رۆژنامەی ھەولێر

د. ئەشواق جاف، سەرۆکی لیستی پارتی لە سلێمانی: پارتی پارێزەری قەوارەی هەرێمی کوردستانە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

د. ئەشواق جاف، سەرۆکی لیستی پارتی لە سلێمانی، لە دیدارێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: ئەم ھەڵبژاردنە بۆ ھەرێمی کوردستان چارەنووسازە. دەشڵێ: پارتی پارێزەری قەوارەی ھەرێمی کوردستانە، بۆ ئەوەی پارتی لە بەغدا بەھێزتر بێت و بتوانێت مافەکانی خەڵکی ھەرێمی کوردستان بە دەست بھێنێت، داوا لە دەنگدەران دەکەین ڕۆژی ھەڵبژاردن بە گەرم و گوڕیەوە ڕوو لە سندووقەکانی دەنگدان بکەن و دەنگی خۆیان بە لیستی ژمارە ٢٧٥ی پارتی و کاندیدەکانی بدەن.

سەرۆکی لیستی پارتی لە سلێمانی، گوتی: ھەموومان دەزانین ناوچەکە لەبەردەم گۆڕانکاریەکی گەورەدایە، عێراقیش بێبەش نابێت لەو گۆڕانکاریانە، ئێمەش وەکو ھەرێمی کوردستان گرنگە خۆمان بۆ ھەر گۆڕانکاریەک کە لە ناوچەکەدا ڕوودەدات ئامادە بکەین، ئەو ھەڵبژاردنە گرنگە ئێمەش تەئکید لەسەر ئەوە دەکەینەوە خەڵکی کوردستان بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگ بە پارتی و کاندیدەکانی بدەن.
د. ئەشواق جاف، سەرۆکی لیستی پارتی لە سلێمانی، دەشڵێ: ھیوادارین لە داھاتوودا ھەموو فراکسیۆنەکان بە یەکەوە و بە یەکڕیزی بچنەوە بەغدا بۆ بەرگری کردن لە مافی خەڵکی کوردستان، ھەروەھا بۆ بەدەستھێنانی ئەو مافانەی کە ھێشتا بەدەستمان نەھێناون و بەشدار بین لە بڕیاری سیاسی، عێراقی ئێستا بریتییە لەوەی ئێمە شەریک بین، نەک بەشدار بین، یەکێک لە دروشمەکانی پارتی ھاوبەشییە لە بڕیاردان، بۆیە ئەو ھەڵبژاردنە بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان گرنگ و چارەنووسازە.
سەرۆکی لیستی پارتی لە سلێمانی، گوتیشی: عێراقی تازە، واتە عێراقی دوای ٢٠٠٣ لەسەر بنەمای ھاوبەشی، ھاوسەنگی و سازان کە سێ جومگەی ئەساسینە بۆ بنیاتنانەوەی عێراقی نوێ دامەزراوە، بەڵام پێکھاتەی زۆرینە لە عێراق، پێکھاتەکانی دیکەی فەراموش کردووە و ئەوەی پێی کراوە بەرامبەر بە پێکھاتەکانی دیکەی کردووە، ئێمە کێشەی مافمان ھەیە، کێشەی دەستوورمان ھەیە، لە کاتێکدا بەپێی دەستوور دەبێت ھەموو پێکھاتەکان لە بڕیاردان بەشدار بن، ئێستا پارتی بە دروشمی ھاوبەشی، ھاوسەنگی و سازان بەشداری ھەڵبژاردنی داھاتووی عێراق دەکات، ئەوانە بنەمان بۆ جێبەجێکردنی دەستوور، دەستووریش ھەموو مافەکانی کوردی تێدا چەسپاوە، بەڵام بەداخەوە لە عێراقی ئەمڕۆ ئێمە شەریک نین لە بڕیاردان، ھەر ئەوەش ھۆکار بووە کە تا ئێستا میللەتی کورد بە مافە ڕەواکانی خۆی نەگات.
د. ئەشواق جاف، سەرۆکی لیستی پارتی لە سلێمانی، زیاتر دەڵێ: کورد لە بەغدا لاواز نییە، بەڵکو یەکدەنگ و یەکڕیز نییە، لە خولی دووەم کە لەوێ بووین، فراکسیۆنە کوردستانییەکان یەکدەنگ و یەکڕیز بوون، بەڵام لەگەڵ ئەوەش بەردەوام ھەندێک لایەن لە دژی کورد و کوردستان کاریان دەکرد، دژی قەوارەی ھەرێمی کوردستان کاریان دەکرد، کاریان لەسەر ئەو یەکڕیزی و یەکدەنگییە دەکرد بۆ ئەوەی نەمێنێت، لەگەڵ ئەوەش لە خولی دووەم توانیومان ھەندێک لەو مافانە بۆ خەڵکی کوردستان بەدەستبھێنین کە داوامان دەکرد، بەڵام لە خولەکانی دیکە بەھۆی نەبوونی یەکڕیزی و ڕێگری لە فراکسیۆنە کوردستانییەکان، ھەندێک لە فراکسیۆنەکانی دیکە بە زۆرینە ھەندێک یاسایان کە لە دژی کورد بوون تێپەڕاند، کە زۆر لەو یاسانە پێشێلی مافی کوردیان کردبوو.
لە کۆتاییدا ئەشواق جاف، ڕوونیکردەوە: پارتی ھیچ کات لە بەرپرسیارەتی ڕانەکردووە، سەرەڕای ئەوەی لە ھەموو ھەڵبژاردنەکانی ڕابردوو یەکەمی کوردستان و عێراق بووە، بەڵام بۆ ئەوەی ھەر بڕیارێک لە بەغدا بدرێت، بە ئیرادەیەکی کوردستانی ھەموو لایەنەکان بەشدار بکەن، پۆستەکانی خۆی داوەتە لایەنەکانی دیکە، پارتی مافی میللەتی لا گرنگە، یەکڕیزی لا گرنگە، نەک پلە و پۆست، ھەروەھا کار لەسەر ڕێککەتن لەگەڵ لایەنەکانی دیکە دەکات، ئەمە ڕۆڵی پارتییە، تەئکیدی لەوە دەکردەوە ھەر بڕیارێک لە بەغدا بدرێت بە ئیرادەی کوردستانی بێت، بۆ ئەوەی بتوانێت بەرگری لە قەوارەی ھەرێمی کوردستان بکات، بۆیە ھیوادارم ھەموو فراکسیۆنە کوردستانییەکان سوود لە ئەزموونی ساڵانی ڕابردوو وەربگرن کە کورد یەک نەبوو، چونکە زەرەرەکە بۆ ھەموو خەڵکی کوردستان بوو، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت یەکڕیزی زامنی مافەکانمانە.