رۆژنامەی ھەولێر

وەزارەتی خوێندنی باڵا: کارکردن لەسەر ئەنجامەکانی زانکۆلاین بەردەوامە

گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕایگەیاند، کارکردن لەسەر ئەنجامی وەرگرتنی دەرچووانی پۆلی 12 لە زانکۆ و پەیمانگەکان بەردەوامە و تاوەکو ئێستا هیچ کاتێک بۆ ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان دیاری نەکراوە. هاوکات هۆشداری دەداتە دەرچووان کە پشت بە هەواڵی نافەرمی نەبەستن.

عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: “تا ئێستا کارکردن لەسەر ئەنجامەکانی دەرچووانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی بۆ وەرگرتنیان لە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە و کاتی ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان دیاری نەکراوە”.

گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا گوتیشی: “لەکاتی تەواوبوونی پڕۆسەکەدا، هەموو لایەک لە وادەی ڕاگەیاندنی ئەنجامی زانکۆلاین ئاگادار دەکەینەوە. بۆیە هەر هەواڵێک بە ناوی سەرچاوەیەک لە وەزارەتی خوێندنی باڵاوە لەبارەی ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانەوە بڵاودەکرێتەوە، دوورە لە ڕاستییەوە”.

لە کۆتاییدا، عەباس ئەکرەم داوای لە دەرچووانی پۆلی 12 کرد، بۆ وەرگرتنی زانیاریی دروست، تەنیا چاویان لەسەر ماڵپەڕ و پەیجی فەرمیی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بێت.