ڕائیب جادر – هەولێر
سەیدۆ چەتۆ، بەرپرسی بەشی ھەڵبژاردن لە مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای نەینەوا، لە دیدارێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: گوتاری سەرۆک بارزانی کاریگەری گەورەی لەسەر خەڵکی نەینەوا ھەبووە، لە ھەڵبژاردنی ڕابردوودا دەنگەکانی پارتی لە نەینەوا زیادی کرد، بۆ ئەم ھەڵبژاردنەش کار لەسەر ئەوە دەکەین دەنگەکانمان و کورسییەکانمان لەم پارێزگایە زیاتر بێت. دەشڵێ: چەند پێگەی پارتی لە بەغدا بەھێز بێت، پێگەی کوردستانیش ھێندە بەھێز دەبێت و دەتوانێت لە بەغدا مافەکانی خەڵکی کوردستان بە دەستبھێنێت.
پارتی دیموکراتی کوردستان لە سنووری پارێزگای نەینەوا بەردەوامە لە ھەڵمەتی بانگەشەی ھەڵبژاردن بە مەبەستی سەرخستنی لیستی ٢٧٥ـی پارتی دیموکراتی کوردستان و کاندیدانی، لە کۆی ١٠٤٥ کاندید پارتی ٣١ کاندیدی ھەیە و ئەو کاندیدانە پێشبڕکی لەسەر ٣١ کورسی پارێزگاکە دەکەن.
پارێزگای نەینەوا ٣٤ کورسی بۆ دیاریکراوە، ٣١ کورسی گشتی، یەک کورسی کۆتای ئێزدی، یەک کورسی کۆتای شەبەک و یەک کورسی کۆتای کریستیان، دوو ملیۆن و ١٠٢ ھەزار و ٤٢٩ کەس مافی دەنگدانی ھەیە.
لە ھەڵبژاردنی ڕابردووی پەرلەمانی عێراق کە لە مانگی ١٠ـی ساڵی ٢٠٢١ کرا، پارتی لەسەر ئاستی ھەشت بازنەی ھەڵبژاردن لە نەینەوا توانی ١٥٨ ھەزار و ٦٢٧ دەنگ بەدەستبھێنێت و نۆ کورسی بەدەست ھێنا، بەڵام لەم ھەڵبژاردنە ھەموو پارێزگای نەینەوا یەک بازنەیە.
بەرپرسی بەشی ھەڵبژاردن لە مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای نەینەوا، دەڵێت: وەکو ھەر ھەڵبژاردنێکی دیکە ئامادەکاری خۆمان کردووە، کوڕ و سیمینار دەکەین، ئاھەنگ ڕێکدەخەین لەناو سەنتەری پارێزگای مووسڵ ئاھەنگێکی گەورەمان ڕێکخست، وەکو حزب بریکار و سەرپەرشتیارەکانمان دەست نیشان کردوونە و ڕامان سپاردوونە و ڕۆژانە کاری خۆیان دەکەن، ھەروەھا کاندیدەکان ڕۆژانە دەگەڕێن و بانگەشە بۆ خۆیان دەکەن، بۆیە ئەوەی پێویستە بکرێت کردوومانە و لە داھاتووشدا شتی زۆر باشتر دەکەین، بۆ ئەوەی ڕۆژی ١١/١١ خەڵکی پارێزگاکە ھەر لە شنگال بگرە تا مەخموور پێکەوە ڕوو لە سندووقەکانی دەنگدان بکەن و دەنگی خۆیان بە لیستی ژمارە ٢٧٥ی پارتی و کاندیدەکانی بدەن.
سەیدۆ چەتۆ، بەرپرسی بەشی ھەڵبژاردن لە مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای نەینەوا، گوتیشی: بانگەشەی لیستی ٢٧٥ی پارتی لە سنووری پارێزگای نەینەوا لەژێر ڕێنمایی سەرۆک بارزانی، بە شێوەیەکی ئارام و لەسەرخۆ بەڕێوە دەچێت، کاندید و ئۆرگانەکانی پارتیمان پابەندن بە بڕیاری حزب و ڕێنمایی و بڕیارەکانی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان، فەرمانی سەرۆک بارزانییە، تەشھیر بە ھیچ کەسێک نەکرێت، لەبەر ئەوەش ئێمە لە بانگەشە تەنیا باس لە دەستکەوتەکانی خۆمان دەکەین.
