رۆژنامەی ھەولێر

2 ملیار دینار بۆ گۆڕینی چیمەنی یاریگەكانی كوردستان تەرخان كرا

لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان چیمەنی سەرجەم یاریگە گەورەكانی كوردستان گۆڕدرا، لەم پێناوەشدا نزیكەی 2 ملیار دینار خەرج كرا، چیمەنی سەرجەم یاریگەكانیش لە لایەن بەناوبانگترین كۆمپانیایەكانی جیهان دابین كراوە، یاریگەكانیش رزگاریان بوو لەو قور و لیتەی بەهۆی بارانەوە كۆدەبووەوە.
یاریگەی یانەی هەولێر
یاریگەی یانەی هەولێر لە دوای یاریگەی شەعبی بەغدا دووەمین دێرینترین یاریگەیە لەسەر ئاستی عێراق، لە ساڵی 1956 دروست كرا، لە كۆتاییەكانی ساڵی 2001 دوای تیرۆركردنی پارێزگاری پێشووی هەولێر (فرانسۆ هەریری) ناوی یاریگەكە گۆڕدرا بۆ یاریگەی فرانسۆ هەریری، پاشان لە ساڵی 2009 بووە یاریگەیەكی نێودەوڵەتی و یاریی عێراق و فەڵەستین لەسەر ئەو یاریگەیە كرا.
دواتر لە رۆژی 1ـی حوزەیرانی 2024 لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاردرا 1 ملیار و 761 ملیۆن دینار بۆ نۆژەنكردنەوەی یاریگەی فرانسۆ هەریری خەرج بكرێت، تەنیا لە گۆڕینی چیمەنی یاریگەكە 950 ملیۆن دینار خەرج كرا، چیمەنەكەش لە لایەن كۆمپانیایەكی هۆڵەندا دابین كرا، لە ماوەی 8 رۆژ تەواوی چیمەنەكە گۆڕدرا و ئێستا یاریگەكە بۆ یاریی داهاتووی هەولێر بەرامبەر شورتە ئامادەیە كە بڕیارە رۆژی هەینی داهاتوو لە گەڕی شەشەمی خولی ئەستێرەكانی عێراق یارییەكە بەڕێوە بچێت.