رۆژنامەی ھەولێر

گۆڕانکارییەکانی کەرتی گەشتیاری و بەرەوپێشچوونی لە کابینەی نۆیەمی حکومەتدا

محەمەد لادێ – هه‌ولێر

 

کەرتی گەشتوگوزار لەم سەردەمەدا لە ڕووی داهات و گرینگیەوە هیچی لە کەرتی نەوت و وزە و کانزاکان کەمتر نیە. بۆیە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چەند ساڵی ڕابردوودا هەوڵی داوە کەرتی گەشتیاری بکاتە سەرچاوەیەکی بەهێزی داهات بۆ کوردستان و خەڵکەکەی؛ ئەم هەوڵەشی تاڕادەیەکی باش سەری گرتووە و لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا کەرتی گەشتیاری هەرێم بەشێوەیەکی بەرچاو بووژاوەتەوە و ساڵانە ژمارەیەکی یەکجار زۆر گەشتیار لە سەرجەم ناوچە جیاوازەکانی ئێراق و دەرەوەی ئێراقیشەوە سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانی هەرێم دەکەن، هەم لە ڕۆژانی ئاسایی و هەمیش لە بۆنە تایبەتییەکاندا.

گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ئیبراهیم عەبدولمەجید وتی، “کابینەی نۆیەم خاڵی وەرچەرخان بوو بۆ زیاتر بووژانەوەی سێکتەری گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان و زیادبوونی ژمارەی گەشتیاران و پڕۆژە گەشتیارییەکان، ژێرخانی گەشتیاریی هەرێمیش بەڵگەی ئەو ڕاستیەیە.” وتیشی “لە ماوەی پێنج ساڵدا، ٨٠ پرۆژەی نوێی گەشتیاری، بە گوژمەی ٧ملیار و ٥٥٥ملیۆن و ٣٠٥هەزار دۆلار جێبەجێ کراون.”
هەروەها بەپێی ئامارە فەرمییەکانی دەزگای میدیا و زانیاری تەنها لە ماوەی تەمەنی کابینەی نۆیەمدا بە بڕی ٧.٥ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە کەرتی گەشتیاریدا کراوە و ڕێژەی هاتنی گەشتیاران بۆ هەرێم لەماوەی تەمەنی کابینەکەدا دوو هێندە کردووە و لەو ماوەیەدا ٢٢ملیۆن گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە.
بەپێی ئامارەکانی سەرۆکایەتی دەستەی گەشتووگوزاری هەرێمی کوردستان ئێستاکە زیاتر لە سێ هەزار بنکەی چالاکی گەشتیاریی لە کوردستان هەیە، کە دابەشبووە بەسەر ناوچە گەشتیارییەکان و هەرچوار پارێزگای هەرێمی کوردستان، بەجۆرێك؛ ٤٨٠ هۆتێل، ٢٨٢ مۆتێل، ٤٤ کۆمەڵگای گەشتیاری، ٢٠ گوندی گەشتیاری، نزیکەی هەزار ڕێستۆڕانت و خواردنی حازربەدەست (خێرا)، ٧٠٠ کافتریا و ٢٨ شاری یاری. کە ئەمانە ئەو پێداویستییە سەرەکییانەن کە دەبێت بۆ گەشتیاران دەستەبەر بکرێت.
لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا ئەو سەرمایەی لە پڕۆژەی گەشتییارییەکان خەرج کراوە، زۆر زیاترە لە ساڵانی ڕابردوو کە بریتییە لە؛ ٧ملیار و ٣٨٧ملیۆن و ٦٩٩هەزار و ٨٨٠ دۆلار سەرمایەگوزاری لە بواری گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان کە لە کابینەی نۆیەمدا کراوە کە زیاتر لە ٥٥ پڕۆژەی گەشتیاریی پێ جێبەجێ کراە لەسەر ئاستی هەرچوار پارێزگاکە و ئیدارە سەربەخۆکاندا”.
هەڵبەت داهاتی گەشتیاریی بەراورد بە ساڵانی رابردوو، بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە چونکە ساڵانی پێشوو نەو ڕادەیەی ئێستا نەبووە بەڵام ئێستا داهاتی گەشتوگوزار بەراورد بە ساڵی ٢٠١٩، سەدا ١٧ زیادی کردووە.
جگە لە هەموو ئەو پڕۆژە گەشتیاریانەی کراون، پێویستە ئەوەیش بڵێین کەوا دروستکردنی پۆند و بەنداوەکان کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆیان هەیە لەسەر بووژانەوەی کەرتی گەشتوگوزار کە لەم کابینەیەدا ژمارەیەکی زۆریان لێ دروست کراوە؛ هەم دیمەنێکی دڵڕفێن و کەشێکی فێنکی بە ئاو و هەوای دەوروبەری بەخشیوە، هەم وا دەکات سەرچاوە سروشتییەکان ببووژێتەوە و هەلی کاری گەشتیارییش زیاد بکات.
هەرێمی کوردستان ٢٣ بەنداو و ١١٨ پۆند لێ هەیە؛ لەوانە: کاری بەنداوی چەمرگە، خنس، دێوانە، تووڕەجار، شەوگێڕ، ئاقوبان تەواو بووە و، لە خزمەت هاووڵاتیاندایە؛ تەنها لە کابینەی نۆیەمدا ٨ پۆند تەواو کراون و، بڕیارە ٤٣ پۆندی دیکەش دروست بکرێن.
بەپێی ئامارەکانی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم، بەراورد بە ٥ ساڵی رابردوو، ژمارەی گەشتیاران بۆ هەرێمی کوردستان دوو بەرامبەر و زیاتر بەرز بووەتەوە؛ ساڵی ڕابردوو زیاتر لە ٧ملیۆن گەشتیار ڕوویان لە ناوچە گەشتیارییەکان کردووە و پلانی دەستەی گەشتوگوزاریش ئەوەیە هەتا ساڵی ٢٠٢٠، وا بکات ساڵانە ٢٠ملیۆن گەشتیار رااکێشی کوردستان بکات؛ بێگومان بە تەواوبوونی بەنداو و پۆندەکان و دروستکردنی پڕۆژەی گەشتیاری لەسەر بەنداوەکان ئەو کەرتە، بووژانەوەی زیاتریش بەخۆیەوە دەبینێت.
ئەم گەشەپێدانە کە هاوکاتە لەگەڵ گەشەی ژێرخان و ڕێگاوباندا، بووەتە هۆی زیاتر ڕاکێشانی گەشتیارانی ناوەوە و دەرەوە و بووژاندنەوەی کەرتی گەشتیاری، کە ساڵانە زیاتر لە ٧-٨ ملیۆن کەس دەبنە گەشتیاری کوردستان.