رۆژنامەی ھەولێر

بۆچی لە هەڵبژاردنەكاندا پارتی دەبێتە جێی متمانەی دەنگدەر؟

زۆرجار پارتە سیاسییەكان لە تەواوی جیهاندا، لە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا، دەنگدەر، سەدان بەڵێنی جۆراوجۆری پێ دەدەن، زۆرجار دەنگدەر دەكەونە ناو تەڵەی ئەو بەڵێنانەوەی هەرگیز نابنە كردار، بەڵام بۆ هەڵبژاردنێكی تر، هاوكێشەكە گۆڕانی بەسەردا دێت.

پارت هەبووە، یان كەسایەتی هەبووە، زیاتر لە دوو خول و سێ خول وەكوو سەرۆكوەزیران هەڵبژێردراوەتەوە، نموونە ئەنگڵا مێركڵی سەرۆكوەزیرانی ئەڵمانیا، پرسیارەكە ئەوەیە، چۆن میللەت بۆ چەند جارێك پارتێكی سیاسی یان كەسایەتییەكی سیاسی هەڵدەبژێرێتەوە؟
وەڵامی پرسیارەكە زۆر ئاسانە، كاتێك پارتێكی سیاسی یان سەركردەیەك، بەڵێن بە گەل دەدات گەر دەنگی پێ بدەن، فڵان پڕۆژەیان بۆ دەکات، یان بەرنامەی پارتەكەیان بۆ هەڵبژاردن پڕیەتی لە پرۆژەی ستراتیجی، دەنگدەر بڕوای پێ دەكات و دەنگی پێ دەدات.
بەڵام بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، دەنگدەر زیرەكە و دەزانێت چۆن دەنگ دەدات، دێت سەیری بەرنامەی ئەو پارتە دەكات لە هەڵبژاردنی پێشووتر، بزانێت بەڵێنەكانی جێبەجێ كردووە؟ ئەگەر كردبێتی بۆ جاری دووەم و سێیەم هەڵیدەبژێرێتەوە، ئەم پڕەنسیپە لای دەنگدەر جێگیرە لە تەواوی دونیادا كاری لەسەر دەكرێت، تەنیا ئەو دەنگدەرانە نەبێت بڕیاریان داوە گوێ لە راستی نەگرن.
با نموونەكە زیاتر روون بكەینەوە، لە هەڵبژاردنی ٢٠١٦ی پەرلەمانی توركیادا، ئەحمەد داودئۆغڵو، لەسەر لیستی ئاكەپە بووە سەرۆكوەزیران، لە وتارێكدا گوتی ”ئێمە راستگۆ بووین لەگەڵ میللەتی خۆمان، هیچ بەڵێنێكمان نەداوە جێبەجێمان نەكردبێت، تەنانەت لە ماوەیەكی دیاریكراودا ٨٠٪ی بەڵێنەكانمان جێبەجێ كردووە.“
روونە ئاكەپە لە هەڵبژاردنەکەی ٢٠١٦، توانیی بە تەنیا حكوومەت پێك بهێنێت لە كۆی ٥٥٠ كورسی پەرلەمان توانیی ٣١٧ كورسی بەدەست بهێنێت، هۆكارەكەشی ئەوە بوو، لەگەڵ بەڵێنەكانی راستگۆ بوو و هیچ بەڵێنێكی درۆیینەی نەدا و، زۆربەیانی كردە كردار.
پارتی دیموكراتی كوردستان، كاتێك لەم هەڵبژاردنەدا دەچێتە لای دەنگدەر و داوای دەنگی لێ دەكات، بە ڕوویەكی سپییەوە داوای دەنگی لێ دەكات، چونكە كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێم، هیچ بەڵێنێكی نەداوە جێبەجێی نەكردبێت، بەردی بناغەی هیچ پڕۆژەیەكی دانەناوە درۆیینە بێت و دوای هەڵبژاردن دەستیان لەكاركردن هەڵگرتبێت، ئەمە بڕوای لای خەڵك دروست كردووە، دەنگدەر بەدوای پارتی راستگۆ و سەركردەی راستگۆوەیە.
راستگۆیی پارتی و ئەو حكوومەتانەی لەژێر سەرۆكایەتیی پارتیدا بووە، لە راستگۆیی رابەرەكەیانەوە سەرۆك مەسعوود بارزنییەوە سەرچاوەی گرتووە، ئەو سەرۆكەی بە ڕاستگۆییەكەی دەوروبەری خۆی و سەركردەكانی دەرەوەی هەرێمیشی سەرسام كردووە.
تورگوت ئۆزەل، سەرۆكوەزیرانی پێشووی توركیا، كە ئێستا لە ژیاندا نەماوە، بە جەنگیز چاندار، راوێژكاری تایبەتی خۆی گوتبووی ”مەسعوود بارزانی سەركردەیەكی راستگۆیە.“

سەرۆكی راستگۆ ئەم تایبەتمەندانەی هەیە:
_ خاوەن بەڵێنی خۆیەتی و ئەوەی دەیڵێت جێبەجێی دەكات.
_ ناترسێت لەوەی رووبەڕووی راستییەكان ببێتەوە.
_ ئەگەر هەڵەیەك بكات خۆی لێ دەرناكات، دانی پێدا دەنێت.
_ سەرۆكی راستگۆ هەمیشە لەگەڵ عەدالەتدایە.
چونكە مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەت راستگۆیی لەباوكی وەرگرتووە و كردویەتی بەئیلهامكی گەورە بۆ بەڕێوەبردنی حكوومەت، بۆیە بەڵێنەكانی كردووە بە كردار و هەمیشە دەڵێت ”ناڵێم دەیكەین، دەڵێم كردمان“.
ئەگەر دەتەوێت بزانێت، كابینەی نۆ، بەر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، ئەو بەڵێنانەی دابووی و بەردی بناغەی ئەو پڕۆژانەی داینا، چەندی جێبەجێ بووە و چەندی وەهمە، وەكوو دەنگدەر لێكۆڵینەوەیەك بكە، ئەگەر زانیت بەڵێنەكان بوونەتە كردار، پێویست ناكات خۆت ماندوو كەیت و بیر بكەیتەوە، بەبێ دوو دڵی دەنگ بەپارتی بدەن، دەنگدانت بەپارتی، دەنگدانتە بەڕاستگۆیی، هەر پارتێك و سەرۆكێك لەگەڵ میللەتەكەی راستگۆ بوو، كەواتە وڵاتەكەت لەدەستێكی پاك و دڵسۆز و خەمخۆر دایە.