رۆژنامەی ھەولێر

مه‌حموود محەمەد له‌سه‌ر شایستە داراییەکانی فەرمانبەران په‌یامی پارتی ده‌خاته‌ڕوو

مه‌حموود محەمەد ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرپرسی لیژنەی باڵای سەرپەرشتی هەڵبژاردنی پارتی بۆ خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئه‌مرۆ یه‌كشه‌ممه‌، لە مەڕاسیمی دەستپێكردنی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتی لە هەولێر رایگەیاند، پارتی سوورە لەسەر ئەوەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دابین بکرێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە 12ی تشرینی یه‌كه‌می 2025، بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی و هەردووک جێگرانی نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان و ناساندنی کاندیدەکان له‌ مه‌راسیمێكی شكۆداردا بەرێوەچوو.

له‌ ده‌ستپێكی بانگه‌شه‌دا، مەحموود محەمەد ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرپرسی لیژنەی باڵای سەرپەرشتی هەڵبژاردنی پارتی بۆ خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتارێکی پێشکەش کرد دەربارەی کار و به‌رنامه‌ و ئەجێندای پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنەکانی عێراق.

له‌ گوتاره‌كه‌یدا مه‌حموود محەمەد رایگەیاند: پارتی لە ساتی دامەزرادنیدا تا ئەمڕۆ تێدەکۆشێت و هەمیشە لە ریزی پێشەوەی خەبات بووە بێ دوودڵی.

راشیگه‌یاند: پارتی هەموو کاتێک جەخت لە جێبەجێکردنی دەستوری عێراق دەکاتەوە بێ جیاوازی لە نێوان کورد و عەرەب و تورکمان و هەموو پێکهاتە و ئاینە جیاوازەکان و خەبات بۆ مافە دەستورییەکان دەکات بۆ هەموو لایەک بێ جیاوازی.

مەحموود محەمەد ئه‌وه‌شی گوت: پارتی دیموکراتی کوردستان سوورە لەسەر ئەوەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و مووچەی فەرمانبەران له‌ كاتی خۆیدا دابین بکرێت و لەو ململانێ و کارتێکەرە سیاسیانە دوور بخرێتەوە.

مەحموود محەمەد ئاشكراشی كرد: پارتی هەموو کاتێک جەختی لەسەر جێبەجێ کردنی ماددەی 140ـی ده‌ستوور كردووه‌ته‌وه‌، بە پێی ئەو میکانزمەی خوودی دەستوور دەست نیشانی کردووه‌.

له‌ دوماهی قسه‌كانیدا زیاتر گوتی، پارتی له‌ ئیستا و داهاتوودا کار لەسەر هەمەچەشنكردنی ئابووری دەکاتەوە.