رۆژنامەی ھەولێر

چین و توێژەكانی ئیدارەی سۆران پاڵپشتی خۆیان بۆ لیستی 275 پارتی دووپات دەكەنەوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

لەگەڵ دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ خولی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، چین و توێژەكانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران پاڵپشتی و پشتگیری خۆیان بۆ لیستی 275 ـی پارتی دیموكراتی كوردستان و بەربژێرانی ئەو لیستە دووپات دەكەنەوە و بە تاكە لیست دەبینن كە بەرگری لە مافەڕەواكانی ئەوان بكات، ئاماژە بۆ ئەوەش دەكەن، بۆ گەیشتن بە ئامانجە ڕەواكانی خۆمان دەبێت پارتی بەهێزەوە لە بەغدا بێت، چونكە تاكە حزبە كە سازش لەسەر قەوارەی كوردستان و مافەكانی ئێمە ناكات.

پارتی، بە لیستی ژمارە 275 و بە دروشمی “سازان و هاوسەنگی و هاوبەشی” دەستی بە بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق كردووە، كە بڕیارە 11ـی مانگی داهاتوو بكرێت.
پارتی سەدەیەكە لە پێناو ئامانجەكانی گەلی كورد خەبات و تێكۆشان دەكات، دەریایەك خوێنی داوە بەس بۆ ئەوەی گەلی كورد بە ئازادانە بژیت و بە مافەڕەواكانی خۆی شاد بێت، بۆ دووبارە نەبوونەوەی خیانەت و سەركەوتنی كوردستان و گەیشتنی گەلی كورد بە ئامانجە ڕەواكانی خۆی دەبێت پارتی بەهێزەوە لە بەغدا بێت.
پارتی دیموكراتی كوردستان لە ماوەكانی ڕابردوو خزمەتێكی زۆری بە خەڵكی كوردستان و دۆزی ڕەوای كورد كردووە، هیچ كاتێك سازشی لەسەر مافە دەستوورییەكانی گەلی كورد نەكردووە، هەمیشە لە خەبات و تێكۆشاندا بووە بۆ ئەوەی گەلی كورد و خاكی پیرۆزی كوردستان پارێزراو بن، ئەوەش وا دەكات كە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، كە بڕیارە لە 11ی مانگی داهاتوو بكرێت جارێكی دیكە خەڵكی كوردستان متمانەی خۆیان بە پارتی دیموكراتی كوردستان بدەنەوە.
مامۆستا تانیا شەهاب، بۆ ڕۆژنامەی “هەولێر” دەڵێت: وەكو ئافرەتێكی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران پاڵپشتی خۆم بۆ لیست و كاندیدانی پارتی دووپات دەكەمەوە، چونكە ئەو لیستە چۆن لە ڕابردوو بەرگری لە مافەكانی ئێمەی كردووە، لە داهاتووشدا بە هەمان شێوە بەرگری لە مافەكانی خەڵكی كوردستان دەكات و ئارامی و ئاوەدانی لەسەر دەستی ئەو لیستەیە، بۆیە ئەگەر پارتی نەبێت، كوردستانیش نابێت، چەند پارتییش بەهێز بێت كوردستان بەهێزتر دەبێت.
ناسر تاهر، وەكو گەنجێكی دەڤەری بارزان، بۆ ڕۆژنامەی “هەولێر” گوتی: پشتگیری خۆم بۆ لیستی 275ی پارتی دیموكراتی كوردستان دووپات دەكەمەوە، چونكە تاكە لیستە كە هەموو كات خۆی لە كێشەی كورد كردووتە خاوەن، كە هەردەم پاڵپشت و پشتەوانی كورد بووە جا لە هەر شوێنێكی ئەم جیهانە بن، بۆیە داوا لە هەموو خەڵكی ئیدارەی سۆران دەكەم دەنگ بە لیستی پارتی بدەن، چونكە لەو چەند ساڵەی دوایی دوای هاتنە كایەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئەو شارە زیاتر پێش كەوت، ئێستاش بە سەدان پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە قۆناغی جێبەجێ كردندان.
