت و غاز و رێكخستنەوە و شایستەی زیاتری زیندانیانی سیاسی، بە شێوەیەكی گشتی ئەمە بەرنامەی من دەبێ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا.

