رۆژنامەی ھەولێر

بووژانەوەی کەرتی کشتوکاڵ لە پلانی حکوومەتی کوردستاندا

محەمەد لادێ – هه‌ولێر

دیارە کەرتی کشتوکاڵ، کۆڵەکەیەکی هەرە گرنگی ئابووریی وڵاتە؛ سەرچاوەیەکی گەورەی داهاتە و هۆکارێکە بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆراک.

گومانی تێدا نییە، کوردستان زۆر لەبارە بۆ کشتوکاڵ و ئاژەڵداری. سەرمایەکی گەورەی مرۆیی و خاکێکی بەپیتی هەیە بۆ جووتیاری و باخداری بەڵام بەداخەوە کە ساڵانێک لەمەوبەر کوردستان بەرەو ئەوە دەڕۆیشت لە بابەتی بەرووبوومە کشتوکاڵییەکاندا بووبووە وڵاتێکی بەکاربەر و بەرهەمێکی ئەوتۆی ناوخۆمان نەبوو.
بەڵام لە سەردەمی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا کشتوکاڵ بووە یەکێک لە کەرتە زیندووەکان و بووژانەوەیەکی تەواوی بەخۆیەوە بینیوە بەشێوەیەک جگە لە پڕکردنەوەی پێویستی ناوخۆ، حکومەت هەوڵی داوە لە دەرەوەی وڵاتیشدا بازاڕی بۆ بدۆزێتەوە و، چەندین بەرهەمی کشتوکاڵی هەناردەی دەرەوەی وڵات کردووە و بەم هۆیەشەوە ناوی کوردستان لە زۆربەی وڵاتانی دەرەوەدا، بۆ بەرهەمی کشتوکاڵی دەنگی داوەتەوە و بووەتە ناوێکی ناسراو. بۆیە ئێستا جووتیاران بە گەشبینییەوە دەڕواننە بەرهەمەکانی خۆیاندا و لە هەوڵی زیادکردن و باشترکردنی بەرهەمەکانیانن چونکە دەزانن دەرفەتی بەبازاڕکردنیان مسۆگەرە.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان درکی بە گرنگی و بایەخی ئەم کەرتە کردووە هەربۆیەش یەکێک لەو کارانەی کە بایەخێکی زۆری پێ داوە لە چوارچێوەی کابینەکەیدا، گرنگیدان بووە بە کەرتی کشتوکاڵی و، سەرچاوەکانی ئاو کە ئەو دووانە تەواوکەری یەکن. هەر بۆیەش هەر ڕۆژە و سەردانی ناوچەیەک دەکرێت و بەردی بناغەی پڕۆژەیەکی کشتوکاڵی دادەنرێت.
بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان، لە چەند ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ٢هەزار و ١٧٥ پڕۆژەی کشتوکاڵی لە شار و شارۆچکە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن کابینەی نۆیەمەوە جێبەجێ کراون. لەو چوارچێوەیەدا، نزیکەی ٢٥هەزار بیری ئاو هەڵکەندراون.
کۆی گشتیی بەرهەمی کشتوکاڵی ١٢هەزار و ٨١٤ تۆن بووە. لەمەدا، پەتاتە بە ٧.٢٥٣ تۆن زۆرترین بڕی هەبووە، پاشان هەنار بە ٢.٢٢٨ تۆن و بەروبوومی دیکە بە ٢.٢٥٩ تۆن. هەروەها مازوو ٧٨٤ تۆن، سێو ١٢٠.٤ تۆن، دۆمبەڵان ١١٩ تۆن و برنجی کوردی و برنجی عەنبەر ٥٠.٩ تۆن بووە.
زۆرن ئەو کارانەی کە لە چوارچێوەی کابینەی نۆیەمدا بۆ کەرتی کشتوکاڵ ئەنجامدراون بەڵام دیارترینیان بریتین لە:-
– دروستکردنی پۆند و بەنداو:
حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەندین پۆند و بەنداوی لە سەرانسەری هەرێمی کوردستاندا دروست کردووە؛ لەوانە: بەنداوی گۆمەسپان و بەنداوی بەستۆڕە و بەنداوی چەمرگە و بەنداوی
محەمەد لادێ – هه‌ولێر