بەرپرسی بەشی ھەڵبژاردن لە مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای نەینەوا، ئاشکراشی کرد: بەردەوام پەیامی سەرۆک بارزانی دەگەیەنینە خەڵکی خۆمان کە بە کاندیدەکانی گوتووە دەبێت بەرگری لە ھەموو پێکھاتەکانی عێراق بکەن نەک تەنیا خەڵکی کوردستان، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە پارتی حزبی ھەموو پێکھاتەکانی عێراقە، ھەر لەناو کاندیدەکانی ئێمەش ھەموو پێکھاتە و نەتەوە خۆیان دەبیننەوە، بۆیە پەیامی سەرۆک بارزانی زۆر کاریگەری خۆی ھەیە، ھەر ئەوەش وای کردووە لیستی پارتی و کاندیدەکانی ڕۆژبەڕۆژ جێگەی خۆیان لەناو دڵی ھاووڵاتییاندا بکەنەوە.
سەیدۆ چەتۆ، بەرپرسی بەشی ھەڵبژاردن لە مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای نەینەوا، دەشڵێ: کاندید و کادیر و ئەندامانی پارتی بە جۆش و خرۆشەوە داوا لە خەڵک و دەنگدەری پارێزگای نەینەوا دەکەن پاڵپشتی لیستی پارتی بکەن و ڕۆژی ١١ی مانگ دەنگ بە لیستی ٢٧٥ی پارتی بدەن، خەڵکی سنووری پارێزگای مووسڵ پێشوازیەکی زۆر باشیان لە لیستی پارتی و کاندیدەکانی ئێمە کردووە، لەناو کاندیدەکانی ئێمە ١٤ کەس لە نەتەوەی عەرەب ھەن، واتە نەتەوەی عەرەبیش بەشێوەیەکی زۆر باش پێشوازیان لە لیستی پارتی کردووە، بۆیە ھەموو ئەگەرەکان بۆ ئەوە دەچن پارتی وەکو حزب دەنگی یەکەم لەسەر ئاستی پارێزگای مووسڵ بە دەستبھێنێت، بۆیە بەراورد بە ھەڵبژاردنی ڕابردوو دەنگی پارتی زۆر زیاتر دەبێت.
بەرپرسی بەشی ھەڵبژاردن لە مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای نەینەوا، زیاتر دەڵێ: لە ھەر چوار لقی خۆمان لە سنووری مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ، ٦١ کاندیدمان لە ھەموو پێکھاتە و نەتەوە و ئایینەکان ھەن، بۆیە ئومێدمان زۆرە ئەمجارە بتوانین دەنگی باش بەدەست بێنین و کاندیدەکانمان سەربکەون و بچنە پەرلەمانی عێراق و داکۆکی لە مافی ڕەوای خەڵکی خۆمان بکەن و ببنە نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵکی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی پێگەی کورد لە بەغدا بەھێز بێت، چونکە چەند پێگەی پارتی لە بەغدا بەھێز بێت، پێگەی کوردستانیش ھێندە بەھێز دەبێت و دەتوانێت لە بەغدا مافەکانی خەڵکی کوردستان بە دەست بھێنێت.
لە کۆتاییدا سەیدۆ چەتۆ، بەرپرسی بەشی ھەڵبژاردن لە مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای نەینەوا، ڕاگەیاند، خروقات بەرانبەر بە کاندیدانی پارتی دەکرێت، تا ئێستا چەندین پۆستەر و وێنەی کاندیدەکانی ئێمە شێوێندراون، بەڵام ئەوە ساردمان ناکاتەوە، بەڵکو ڕۆژبەڕۆژ ھەڵمەتی ھەڵبژاردن گەرموگوڕی تێ دەکەوێت و ڕۆژانی داھاتوو چالاکییەکانی ئێمە فراوانتر دەبن، جگە لەوەی کاندیدانی ئێمە بەردەوام لەناو خەڵکدان و داوا دەکەن دەنگیان پێ بدەن.

