رۆژنامەی ھەولێر

ئەم هەڵبژاردنە دەرفەرتێکە بۆ ئەوەی خواروخێچییەکانی حکوومەتی فیدراڵیی عێراق ڕاست بکرێنەوە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

سەرجەم ئەو حکوومەتانەی لە خولەکانی ڕابردووی هەڵبژاردن لە عێراق دامەزراون خوار و خێچ بوون و ئەوەندەی سیمای حکوومەتێکی تایفیان هەبووە سیمای حکوومەتی فیدراڵیان نەبووە، سەیر لەوەدایە حکوومەتی تایفیی عێراق نەک خزمەتی کورد و سوننە تەنانەت خزمەتی شیعەشی نەکردووە و خەڵکێکی زۆر تا ئەم ساتە لە ئاوی پاک، کارەبا، ڕێگاوبان و خزمەتگوزاری و پێداویستی تری ژیان بێبەشن.

هەر لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە کە دەستووری هەمیشەیی عێراق پەسند کراوە و هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوون، وەک شتێکی عورفی و بێ ئەوەی لە دەستووردا بە یاسا پێکهاتەیەکی کردبێتە خاوەنی هەمیشەیی جەمسەرێکی دەسەڵات، سەرۆکایەتی کۆمار بە کورد، سەرۆکی پەرلەمان بە سوننە و سەرۆکایەتیکردنی حکوومەت یان دەسەڵاتی جێبەجێکردن بە شیعە دراوە.
هەست دەکرێت ئەو ڕێکارە لەگەڵ بنەماکانی فیدراڵی و دیموکراسی و یەکسانی جۆرێک نەگونجانی هەیە. سەرۆکایەتی کۆمار زیاتر پۆستێکی تەشریفاتییە و نەیتوانیوە ماف بۆ هەمووان وەک یەک دەستنیشان بکات و بەرگرییان لێ بکات لە لایەکی تر پەرلەمانەکەش لەسەر بنەمای زۆرینە بووە و پێکهاتەی شیعە زۆرینەی بەدەستەوە گرتووە و بە بێ ویستی ئەوان هیچ یاسایەک تێنەپەڕێنراوە.
کاتێک باس لە حکوومەتی فیدراڵی دەکرێت بەو واتایەیە کە حکوومەت لە ناوەندە بەڵام ناناوەندییە و هی هەموو پارێزگاکان، هەموو نەتەوەکان، هەموو هەرێمەکان و هەموو ئاین و ئاینزاکانە و دەبێت بە شێوازێک مامەڵە بکات هەمووان حکوومەتەکە بە هی خۆیان بزانن و هەمووان خۆیان لەناو حکوومەتەکەدا بدۆزنەوە، بەڵام ئەمە بێبەرییە لە عێراق. حکوومەتی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە لەژێر رکێفی پێکهاتەی شیعە بووە و لەسەرووی هەموو ئەوانەش دادگایەکی فیدراڵی هەیە کە ئەویش هەمان تایبەتمەندیی حکوومەتەکەی هەیە و نەیتوانیوە دادپەروەری بچەسپێنێت.
حکوومەتی تایفی فیدراڵی جگە لەوەی کە هەموو خێر و بێری عێراقی فیدراڵی بۆ خۆی ویستووە لە هەمان کاتدا سیاسەتی هەڵاواردنی ڕەگەزی و نەتەوەیی پێڕەو کردووە و هەوڵی داوە دەست بەسەر هەرێم و نەتەوە و پێکهاتەکاندا بگرێت و لەژێر ناوی فیدراڵی بەڵام بە سیاسەتی ناوەندگەرایی و کۆکردنەوەی سەرجەم هێز و دەسەڵاتەکان لە ناوەند هەمان سازی بەعس و سیستمی پاشایەتی بژەنێت، سیاسەتێک کە پێچەوانەی دەستووری هەمیشەیی عێراقە و لەگەڵ بنەماکانی سیستمی فیدراڵی ناگونجێت.
سیاسەتەکانی ئەم جۆرە حکوومەتە لە ڕابردوودا سەرهەڵدانی داعش و شەڕی تایفی و کۆمەڵێک تەنگژەی سیاسی و قەیرانی بەدواوە بووە. نزیکترین نموونەی چەوسانەوە بەدەست حکوومەتی ناوەندی ئەوەیە لە پارێزگاکانی عێراق خەریکە دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی دە دەکرێ کەچی خەڵکی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی هەشتیان وەرنەگرتووە شتێک کە پێچەوانەی هەموو بنەماکانی پێکەوەژیان و دەستووری فیدراڵییە.
عێراق خاوەنی سەرمایە و سامانێکی زۆری سەر زەوی و ژێر زەوییە بەڵام هەموو خەڵکەکەی بە سەرجەم پێکهاتەکانیەوە لەم خێر و بێرە سوودمەند نەبووە. دیار نییە ئەو سەدان ملیار دۆلارەی ساڵانە دەستی حکوومەتی فیدراڵی دەکەوێت چی بەسەر دێت، لە چی خەرج دەکرێت و بۆ کام سێکتەر و بەشی ئاوەدانکردنەوە دەڕوات.
لەگەڵ ئەو سیاسەتەی لە بەغدا پێڕەو کراوە لە پارێزگاکان و تەنانەت هەرێمی کوردستانیش ئەو بەرپرسیارێتییە لای نوێنەران بەرجەستە نەبووە هەوڵی ڕاستکردنەوەی عێراقی فیدراڵی بدەن.
بەداخەوە بەشێک لە نوێنەرانی کورد لە بەغدا ئەوەندەی کێشە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستانیان بەرجەستە کردووە و تۆوی ناکۆکی و دووبەرەکیان چاندووە و هەموو عێراقیان پێیەوە سەرقاڵ کردووە، ئەوەندە بە جێبەجێکردنی ئەرک و بەرپرسیارێتیی سەرەکیی خۆیان لە بەغدا هەڵنەستاون. نوێنەری کورد لە پەرلەمانی عێراق لە جیاتی ئەوەی چاودێر بێ بەسەر حکوومەتی فیدراڵی، ئەرکە سەرەکییەکەی خۆی بیر چۆتەوە و وەک ئەوە کاری کردووە لە پەرلەمانی کوردستان کار بکات.
نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی عێراق لە هەموو ئەو سامان و داهاتە بەرپرسیارن کە دەستی حکوومەتی عێراق دەکەوێت و دیار نییە ئەو سامانە چی بەسەر دێت و بۆ چی خەرج دەکرێت.
ناکرێت سامان و داهاتی عێراق بۆ هەموو جیهان مایەی سەرنج بێت و تەنانەت کەسێکی وەک دۆناڵد ترەمپ بە سەرنجەوە باس لە زۆری ئەو داهاتە بکات بەڵام لە عێراق خەڵک لە ئاوی پاک، لە کارەبا، لە ڕێگاوبان، لە خزمەتگوزاریی تەندروستی، هەلی کار و پێداویستیی تری ژیان بێبەش بن.
هەڵبژاردنی ئەمساڵی عێراق دەکرێ بکرێتە یەکێک لە گرنگترین هەڵبژاردنەکان و دەرەنجامەکەی نەک نەخشەیەکی نوێی سیاسی و ئیداریی حکوومەتی داهاتووی فیدراڵی دەستنیشان دەکات لە هەمان کاتدا حکوومەتی تایفی بۆ حکوومەتێکی راستەقینەی فیدراڵی بگۆڕێت و هەمووان لە ژێر سێبەریدا بحەسێنەوە.