ئەمڕۆ سێشەممە 7ـی تشرینی یەکەم، حکوومەتی هەرێم بڕیاریدا شایستەی شەش مانگی مۆڵەتی کۆکراوەی سەرجەم ئەو خانەنشینانە خەرج بکات، لە سەرەتای ئەمساڵەوە بڕیاری خانەنشینبوونیان بۆ دەرچووە و تا ئێستا ئەو شایستەیەیان وەرنەگرتووە. ئەم بڕیارە بەپێی فەرمانی ئەنجومەنی وەزیران و لەسەر ڕاسپاردەی وەزیری دارایی و ئابوورییە.
ڕۆژی چوارشەممە، 8ـی تشرینی یەکەمی 2025، دەست بە دابەشکردنی شایستەکان دەکرێت بە شێوازێکی قۆناغ بە قۆناغ.
سەرەڕای داواکارییە فەرمییەکانی حکوومەتی هەرێم لە وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ بۆ خەرجکردنی ئەم شایستەیە بۆ خانەنشینانی هەرێم هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق، بەڵام تا ئێستا ڕەزامەندی لەسەر نەدراوە. لەبەر ئەم هۆکارە، حکوومەتی هەرێم بڕیاریدا ئەو شایستانە لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان خەرج بکرێت، ئەمەش وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ دڵنیابوون لە دابینکردنی ماف و شایستەکانی خانەنشینان.
ئەم بڕیارە ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ پابەندبوونی حکوومەتی هەرێم بە خزمەتکردنی هاوڵاتیانی و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ خانەنشینان، بەتایبەتی لە کاتێکدا کە هەوڵەکانیان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ بێ ئەنجام بووە

