رۆژنامەی ھەولێر

زاخۆ (لە دووتەڵەمیرانەوە بۆ پەپوولە)

كارزان گلی – هه‌ولێر

ناونیشانی ئەم وتارە رەنگە بە لاتانەوە سەیر بێت و سەرەتا ئاڵۆز بێت، بەڵام ئەگەر وتارەكە تا كۆتایی بخوێنیتەوە تۆش هەمان بۆچوونت دەبێت، كە ناونیشانی ئەم وتارە رێك لەگەڵ ناوەرۆكەكەیدا دەگونجێت.

بە گەشتێكی ٢ڕۆژی چوومە زاخۆی دەلال، ئەوەی بینیم بۆتانی باس دەكەم، ناكرێت بە زاخۆدا تێپەڕیت و نووسەر یان رۆژنامەنووس بیت، هیچی لەسەر نەنووسیت.
هەركە لە تونێلەکەی زاخۆوە دێتە دەرەوە، شارێك دەبینیت جیاوازە لە شارەكانی تری عێراق، سروشتەکەی مێشكت ئارام دەكاتەوە، جوانییەكەی هەر حەز دەكەیت لێی بڕوانیت، ئەو خزمەتگوزارییەی لەوێم دیت، مایەی دەستخۆشی و قسەلەسەركردنە، بەڵام بە شێوەیەكی جیاوازتر باسی دەكەم.
ساڵی ٢٠١٤ بە ڕێگەی وشكانیدا لە توركیاوە گەڕامەوە هەولێر، بە زاخۆدا تێپەڕیم و كەمێك لەسەر پردی دەلال مامەوە و هەر خەمم دەخوارد و رەخنەم دەگرت، دەمگوت چۆن دەبێت زاخۆ ئەو رووبارە جوانەی خابووری بە ناودا تێپەڕێت، كەچی بەو شێوەیە لە ڕووی خزمەتگوزارییەوە پشتگوێ خرابێت، لە هەموو لایەكەوە پشتگوێ خرابوو، تەنیا كاریان لەسەر تونێلی زاخۆ دەكرد.

بەڵام ئەمجارەیان زاخۆیەكی جیاوازم بینی، بە جۆرێك جوان و پر خزمەتگوزاری بوو، دەبوایە لەگەڵ ئەو شارانەی جیهاندا بەراوردی بكەیت كە لە زاخۆ دەچن و، لە ڕووی خزمەتگوزارییەوە پێشەنگن، ئاخر لە هەموو لایەكی زاخۆوە كار كراوە و شارەكە لە وێرانەوە بووە بەو شوێنەی ئەوەی بیبینێت سەرسامی دەبێت، ئەوەی بیبینێت ناچارە قسەی لەسەر بكات و دڵخۆش بێت لە هەرێمی كوردستان شوێنێك هەیە مایەی شانازی بێت بۆ هەموو كوردێك.
گووران یاخود میتامۆرفۆزیس (Metamorphosis)، رەوتێکە مێرووكان لە كاتی ژیانیاندا بەشێوەیەكی تەواو جیاواز دەگوورێن و دەگۆڕێن، قۆناغەكانی رەوتەكە بەو شێوازەیە:
سەرەتا هەسكە، هەڵكەوتنەوەی هێلكەیەك، واتە لە قۆناغی یەكەمدا مێرووەکە هەسكییەك دەدات و لەنێو هێلكەدا دەژیێت. پاشان قۆناغی کرمۆکانی (لارڤا) دەستپێدەكات، كە قۆناغی منداڵییە، دوای هەسك ئەوەی دەركەوت کرمۆکەیە (لارڤا)، كە بە شێوەیەكی زۆر جیاواز دەردەكەوێت؛ کرمۆکە لەم قۆناغەدا زۆر دەخوات و زوو گەشە دەكات.
پاشان دەگاتە قۆناغی پوپا (قۆناغی پوپاوە)، لەم قۆناغەدا لارڤاكە دەچێت بۆ دۆخی پوپا. لەناو پوپادا جەستەی نێوەكی دەگۆڕێت و ئاڵۆز دەبێت، تا ئامادە بێت بۆ شێوەی كۆتایی و دەبێت بە باڵدار كە شێوەی تەواوە.
لە كۆتاییدا مێرووەکە وەكوو پەپوولە یان مێروو بە شێوەی باڵدار دەردەكەوێت و لەوێوە دەتوانێت دەرفەت و ژیانێكی نوێ دەستپێبكات.
زاخۆ رێك وای لێ هاتووە؛ بوو بە پەپوولە و فڕی تا ژیانێكی تازە دەستپێبكات، ئەوەیشی زاخۆی گەیاندە قۆناغی پووپاوە، كابینەكەی رێزدار مەسروور بارزانی بوو.
ئەم كابینەیە هەر ئەوە نییە، شەقام و رێگاوبان و كۆڕنیش و زیادكردنی سەوزایی كرابێت، یان بەنداو و سایلۆ و ژێرخانی گەشتیاری كرابێت، ئەوەی گرنگە هەموو ئەو پرۆژانەی دروست دەكرێت بە كوالێتییەكی بەرزەوە دروست دەكرێت، بەرزی كوالێتی دڵی خەڵكی خۆش كردووە و پرۆژەكانی زەق كردووەتەوە و وای لە خەڵك كردووە باسی بكات.
ئەم كابینەیە بیرۆكەی كرد بە كردار، وێرانەی كرد بە شوێنی ژیان؛ تاریكانی رووناك كردەوە، رێگاكانی لە رێگەی مەرگەوە گۆڕی بۆ رێگەی ژیان، خەڵكیش چاوی هەیە و دەبینێت، بۆیە دەستی دەخاتە سەر دڵی و بە ویژدانەوە دەنگ دەدات. هەمیشە گوتوومە دەنگ نامووسە، دەبێت بدرێت بەو كەس و لایەنەی خزمەتی وڵات دەكات و بۆ دروستكردنی ژێرخان، شەو و رۆژ ناناسێت و ماندوو نابێت.
سەرۆكوەزیرانی زیرەك و لێهاتوو، وەكوو ئەوەی ژۆن كۆتەر دەڵێت: ”بۆ گۆڕانكاری رووناكییەك پێدەكات، نەك ببێتە رێگر لە بەردەمیدا.”