رۆژنامەی ھەولێر

زۆرترین ناحیە لە کابینەی نۆیەمدا کراونەتە قەزا

محمد لادێ – هه‌‌ولێر

 

لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا کابینەی نۆیەم بڕیاری بە قەزاکردنی نۆ ناحیەی لە هەرێمی کوردستان دەرکردووە کە زۆرینەیان لە پارێزگای هەولێرن کە بریتین لە قەزای سیدەکان و پیرمام و قوشتەپە و عەنکاوە و هەریر.

لە پارێزگای سلێمانی ناحیەی بازیان و لە ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕینیش حاجیاوا کراوە بە قەزا. ناحیەی باتیفا لە پارێزگای دهۆک و ناحیەی خورماڵ لە پارێزگای هەڵەبجە بەهەمان شێوە کراون بە قەزا.
خەڵکی ناحیە و ناوچەکانی دەوروبەری شارەکان زۆرجار داوا دەکەن ئەو شوێنانەی لێی دەژین یەکە ئیدارییەکەی بەرز بکرێتەوە چونکە پێیان وایە لە ڕووی خزمەتگوزاری و جێبەجێکردنی پڕۆژەکانەوە زیاتر گرنگی بە ناوەندی پارێزگا و قەزاکان دەدرێت وەک لە ناحیەکان؛ حکومەتیش بەدەم داواکاریی هاوڵاتیانەوەیە و لە ماوەی دەستبەکاربوونی ئەم کابینەیەدا ڕیکۆردی شکاندووە لە بنیادنانی نۆ قەزای نوێ لە سنووری پارێزگاکانی هەرێمدا و بەمەش ژمارەی قەزاکانی هەرێم بووەتە ٣٦ قەزا.
کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان درکی بەو ڕاستییە کردووە کە قەزا و ناحیەکانی دەوروبەری شارەکان ڕۆڵێکی باڵایان هەیە لە بەرەوپێشچوون و بەڕێوەبردنی شارەکان و کۆڵەکەیەکی گرنگن لە ڕاگرتنی هاوسەنگی سامانی ئاژەڵ و کشتوکاڵ و لایەنی ئابووری هەرێمەکە بە گشتی. بۆیە هەمیشە لە هەوڵی جێبەجێکردنی داواکارییەکانی هاوڵاتیانی قەزا و ناحیەکاندایە و لە سەردەمی حوکمڕانیی ئەم کابینەیەدا زۆرترین ناحیە لەسەر داوای دانیشتوانەکەی کراونەتە قەزا.
ئەو ناوچانەی لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا کراون بە قەزا، پێنجیان لە پارێزگای هەولێرن کە بریتین لە (قەزای قوشتەپە و پیرمام و سیدەکان و هەریر و عەنکاوە).
لە پارێزگای سلێمانییشدا ناحیەکانی بازیان و حاجیاوا کراون بە قەزا.
لە پارێزگای دهۆکیشدا، ناحیەی باتیفا.
لە پارێزگای هەڵەبجەشدا ناحیەی خورماڵ کراوە بە قەزا.
ئاشکرایە لە هەرێمی کوردستان، چوار پارێزگا هەیە و چوار ئیدارەی سەربەخۆش لە سنووری هەر سێ پارێزگای هەولێر و سلێمانی و دهۆک هەیە.
ئیدارە سەربەخۆکانی سنووری پارێزگاکان بریتین لە:
* ئیدارەی سۆران لە سنووری پارێزگای هەولێر.
* ئیدارەی ڕاپەڕین لە سنووری پارێزگای سلێمانی.
* ئیدارەی گەرمیان لە سنووری پارێزگای سلێمانئ.
* ئیدارەی زاخۆ لەسنووری پارێزگای دهۆک.

پارێزگای سلێمانی خاوەنی زۆرترین قەزایە کە ژمارەیان ١٥ قەزایە و بریتین لە (قەزای شارباژێڕ، ماوەت، سەیدسادق، قەرەداغ، پێنجوین، شارەزوور، دەربەندیخان، دووکان، ڕانییە، پشدەر، حاجیاوا، چەمچەماڵ، کفری، کەلار و، خانەقین)
پارێزگای هەولێر خاوەنی ١٣ قەزایە بریتین لە (قەزای دەشتی هەولێر، کۆیە، خەبات، شەقڵاوە، پیرمام، سۆران، چۆمان، ڕەواندز، مێرگەسور و سیدەکان، قوشتەپە، عەنکاوە و هەریر).
پارێزگای دهۆک حەوت قەزای هەیە و بریتین لە (زاخۆ، سیمێل، باتیفا، ئاکرێ، بەردەڕەش، ئامێدی و شێخان).
*پارێزگای هەڵەبجەش تەنها قەزای خورماڵی لەسەرە.
جێی باسە لە سەردەمی دروستبوونی حکومەتی عێراقەوە تا کابینەی نۆیەم هیچ حکومەتێک بەو ژمارەیە، یەکە ئیدارییەکانی نەکردووە بە قەزا. لە چاو پێنج ساڵ لەمەوبەر ژمارەی قەزاکان بە ڕێژەی سەدا 33 زیادیان کردووە و لە 27 قەزاوە بوونەتە ٣٦ قەزا.