خنس کە سەرچاوەیەکی مسۆگەری ئاوە بۆ زەوییە کشتوکاڵییەکان و، سامانی ئاژەڵیش تێیدا پەرە دەسێنێت، بۆ کەرتی کەشتوگوزاریش سوودی هەیە.
– دروستکردنی سایلۆ و کۆگاکردنی گەنم
لە باسی دۆزینەوەی بازاڕ بۆ گەنمی کوردستان، پێویستە ئەوە بوترێت کە پێشتر لە هەولێر تەنیا یەک سایلۆ هەبوو، کە نەدەتوانرا ڕێژەیەکی زۆر لە گەنمی جووتیاران وەربگرێت، بەڵام بە کردنەوەی سایلۆی قوشتەپە لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە کە توانای کۆگاکردنی ٤٠هەزار تۆن گەنمی هەیە، بەشێکی زۆری کێشەی جووتیاران لەو ڕووەوە چارەسەر بوو.
بۆیە پێویستە بوترێت کابینەی نۆیەم گرنگییەکی تایبەتی بە دروستکردنی سایلۆکان لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان داوە؛ لەوانە: سایلۆی قوشتەپە، سایلۆی کەلار و دانانی بەردی بناغەی سایلۆی هەڵەبجە کە ئەمانە بنەمایەکی گرنگی ئاسایشی کشتوکاڵی و ئابوورین.
– بەبازاڕکردنی بەرهەمەکانی جووتیاران
یەکێک لە گەورەترین هەنگاوەکانی کابینەی نۆیەم بۆ پاڵپشتی جووتیاران، ساخکردنەوەی بەرهەمی جووتیارانە لە بازاڕە جیهانییەکاندا.
چەندین بەرهەمی کشتوکاڵی جووتیارانی هەرێمی کوردستان ئاستی بەرهەمهێنانیان گەیشتووەتە ئاستی خۆبژێوی لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان و لە پێویستی ناوخۆ زیادە؛ لەوانەش: پەتاتە، گەنمەشامی، ئاروو (خەیار) و چەندین بەرهەمی دیکەی سەوزە و میوە.
زۆرێک لە بەرهەمەکانیش لە وڵاتانی کەنداو و ئەوروپا خواستی زۆری لەسەرە و سەرنجی وڵاتانی جیهانی بۆخۆی ڕاکێشاوە لەوانەش هەنار، هەنگوین، سێو و پەتاتە و چەندین بەرهەمی دیکە هەر بۆیە ساڵانە بە فەرمی چەن هەزار تۆنێک هەنار هەناردەی بازاڕەکانی ئیمارات و وڵاتانی دیکەی کەنداو دەکرێت و بۆ ئەمساڵ و ساڵانی داهاتووش جگە لە هەنار هەریەکە لە بەرهەمەکانی ترێ، هەنگوین، سێو بۆ بازاڕەکانی ئیمارات، سعوودیە، بەحرەین، بەریتانیا و وڵاتانی ئەورووپا هەناردە دەکرێت. ئەمە جگە لە هەناردەکردنی چەندین بەرهەمی دیکەی وەک برنجی کوردی و دۆشاوی تەماتە و چەندین بەرهەمی دیکە.
– کردنەوەی پێشانگا و فیستیڤاڵی وەرزی بۆ بەرهەمە کشتوکاڵییەکان
حکومەتی هەرێمی کوردستان ساڵانە بۆ نمایشکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و ساخکردنەوەیان و دۆزینەوەی بازاڕ بۆیان چەندین فیستیڤاڵی وەرزی ڕێک دەخات لە سەرجەم شار و شارۆچکە جیاوازەکانی هەرێمدا کە ئەمەش هاوکارییەکی زۆر باشە بۆ جووتیاران لەپێناو ناساندن و ساخکردەوەی بەرهەمەکانیان.
-دابەشکردنی بنەتۆم (بنەتۆو) بەسەر جووتیاراندا
لەپێناو زیاتر گرنگیدان بە كەرتی كشتوكاڵ و زیادكردنی بەرهەم و پاڵپشتی جووتیاران بۆ هاندانیان بۆ چاندنی دانەوێڵە، چەند ساڵێکە پێش وەرزی چاندنی دانەوێڵە وەزارەتی کشتوکاڵ بە نرخی پاڵپشتیکراو بنەتۆمی گەنمی پلەیەک بەسەر جووتیاراندا دابەش دەکات کە ئەمەش سودێکی زۆر بە جووتیاران دەگەیەنێت و پاڵپشتییەکی باشی ماددییە بۆیان.
ئێستا کشتوکاڵ بەشێکە لە هێزی ئابووریی کوردستان و بەشێکی سەرەکییە لە پلانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ فرەچەشنکردنی داهات.