سلێمان تاشان – ههولێر
هەرێمی کوردستان لەم ساڵانەی دواییدا گرنگی بە کەرتێک داوە کە ژێرخانەکەی لە ڕابردوودا زۆر لاواز بوو، ڕۆتینات و کارپێکردنی دەستی و بەکارهێنانی کاغەز لە ڕاپەڕاندنی مامەڵە ئیداری و داراییەکان زاڵ بوو، ئێستا دۆخەکە زۆر گۆڕاوە و تەنیا لە شەش ساڵی ڕابردوودا بیست و شەش سیستمی دیجیتاڵی بۆ پێشخستنی ژێرخانەکە کەوتوونەتە خزمەتی هاووڵاتییانەوە.
ئەوانەی لەم دواییانەدا لە دام و دەزگا حکومییەکان مامەڵەیەکیان هەبووە یەکسەر هەستیان بەو گۆڕانکارییانە کردووە و تێدەگەن کە دۆخی کوردستان لەچاو دەیەی ڕابردوو زۆر گۆڕاوە و سێکتەرە جیاوازەکانی خزمەتگوزاری و ڕاپەڕاندنی کاروباری خەڵک زۆر بە خێرایی بۆ سیستمی ئەلیکترۆنی و دیجیتاڵی گۆڕدراون.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک پڕۆژەی دیجیتاڵی جێبەجێ کردووە کە بوونەتە هۆی کەمکردنەوەی ڕۆتینات و کاتێکی زۆر بۆ خەڵک گەڕاوەتەوە و کارەکان لە ماوەیەکی زۆر کەمدا ڕادەپەڕێنرێن.
بۆ نموونە پێشتر گواستنەوە کتاب و هەر جۆرە بەڵگەنامە و پاکێجێکی ئیداری پێوەست بە کاروباری هاووڵاتیان لە فەرمانگەیەک بۆ فەرمانگەیەکی دیکە چەندین ڕۆژی پێدەچوو و خەڵک لە ژووری دەرکردە و وەرگرتەی فەرمانگەکان بەدوای ژمارەی دۆسیە و مامەڵەکانیاندا دەگەڕان بەڵام ئێستا ئەگەر لە فەرمانگەیەک کارێکت هەبوو و پێویستی کرد لە فەرمانگەیەکی تر تەواو بکرێت ئەوا سەرجەم دۆسیەکان بە دیجیتاڵی بۆ فەرمانگەکە دەگوازرێنەوە و هەر ئەو ڕۆژە هاووڵاتی دەتوانێت سەرجەم مامەڵەکانی خۆی جێەجێ بکات.
ئەو پڕۆسەیەی ئاماژەی پێ کرا لە ڕێی سیستمی بەڕێوەبردنی بەڵگەنامەکان جێبەجێ دەکرێت کە بە DMS ناسراوە و سیستمێکە بۆ بەڕێوەبردنی نووسراوە فەرمییەکان و بەدیجیتاڵکردنی ئاڵوگۆڕکردنی پڕۆسەی ناردن و وەرگرتنی نووسراو لە نێوان دامەزراوە فەرمییەکانی حکوومەت.
جگە لەمە کۆمەڵێک سیستم و خزمەتگوزاریی تری دیجیتاڵی هەن کە بوونەتە هۆی پێشخستنی ژێرخانی دیجیتاڵیی کوردستان. بۆ نموونە ئەپلیکەیشنی KRDpass ئەپێکی فەرمی و باوەڕپێکراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ دەستخستنی پێناسی دیجیتاڵی و خزمەتگوزارییە حکومییەکان بە شێوەی دیجیتاڵی بۆ هاووڵاتییانی کوردستان و ئەو بیانییانەی لە کوردستان نیشتەجێن.
پۆرتاڵ و سیستمی پڕۆژەی ڕووناکی سیستمێکی دیکەیە کە بەردەوام زانیاری لەبارەی کارەبای بیست و چوار سەعاتی و زانیاریی هاوبەشانی کارەبا پێشکەش دەکات. سیستمی ناوەندیی مووچە کە بە پەیرۆڵ ناسراوە، سیستمێکی دیکەیە بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیەی کەسی و مووچەی مووچەخۆرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان. لە لایەکی دیکەوە پۆرتاڵ و سیستمی پڕۆژەی هەژماری من پڕۆژەیەکە بۆ بەدستهێنانی گشتگیریی دارایی لە ڕێگەی بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆران.
سەکۆیەک بۆ گەیاندنی دەنگی هاووڵاتییان و سکاڵا و سەرنجەکانیان بە دام و دەزگاکانی حکوومەت بە ئامانجی بەدواداچوون بۆ کێشەکان، خزمەتگوزارییەکی دیکەیە کە داندراوە و بە سیستمی سکاڵای هاووڵاتیان ناسراوە. سیستمێکی تر بریتییە لە دەروازەی حەج کە بۆ پێشکەشکردنی داواکاریی حەجخوازان و بەڕێوەبردنی پڕۆسەی وردبینی و تیروپشک بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج جێبەجێ کراوە.
ئێستا دامەزراوە بازرگانییەکان بە دیجیتاڵی تۆمار دەکرێن و کۆمپانیاکان، ناوی بازرگانی، پیشەکانیان و گشت مامەڵە پێوەندیدارەکانیان هەر بە سیستمی دیجیتاڵی جێبەجێ دەکرێن. پۆرتاڵی سەردان یان ڤیزای ئەلیکترۆنی خزمەتگوزارییەکی دیکەیە بۆ داواکردنی ڤیزا بۆ هەرێمی کوردستان.
جگە لەمە کۆنترۆڵکردنی سەرجەم خاڵە سنوورییەکانی کوردستان بۆ شێوەی دیجیتاڵی گۆڕدراون لەوانەش بەرێوەبردنی هاتنەژوورەوە و چوونەدەرەوە لە هەرێمی کوردستان، تۆماری نیشتمانیی ڕاگیراوان، بەڕێوەبردنی زنیاریی دەستەبەر و بەڕێوەبردن و پێدانی ڤیزا.
سیستمی یەکە کارگێڕییەکان، سیستمی بەڕێوەبردنی یەکە ژمێریارییەکان، سیستمی بەڕێوەبردنی دارایی کوردستان بەتایبەت خەرجییەکانی دامودەزگاکان لە پێناو شەفافیەت، سیستمی نوێکردنەوە و زانیاری، پۆرتاڵی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سیستمی زانیاریی دانیشتووان، دۆمەینی KRD و پۆرتاڵی کار کە تایبەتە بۆ خاوەنکاران و خستنەڕووی هەلی کار و خزمەتگوزارییەکە بۆ ئەوەی هاووڵاتییان بتوانن هەلی کاریان دەست بکەوێت.
جیهان لە هەموو روویەکەوە بەرەو ئەلیکترۆنی و دیجیتاڵی دەڕوات و ئەو وڵاتانە کە خێراتر خۆیان لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی جیهان دەگونجێنن خێرایی گەشەی ئابووری و بووژانەوەیان لەهەموو بوارێکدا خێراتر دەبێت. ئەوەی لە کوردستان کراوە عێراق و زۆر وڵاتی دیکەی ناوچەکە خەونی پێوە دەبینن.

