كارزان گلی – ههولێر
لە دنیادا ئەو پارتانە لە هەڵبژاردن دەیبەنەوە و دەچنە ناو دڵی دەنگدەرەوە، كە خزمەت دەكەن و وڵات ئاوەدان دەكەنەوە، ئەو سەركردەیە دەیباتەوە كە هەمیشە خۆی پێ خزمەتكاری گەلە نەك ئەفەندی. دەنگدەر، لەسەر سندوقی دەنگدان دەنگ بەو لایەنە دەدات، كە پرۆژەی گەورە جێبەجێ دەکات و، بە کردەوە خۆی دەسەلمێنێت نەک هەر قسە.
ئەگەر ئاوڕێك لە مێژووی وڵاتان بدەینەوە، دەبینین هەموو ئەو پارتانەی دێنە دەسەڵات، ئەوكات لە لوتكەی دەسەڵات دەمێننەوە كە پڕۆژەی خزمەتگوزاری ئەنجام دەدات، واتە ئەوەی دەیڵێن دەیكەن بە كردار.
لەكاتی پروپاگندەی هەڵبژاردن، هەر سەرۆكی پارتێك، یان سەركردەیەك بەڵێنیدا و توانی بەڵێنەكەی بباتە سەر، گەل لەسەر سندوقی دەنگدان پاداشتی دەداتەوە، واتە دانانی بەردی بناغەی هەر پرۆژەیەك لەكاتی بانگەشەدا، ئەگەر نەبێتە كردار، باجەكەی لەلایەن دەنگدەرەوە لەكاتی هەڵبژاردن بۆ ئەو پارتە یان سەركردەیە قورس دەبێت.
مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەوەتەی سەرۆكوەزیرانە بەڵێنێكی نەداوە جێبەجێی نەکردبێت، بەردی بناغەی هیچ پرۆژەیەكی دانەناوە پرۆژەكە وەهمی بووبێت، ئەمەیە وای كردووە لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا بەربژێرەكان دەنگیان بەرز بێت و روویان هەبێت بە دەنگدەر بڵێین دەنگمان پێ بدەن.
لە هەڵبژاردنەکەی پێشووی پەرلەمانی كوردستاندا، سەرۆكی حكوومەت بەردی بناغەی ئەم پرۆژانەی دانا و چوونە بوای جێبەجێكردنەوە:
_ ئاوی یەکجارەکی بۆ هەولێر؛ جێبەجێ كرا و هەولێر لە بێئاوی رزگاری بوو.
_ رێگەی جوتسایدی نێوان هەولێر و كۆیە، (پرۆژەكە لەجێبەجێكردندایە و زیاتر لە ٣٥٪ـی كارەكان بەكۆتا هاتووە).
_ رێگەی باعەدرێ دهۆك، (پرۆژەكە ٦٥٪ـی تەواو بووە).
_ پاركی سەرهەڵدان، (پرۆژەكە تەواو كراوە).
_ رێگەی جوتسایدی گۆمەسپان سماقوڵی، (پرۆژەكە تەواو بووە كە ٢٦ كیلۆمەتری دووسایدە).
_ كارەبای ٢٤ سەعاتی، یەكێكە لە پرۆژە هەرە گەورە ستراتیژەكانی ئەم كابینەیە، كوردستانی لە تاریكییەوە گۆڕی بۆ رووناكی.
_ نەخۆشخانەی شێرپەنجە لە هەولێر، (پرۆژەكە لەجێبەجێكردندایە).
ئەمە جگە لەوەی بەر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن، دەیان پرۆژەی ستراتیژیکی لە شار و شارۆچكەكانی كوردستاندا جێبەجێ کردووە؛ وەكوو دروستكردنی بەنداو و سایلۆ و رێگاوبان و كارگەی گەورە و ژێرخانی گەشتیاریی بەرزە پرد.
سەركەوتنی ئەم كابینەیە لە راستگۆیی سەرۆك حكوومەت و تیمەكەی بووە لەگەڵ خەڵك، بەوەی هیچ كاتێك بەڵێنی درۆ و پرۆژەی وەهمی لە گۆڕێ نەبووە، ئەمەش وای كردووە خەڵك متمانەی پێی هەبێت و كار بۆ سەرخستنی بكەن.
راز، یەكێك لەو ئافرەتانەی پێشتر بێلایەن بووە و نەچووەتە سەر سندوقی دەنگدان، بەڵام وەكوو ئەوەی خۆی باسی دەكات، دەنگ بە پڕۆژە و راستگۆیی سەرۆكی حكوومەت دەدات و دەڵێت خوا هەڵناگرێت چاومان ئەو پرۆژە گەورانە نەبینێت.
زیاتر دەڵێت: ”كارەبای ٢٤سەعاتە، وەكوو خەونێك بوو بۆ ئێمە، ئەم كابینەیە كردی بە راست و لە ڕووی دەروونییەوە، كاریگەرییەکی زۆری لەسەرمان هەبووە. دەنگ بە پارتی دەدەم، چونكە بەو پرۆژە گەورە و ستراتیژیکانە سەلماندوویەتی، هەر ئەو شایانی ئەوەیە وڵات بەڕێوە ببات.”
دروستبوونی هەستی نیشتمان لای گەنجان و خەڵك، وەكوو ئەوەی مەلا رەحیم باسی دەكات، دروستكردنی پرۆژەی ستراتیژییە.
مەلا رەحیم، پێشمەرگەی خانەنشینە، بەڵام قسەزانە و دنیادیتە؛ دەڵێت: ”كە رێگاوبانت باش بوو، كارەبای ٢٤ سەعاتە و ئاوی پاكت بۆ دابین كرا، هەروەها ژێرخانت لە هەموو روویەكەوە بۆ دروست بكرێت و وڵات ئاوەدان بكرێتەوە، ئەمە هەستی نیشتمانیت زیاد دەكات، ئەم كابینەیە هەستی نیشتمانیی لای گەنجان بەرز كردووەتەوە.”

