ڕائیب جادر – هەولێر
لە چوارچێوەی ھەوڵەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ گەیاندنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ تەواوی ناوچەکانی کوردستان، چەندین پڕۆژەی نوێ لە سرێشمە دەکرێنەوە و ژمارەیەکی تریش لە قۆناغی جێبەجێ کردندان.
سۆران سرێشمەیی، سەرۆکی شارەوانی سرێشمە، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: دوو پڕۆژە ئامادەن بۆ کردنەوە لە سنوورەکەدا، ئەوانیش بریتین لە دروستکردنی قوتابخانەیەکی شەش پۆلی بە گوژمەی ٤٢٥ ملیۆن دینار، ھەروەھا بنکەیەکی تەندروستی بە گوژمەی ٣١٨ ملیۆن دینار.
سەرۆکی شارەوانی سرێشمە، ئاشکراشی کرد: ھەردوو پڕۆژەکە لەلایەن سندووقی پەرەپێدانی کۆمەڵایەتی لقی ھەولێر بە پاڵپشتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران جێبەجێ کراون و ئێستا ھەردووکیان تەواو بوونە، تەنیا ماوە بەفەرمی بکرێنەوە و ڕادەستی لایەنی پەیوەندیدار بکرێن.
سۆران سرێشمەیی، سەرۆکی شارەوانی سرێشمە، ڕوونیشیکردەوە، جگە لەمە لە چوارچێوەی بەردەوامیدان بە پێشکەشکردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری جیاواز بە ھاووڵاتییانی کوردستان، لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە شارەدێی سرێشمە، پارکێکی بچووک لەسەر ڕووبەری نزیک ھەزار مەتر چوارگۆشە، بە گوژمەی ٣٥ ملیۆن دینار لەسەر بودجەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی سۆران، بەشێوەی ڕاستەوخۆ دروست دەکرێت و ئێستا ٩٠%ی کارەکانی پارکەکە تەواو بووە.

