رۆژنامەی ھەولێر

دووسایدی ( گۆمەسپان – سماقووڵی ) بەڕووی شوفێران و هاوڵاتییان دەكرێتەوە

ئەمڕۆ شەممە 2025.10.18، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەمەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کارەکان، بەیاوەری مەسعود كاڕەش، جێگری پارێزگار و هونەر نوری، بەڕێوەبەری گشتی ڕێگاوبانی هەولێر و ئەندازیار و سەرپەرشتیارانی پڕۆژەكە، پڕۆژەى دووسایدی ( گۆمەسپان – سماقووڵی ) بەسەرکردەوە، کە لە سەر فەرمان و ڕاسپاردەی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە باشترین شێوە و كوالێتیی بەرزی شەقام و بە دەستى کرێکارى خۆماڵى لەلایەن کۆمپانیایی هێمن گرووپ دروستكراوە و بڕیارە لەو نزیكانە بەڕووی شوفێران و هاوڵاتییان بكرێتەوە .

پارێزگاری هەولێر، دوای ئەوەی لە نزیکەوە پڕۆژەكەی بەسەرکردەوە، دەستخۆشی لە سەرپەرشتیار و ئەندازیار و کرێکاران و کۆمپانیایی هێمن گرووپ کرد، کە شەو و ڕۆژ بێ وەستان کاریان لەو پڕۆژە گرنگ و ستراتیژی شاری هەولێر كردووە و بە تەواوبوونیان جگە لە پێشکەشکردنی ئاسانکاری بۆ هاتووچۆی هاوڵاتییان، لە ڕووی گەشتیاری و بازرگانیشەوە سوودی زۆری دەبێت بۆ پایتەختی هەرێمی کوردستان.

جێگەی باسە، دووسایدی گۆمەسپان – سماقوڵی لە چوارچێوەی گەشەپێدانی بەنداوی گۆمەسپان وەك پڕۆژەیەكی ستراتیژیی و گرنگی گەشتیاری و پەرەپێدانی ئابووری بەگوژمەی 210 ملیار دینار لەلایەن كۆمپانیای هێمن گرووپ دروستكراوە و درێژی شەقامەكە 30 كیلۆمەترە و پێكهاتووە لە 6 ژێرپرد و 3 بەرزە پرد، بەكردنەوەی لەو نزیكانەدا ڕێگای ( هەولێر – سماقووڵی ) کە ڕێگایەکى ستراتیژى گرنگە و هەردوو پارێزگای ( هەولێر و سلێمانی ) بەیەكەوە دەبەستێتەوە دەبێتە دوو ساید.