رۆژنامەی ھەولێر

ئەکبەر حەیدەر خان، بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی لە خانەقین: لە سنووری پارێزگای دیالە پارتی دەنگدەری لە زیادبوون و هەڵکشانە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ئەکبەر حەیدەرخان، بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین، لە دیدارێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: لە خانەقین و سنووری پارێزگای دیالە پێشوازیەکی زۆر باش لە لیستی پارتی و کاندیدەکەمان کراوە، چونکە دەزانن پارتی حزبێکە خاوەن ھەڵوێستە و ھیچ کات سازش لەسەر مافەکانی خەڵکی کوردستان ناکات. دەشڵێ: ھەندێک پێشێلکاری بەرامبەر کاندیدەکەی ئێمە کراوە، پۆستەر و وێنەی کاندیدەکەی ئێمە دەدڕێندرێت، ئەمەش بۆ بەھێزی پارتی دەگەڕێتەوە و لێی دەترسن و دەزانن پارتی خاوەن ھەڵوێستە و قەت خۆ ناچەمێنێت و سازش لەسەر مافی گەلی کورد ناکات و تەسلیم نابێت و لەسەر ئیرادەی گەلی کورد سوورە.

بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی لە خانەقین، دەڵێت: دەنگدەری کورد لە پارێزگای دیالە نزیکەی ١٠٠ ھەزار دەنگدەر دەبێت، وەکو لقی ١٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین، لەگەڵ لیژنە ناوچەکانمان وەکو ھەر ئۆرگانێکی دیکەی حزب خۆمان باش ئامادە کردووە و لە پاش ڕاگەیاندنی بانگەشەی ھەڵبژاردن، کارەکانی ئێمە بۆ ھەڵمەتی ھەڵبژاردن و سەرخستنی لیستی ٢٧٥ی پارتی بە شێوەیەکی زۆر باش بەڕێوەدەچن، بانگەشەمان بە ھێمنی و چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام دەدەین تاکۆتایی بانگەشە بەو شێوەیە بەردەوام دەبین، لەگەڵ ئەوەی ڕۆژانە دەچینە ناو خەڵک بۆ ئەوەی بەرنامە و کارنامەی پارتیمان بۆ چوار ساڵی ئایندە زیاتر بۆیان ڕوون بکەینەوە.
ئەکبەر حەیدەرخان، بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی لە خانەقین، دەشڵێ: لە سنووری پارێزگای دیالە تەنیا یەک کاندیدمان ھەیە و پشت ئەستوورین بە جەماوەری خۆمان کە جەماوەری ڕێبازیی بارزانییە، ئۆمێد دەکەین، ئەو جەماوەرە خۆڕاگرەی کە ھەمیشە متمانەیان بە پارتی و ڕێبازیی بارزانی ھەیە لەم ھەڵبژاردنەشدا متمانەی خۆیان بە پارتی بدەنەوە، بۆ ئەوەی ھەمیشە پارتی لە سەرکەوتندا بێت، بۆ ئەوەی ھەمیشە پارتی لە سەنگەر و بەرگری کردن داکۆکیکاری ڕاستەقینەی میللەتی ئێمە و نیشتمانی ئێمە بێت.
بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین، زیاتر گوتی: پارتی دیموکراتی کوردستان نەک تەنیا حزبی یەکەمە لە ھەرێمی کوردستان، بەڵکو پارتی لەسەر ئاستی عێراقیش حزبی یەکەمە و ھەر بە حزبی یەکەمیش دەمێنێتەوە، لەبەر ئەوە قسەکردن لەسەر دەنگدەری پارتی، ڕێژەیەکی نەگۆڕە و ڕۆژبەڕۆژیش دەنگدەری لە زیادبوونە، لە خانەقین و دەوروبەری وەک زۆربەی دەڤەرەکانی دیکەی کوردستان پێشبینیی دەکەین ڕێژەی دەنگەکانمان بەرز بێتەوە.
