رۆژنامەی ھەولێر

مامۆستایان و پارێزەران دەنگ بە لیستی (٢٧٥)ـەکەی پارتی دەدەن

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

 

مامۆستایان و فەرمانبەران و پارێزەران و چین و توێژەكانی شاری هەولێر پێیان وایە كە ئەمجارە پارتی بەروارد بە هەڵبژاردنەكانی پێشووتر دەنگەكانی زۆر زیاتر دەكات و سەركەوتنی گەورە تۆمار دەكات، بەشێك لە چین و توێژەكان لە میانی قسەكانیان بۆ هەولێر دەڵێن دەنگ بە لیستی 275ـی پارتی دەدەین، چونكە پارتی فریادڕەسی كوردستانە لە هەموو ئان و زەمانێكدا.

(مامۆستا رەوەند ئەنوەر) مامۆستایە لە یەكێك لە قوتابخانەكانی شاری هەولێر، ئەو دەڵێت: ڕۆژی 11 ی مانگی نۆڤەمبەر ئەگەر خودا دەرفەت بدات كوردستانیان وەڵامی دوژمنانی ڕێگا و كاروانی ئاوەدانی و بەرقەراكردنی ئارامی كوردستان بە دەنگ دان بەژمارە 275 ی پارتیمان دەدەنەوە و ئەگەر پارتی هێزی یەكەم نەبێت ئەزموونی هەرێمی كوردستان دەكەوێتە مەترسیەوە و دەكەوێتە بەردەم هەڕەشەی لەناوچوون و دواتر مافەكانی خەڵكی كوردستان دەگەڕێنەوە بۆ خاڵی سفر، ئەمەش مەترسیەكی گەورەیە، بە داخەوە هەندێك لە هاوڵاتییەكان درك بەو مەترسییە ناكەن.
(سەدیق مستەفا) كارمەندێكی كەرتی حكوومیە دەڵێت: قسەیەكی حاشاهەڵنەگرە،‌ كە تاكە حزب لە هەرێمی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستانە و ئەو حیزبە ڕێگەی نەداوە هەرگیز كوردستان داگیر بكرێت و تەنیا و تەنیا پارتی و سەرۆك بارزانی بوون، كە گەلی كوردستانیان لە نەهامەتییەكان و دژوارییەكان و كاتە سەختەكان ڕزگار كردووە. ئەگەر پارتی یەكەم دەنگێكی زۆری نەبێ، هەموو ئەو مافانەی‌ لە مێژوودا تا ئێستا بەدەست هاتوون، یەك دوای یەك لەناو دەچن و دەفەوتێن. بۆیە دەنگی ئێمە بۆ لیستی 275 پارتییە و دڵنیایشین كە سەركەوتنی گەورە بە رێگاوەیە و فراكسیۆنی پارتی لە بەغدا پێگەیەكی گرنگە بۆ گەلی كورد، چونكە لە ڕێگەیەوە دەتوانرێت لە ناوەندەكانی بڕیاری عێراقدا بەرگری لە مافە دەستووری و داراییەكانی هەرێمی كوردستان بكرێت و، پێگەی كورد وەك ئەكتەرێكی سەرەكی لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراقدا بچەسپێنرێت.
(توانا توفیق) كە كاری پارێزەری دەكات و دەڵێـت: ئەمجارە دەنگەكانی پارتی سوپرایز دەبێت بۆ هەموو لایەنەكان و دەنگی پارتی لە هەموو پارتەكان زیاتر دەبێت و ئەو ئاماژەی بەوە دا كە بۆیە دەبێت خەڵك دەنگ بە لیستی پارتی بدەن، چونكە پارتیمان واتە ئارامی و ئاوەدانی و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی و بەختەوەری. فراكسیۆنی پارتی، بریتییە لە كاركردن بۆ دابینكردنی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی ساڵانەی عێراق. ئەمەش كاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر مووچەی فەرمانبەران و خەرجییەكانی حكومەتی هەرێم هەیە، ساڵانێكە پارتی پارێزەری ئەو مافەیە و، جاشەكان هەوڵی ئەوە دەدەن كێشە بنێنەوە بۆ بودجە و مووچەی خەڵكی كوردستان، بەڵام دواجار پارتی لە رێگەی دیپلۆماتیکەوە بە هەناردەكردنی نەوتی كوردستان ئەو كێشەیەی بە شێوەیەكی كاتی بنبڕ كردووە و هەوڵ دەدات لە ڕێگەی یاسای نەوت و غاز بە تەواوی كۆتایی بەو پرسە بهێنێت.