محەمەد لادێ
کارەبا یەکێکە لە پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان و بێ کارەبا، زۆربەی کار و چالاکییەکانی ڕۆژانەمان پەکی دەکەوێت. دیارە کارەبای هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی باش نەبووە و نەتوانراوە وەکو پێویست کارەبا بۆ هاووڵاتیان دابین بکرێت. کارەبای بەردەوام، خەونی لەمێژینەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بووە هەربۆیە، ساڵی پار سەرۆکی حکومەت وەک ئەرکی سەرشانی خۆی بە پێویستی زانی گرنگییەکی تەواو بەم کەرتە بدات لە پێناو گۆرانکارییەکی یەکجاری لە کارەبای هەرێمدا، بۆیە بڕیاری دا کارەبای تەواوی کوردستان لە ماوەی چەند ساڵێکدا بکاتە ٢٤ کاتژمێریی و بۆ ئەم مەبەستەش سەرەتا وەک ئەزموونێک کارەبای ٢٤ کاتژمێری بۆ چەند گەرەکێکی شاری هەولێر دابین کرد و پاشان دوای سەرکەوتنی پڕۆژەکە لە ماوەی چەند مانگێکدا بەشی هەرە زۆری شاری هەولێر بووە کارەبای بەردەوام و بڕیای دا لەماوەی دوو ساڵدا بۆ تەواوی کوردستان دابین بکرێت.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ڕایگەیاند: “ملیاران دۆلارمان بۆ ژێرخانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان خەرجکردووە، هاوکات پلانی کارەبای ٢٤کاتژمێری بۆ سەجەم شارەکانی تری کوردستان لە ئارادایە و هەر وەک شاری هەولێر لە کۆتایی ساڵی دابێ کارەبای ٢٤کاتژمێری تەواوی کوردستان دەگرێتەوە.”
پڕۆژەکە سەرەتا لە گەڕەکی شادی شاری هەولێر دەستیپێکرد و دوای ئەوەی لەلایەن هاوڵاتییانەوە پێشوازییەکی باشی لێکرا، لە چەند گەڕەکێکی تری شاری هەولێر جێبەجێکرا و دواتر زۆرینەی گەڕەکەکانی شاری هەولێری گرتەوە و ئێستاکەش پرۆسەکە بە شێوەیەکی خێرا بەردەوامی هەیە.
لە دەستپێکی پڕۆژەکەدا بەهۆی ئەوەی پرۆژەکە لە قۆناغێکی ئەزموونیدا بوو، هەماهەنگیی پێویست لەگەڵ مۆلیدەکانی گەڕەک کرابوو، بە مەبەستی ڕێگری لە ئەگەری پچڕانی کارەبا لە ناوچەکەدا.
ئێستاکەش مانگانە زۆرینەی دانیشتووان و شوێنە بازرگانییەکانی شار، تەنها یەک پسوولەی کارەبایان بۆ دێتەوە، کە بەشێوەیەکی بەردەوام لە ڕێگەی کورتە نامەوە ئاگهدار دەکرێنەوە، لەبارەی ڕێژەی بەکارهێنانیان، ئەمەش ئاسانکارییەکە بۆ ئەوەی ئاستی بەکارهێنانی کارەبای ڕۆژانەیان بزانن.
کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی پرۆژەی ڕووناکی، هەنگاوی گرنگی نا بۆ دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری. بەپێی زانیارییەکانی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستانن، ئێستاکە بەپێی پلانی کابینەکە زیاتر لە ٣٠٪ـی دانیشتووان، کارەبای ٢٤ کاتژمێرییان هەیە و ٥٠٠هەزار هاوبەشی نوێ زیاد بووە.
بەهۆی پرۆژە ستراتیژییەکانییەوە ١٨٤٠ مێگاوات کارەبا زیاد کراوە و ژێرخانی کارەبا گەیەندراوەتە نزیکەی ٨٢٠٠ مێگاوات.
بۆ دابەشکردنی کارەبا ٣٥٠٣ پرۆژە جێبەجێ کراون و بەهۆی پرۆژەی ڕووناکییەوە توانراوە ٢١٠٠ مۆلیدە بکوژێنرێنەوە.
تاکوو کۆتایی ٢٠٢٦یش هەرێمی کوردستان بە تەواوی دەبێتە خاوەنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری و خواستی هاووڵاتییان بۆ ئەم پێداویستیە بەدی دەهێنرێت.
زیاد بوونی بەرهەمهێنانی کارەباش لەم کابینەیەدا دەگەرێتەوە بۆ دروستکردنی چەند وێستگەیەکی کارەبا لە کابینەی نۆیەمدا کە بریتین لە:
-وێستگەی هەڵمینەی خەبات ٣٠٠ مێگاوات
-وێستگەی دێرەلووک ١٦٥ مێگاوات
-وێستگەی گەرمیان ٣٨ مێگاوات
-وێستگەی بازیان ٧٥٠ مێگاواتە و لەو بڕەش ٢٥٠ مێگاواتی لە وزەی خاوێن بەرهەم دەهێنرێت.
-بەگەڕخستنەوەی سێ وێستگەی کارەبای هەولێر، سلێمانی، دهۆک: بە بەرهەمهێنانی٨٧ مێگاوات کارەبا.
جگە لەمانەش لە كابینەی نۆیەمدا بەرهەمێنانی كارەبا بە وزەی خۆر کەوتووەتە بواری جێبەجێكردنەوه، لە ئێستادا ٢٠ مێگاوات كارەبا لە ڕێگەی كەرتی گشتی و تایبەتەوه بە وزەی خۆر لە هەرێمی كوردستان بەرهەم دەهێنرێت، لە پلاندایە ٧٥ مێگاوات كارەبا بە وزەی خۆر، لە سێ پڕۆژەی دیكە بەرهەمبهێنرێت.
هاوکات لەم کابینەیەدا ٤٣٦هەزار و ٩٨١ هاوبەشی نوێی کارەبا زیادبووە و تیکڕای ژمارەی هاوبەشانی کارەبا گەیشتووەتە ملیۆنێک و ٨٨٥هەزار و ٢٧٠ هاوبەش.