ئەکبەر حەیدەرخان، بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین، ئەوەشی گوت: وەکو پارتی لەگەڵ ئەوەین بانگەشەی ھەڵمەتی ھەڵبژاردن مەدەنیانە و بەشێوازێکی ھێمن و لەسەرخۆ بەڕێوەبچێت، تەجاوزی سەر مافی ھیچ کەسێک نەکرێت، بەڵام بەداخەوە ھەندێک پێشێلکاری بەرامبەر کاندیدەکەی ئێمە کراوە، پۆستەر و وێنە بە ڕیز ھەڵواسراوە تەنھا ھی کاندیدەکەی پارتی دەدڕێندرێت، ئەمەش بۆ بەھێزی پارتی دەگەڕێتەوە و لێی دەترسن و دەزانن پارتی خاوەن ھەڵوێستە و قەت خۆی ناچەمێنێت و سازش لەسەر مافی گەلی کورد ناکات و تەسلیم نابێت و لەسەر ئیرادەی گەلی کورد سوورە.
سەبارەت بەوەی بۆچی داوا دەکەن خەڵک دەنگ بە پارتی بدەن. بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی لە خانەقین، ڕاگەیاند، لەبەر ئەوە داوا دەکەین دەنگ بە پارتی بدەن، چونکە پارتی مێژوویەکی پڕشنگداری ھەیە، پارتی مێژوویەکی پڕ لە خەبات و قوربانی و تێکۆشانی کوردایەتی ھەیە، پارتی ٨٠ ساڵە لە دایکبووە، زەروورەتی مێژوویی ھۆکاری لە دایکبوونی پارتییە، پارتی بۆ ئەوە لە دایکبووە بۆ ئەوەی داکۆکی لە مافەڕەواکانی خەڵکی کوردستان بکات، پارتی ھەمیشە لە سەنگەری کوردایەتی بووە و ھەرگیز موساومەی نەکردووە و ھەمیشە بەرانبەر بە داگیرکەران و دوژمنان وەکو شاخە سەربەرزەکانی کوردستان وەستاوە، لە ٣٢ ساڵی حوکمڕانی ھۆکاری ئاوەدانی و سەقامگیری و ئاسایش و خوشگوزەرانی ئەم میللەتە بووە، ھەمیشە پارتی لە سەنگەری کوردایەتی سەنگەری بەرخودان بووە، پارتی پێشەنگە لە ئاوەدانکردنەوە، لە خزمەتگوزاری و خزمەتکردن و لە خۆشگوزەرانی خەڵک، پارتی پێشەنگ بووە لە ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان بۆ ھەموو پێکھاتەکانی ھەرێمی کوردستان و ھەمیشە بڕوای بە پێکەوەژیان و دیموکراسیەت بووە، ھەمیشە داکۆکی کردووە لەو مافەڕەوانەی کە مافی میللەتی ئێمەنە و ھەرگیز مساومەی نەکردووە، ئەگەر بەراوردێکیش بکەین لە ھەولێر و دھۆک کە پارتی دیموکراتی کوردستان باڵا دەستە وا دەزانی وڵاتێکی پێشکەتووی جیھانە، لەبەر ئەوە داوا لە ھاووڵاتییان دەکەین دەنگ بە پارتی و کاندیدەکانی بدەن.
سەبارەت بەوەی بۆچی پارتی دەیەوێت بەھێزەوە ڕوو لە بەغدا بکات. ئەکبەر حەیدەرخان، بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی لە خانەقین، دەڵێت: ئەگەر پارتی بەھێز بێت، کوردستان بەھێز دەبێت، پارتی لە بەغدا بێت نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی خەڵکی کوردستان بە ھەموو پێکھاتەکانەوە دەکات، پارتی لە بەغدا شەڕی چەسپاندنی ھەموو ئەو مافانە دەکات کە مافی دەستووری و یاسای ئێمەن، بەڵام ڕەنگە خەڵکێکی دیکە نەتوانێت ئەو نوێنەرایەتییە بکات، پارتی لە بەغدا چەند بەھێزتر بێت بەرگری دەکات و لێ ناگەڕی چی دیکە زوڵم لە خەڵکی کوردستان بکرێت، بۆیە پارتی لە ھەر جێگەیەک بێت سەنگ و ھەیبەت و گەورەیی خەڵکی کوردستان پیشان دەدات، لەبەر ئەوەیە پارتی نایەوێت بۆشایی لە بەغدا دروست بێت، تا ئەو ڕۆژەی کە ئێمە وەکو ھەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراق دەژین، دەمانەوێت عێراق، عێراقێکی فیدراڵی و دیموکراسی بێت، ئەوەش بە کردار بێت، دروشمی پارتییش ڕوونە، سازان، ھاوسەنگی و ھاوبەشییە، پارتی داوا دەکات ھەموو پێکھاتەکانی عێراق وەکو یەک بەشدار بن لە دەستەڵات و بەرێوەبردنی وڵات.