ئەمرۆ پێنجشەممە 2025.10.9، لەژێرچاودێری ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بەئامادەبوونی د.دلۆڤان محەمەد، بەڕیوەبەری گشتیی تەندروستی و یوسف چاوشین، بەڕیوەبەری گشتیی گەشەپێدان و چاودێری كۆمەڵایەتی و سەردار ئیسماعیل، بەڕیوەبەری گشتیی وەرزش و ژمارەیەكی تر لە بەرپرسانی ئیداری و حكومی، بەبۆنەی 46 ساڵەی دامەزراندنی خانەی بەساڵاچووانی هەولێر، لە ڕێورەسمێكدا، بنکەیەکی تەندروستی و هۆڵێکی وەرزشی كرایەوە و رێزلێنان پێشكەش بە چەند کەسایەتیەکی شاری كرا، کە هاوکار و هەماهەنگی خانەكە بوونە.
لە رێورەسمی كردنەوەی بنکەی تەندروستی و هۆڵی وەرزشی خانەكە، پارێزگاری هەولێر لەوتارێكدا، وێڕای پیرۆزبایی بەبۆنەی 46 ساڵەی دامەزراندنی سەنتەری بەساڵاچووانی هەولێر، دەست خۆشی لە بەڕێوەبەر و سەرپەرشتیار و چاودێرانی خانەکە كرد، لە جێبەجێکردن و ئەنجامدانی ئەرک و کارەکانییان و خزمەتكردنی بەساڵاچووان، هەروەها ڕۆڵی خێرخوازان و خوا پێداوانی لەهاوكاریكردن و یارمەتیدانی خانەكە بەرز نرخاند، بەتایبەتی دەزگای خێرخوازی بارزانی، لقی هەولێری مانگی سووری عێراق، قەیرانەكانی پارێزگا و جەختی لەوەکردەوە وەکو پارێزگای هەولێر، گرنگیەکى تایبەت بە خانەی بەساڵاچووان دەدرێت و لە نزیکەوە چاودێریان دەکرێت، گوتشی، ئەو بەسڵاچوانەی لەو سەنتەرەدان کەس و کاری ئێمەن، ئەرکی ئێمە و هەموو دامەزراوەکانی حکومەتە خزمەتیان بکەین و لە نزیکەوە ئاگاداری ژیان و ڕەوشی تەندروستیان بین و پێداویستییەکانیان بۆ دابین بكەین.
وتیشی، “ئەگەر سەرنج بدەین کۆمەڵگەی کوردستان، ئێستە جێگەی دڵخۆشییە، بەتایبەت پارێزگای هەولێر کە زیاتر لە دوو ملیۆن هاووڵاتیی هەیە. ژمارەیەکی زۆریش لە ئاوارە و پەنابەر تێیدا دەژی، لەگەڵ خەڵکێکی زۆری شارەکانی دیکە کە لێرە دەژین، بەڵام میوانانی ئەم خانەی بەساڵاچووانە ژمارەیان 65 بۆ 75 کەسە، ئەوەش ئەوە دەردەخات كە تا ئێستە کۆمەڵگەی کوردستانی، لە ڕووی کۆمەڵایەتی ئەو داب و نەریەتە ئەو فەرهەنگەی کە هەیە، پاریزگاری لێ کراوە”.
دواتر پارێزگاری هەولێر، ڕێزلێنانی پێشكەش بە ژمارەیەك كەسایەتی شاری هەولێر كرد، كە هاوكار و هەماهەنگ و یارمەتیدەری خانەكە بوونە و كارە مرۆیی و هەوڵەكانیانی بەرز نرخاند و هیوای سەركەوتن و بەردەوامی بۆ خواستن، ئومێدیشی خواست نموونەیان زۆربێت. پاشان هەردوو بەشی تەندروستی و وەرزشی لە خانەكە كردەوە.