ئازاد میرخان، مامۆستای زانكۆ، بۆ ڕۆژنامەی “هەولێر” دركاندی، لیستی پارتی تاكە لیستە كە بەرگری لە مافە ڕەواكانی خەڵكی كوردستان دەكات، لە دوای ساڵی 2003 دیار بوو كە كێ لە بەغدا شەڕ بۆ مافەكانی خەڵكی كوردستان دەكات و هەوڵ دەدات دەستكەوتی زیاتر بۆ كورد بە دەست بهێنێت، چونكە ئەگەر پارتی نەبوایە كورد نەك ئەو دەستكەوتانەی بە دەست نەدەهێنا، بەڵكو ئەو دەستكەوتانەی كە بە دەستیش هاتبوون لە دەست دەچوون، بۆیە داوا لە هەموو چین و توێژەكان دەكەم بۆ ئەوەی ئایندەی ئەوان گەش بێت و ئەگەر بیانەوێت كوردستان لە دەستێكی ئەمین دا بێت و بە مافەكانی خۆیان بگەن با دەنگ بە پارتی و كاندیدەكانی بدەن.
بەربژێرانی لیستی 275ی پارتی لە بازنەی هەولێر، ئەو شتەی كە پارتی داوا دەكات و لە پەیڕەوپڕۆگرامی دایە لە بەغدا بە زیادەوە جێبەجێ دەكەین، بۆیە هەر شتێك لە بەرژەوەندی كورد بێت شەڕی بۆ دەكەین تا بە دەست دێنین، خۆمان بە پارێزەری هەموو چین و توێژەكان دەزانین، هەر بۆیە پارتی لە سەرەتاوە تاوەكو ئێستاش یەك ئامانجی هەبووە، ئەویش پاراستنی ماف و كەرامەتی خەڵكی كوردستانە، بۆیە لەو هەڵبژاردنەشدا بە دروشمی سازان و هاوسەنگی و هاوبەشی بەشداریمان كردووە. د. دانەر عەبدولغەفار، بەربژێری ژمارە ١١ی لیستی ٢٧٥ی پارتی لە بازنەی هەولێر كە بڕوانامەی دكتۆرای لە فەلسەفەی یاسا و ماستەریشی لە گرێبەستەكانی نەوت و غاز هەیە، دەڵێت: پارتی بە پێچەوانەی گشت پارتەكانی تر، هەمووان چ دۆست و چ دوژمن بە باشی دەیناسن و بە هەڵوێست و ڕەفتارەكانی ئاشنان، تەنیا پارتێكە كە مكوڕە لەسەر كوردایەتی و پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان، سازش ناكات و ملكەچی ویست و خۆسەپاندنی ناڕەوای لایەنەكانی تر نابێت، پارتی پێیەكانی لەم خاكەدا چەقیوە و قایمە، لە ڕۆژە خۆش و ناخۆشەكاندا لێرە بووە و لەگەڵ گەلەكەیدا بووە.
ڕوونیشی كردەوە: گۆڕەپانی سیاسیی عێراق، بەهۆی زۆریی لایەنە دەسەڵاتدار و چەكدار و پارەدارەكان و قۆرخكردنی جومگەكانی دەسەڵات و ژیانی ئابووری لەلایەن ئەم لایەنانە، گۆڕەپانێكی مەترسیدارە، كێڵگەیەكی مینڕێژكراوە كە لە هەر كاتێكدا دەكرێت بتەقێتەوە و كارەسات دروست بكات، هەروەها، گۆڕانكاریی خێرا و لەناكاو لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراقدا چاوەڕوانكراوە، لەوانەش گۆڕینی دەستوور، تێپەڕاندنی یاسای نەوت و گاز و داڕشتنەوەی پەیكەربەندی دادگەی فیدراڵی، كورد و كوردستانیان لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستییان بە داربەڕووەكەی كوردستانە تاكو لە بەردەم باهۆز و ڕەشەبای ڕووداو و گۆڕانكارییەكانی بەغدا بە بەهێز بمێنێتەوە و خۆڕاگر بێت و نەچەمێتەوە.
ئەو بەربژێرەی پارتی جەختی كردەوە: پارتی هەمیشە گوزارشتی لە ویستی هێز و خواستی نەچەمانەوە و سەرشۆڕنەكردن كردووە، بە پێچەوانەی لایەنەكانی تر كە بۆ مانەوەیان ناچارن سازش بكەن و خۆیان بۆ لایەنەكانی تر بچەمێننەوە، بۆ ئەوەی دەستیان لەسەر پشت دابنێن و پشتیوانییان بكەن، بۆیە هەمیشە بە لاواز و بێتوانا دەمێننەوە، لە پەرلەمان و لە بەغدا، ئێمە پێویستیمان بە نوێنەرایەتییەكی بەهێزە كە نەچەمێتەوە و سازش نەكات، من وەكو بەربژێرێكی پارتی، شانازی دەكەم بەوەی كە نوێنەری ئەم پارتەم، با پێكەوە داربەڕووەكەمان بە بەهێزی بهێڵینەوە.