رۆژنامەی ھەولێر

لە شێخان پێکهاتە جیاوازەکان پشتیوانی خۆیان بۆ لیستی ٢٧٥ـی پارتی دووپات دەکەنەوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

پارتی دیموکراتی کوردستان دەستی بە بانگەشەی ھەڵبژاردن کرد، خەڵکی دەڤەری شێخان بە ھەموو پێکھاتەکانەوە پشتگیری لە لیستی ٢٧٥ـی ئەو حزبە دەکەن، کاندیدانی پارتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان سۆز و پەیمان بە جەماوەری ئەو ناوچانە دەدەن کە پارێزگاری لە دەنگی ئەوان بکەن و بۆ گەڕانەوەی ناوچە کوردستانییەکان ھەموو ھەوڵێکی خۆیان بخەنە گەڕ، داواشیان لە خەڵکی شێخان و ناوچەکە کرد ڕۆژی ھەڵبژاردن ڕوو لە سندووقەکانی دەنگدان بکەن و دەنگ بە پارتی و کاندیدەکانی بدەن، چونکە تاکە حزب کە پارێزگاری لە مافی پێکھاتەکان بکات پارتییە.

کوردستان وڵاتێکی فرەڕەنگە لەڕووی ئایین و ئایینزا و نەتەوە و پێکھاتەکانەوە، فەرھەنگی لێبوردەیی ئایینی و نەتەوەیی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە، لە سیما گەش و دێرینەکانی کۆمەڵگەی کوردستانە، لیستی ٢٧٥ـی پارتی لە ‌کارنامەی ھەڵبژاردندا گرنگیی تایبەتی بە پێکەوەژیانی ئایینی داوە.
ئێزدییەکانی شێخان بە ئەرکی خۆیان دەزانن ڕۆژی ١١ـی ١١ ڕوو لە سندووقەکانی دەنگدان بکەن و دەنگ بە لیستی ژمارە ٢٧٥ـی پارتی و کاندیدەکانی بدەن، چونکە وەکو خۆیان دەڵێن، تاکە حزب کە پارێزگاری لە مافی پێکھاتەکان بکات و ھەوڵ بۆ گەڕانەوەی ناوچە کوردستانییەکان بدات پارتی دیموکراتی کوردستانە.
لەسەر ئاستی پارێزگای نەینەوا و شێخان پارتی ٦٣ بەربژێری ھەیە، پارتی دەیەوێت لەو ھەڵبژاردنەدا بەھێزەوە ڕوو لە بەغدا بکات، بۆ ئەوەی بتوانێت مافەکانی خەڵکی کوردستان بەدەست بێنێت و ھەروەھا کێشەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان چارە بکات.
شەمۆ حەسەن، کەسایەتی ئێزدی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: لیستی ٢٧٥ـی پارتی لیستی ھەموو پێکھاتەکانی کوردستانە، ناسراوە بە لیستی ئاوەدانی و خزمەتگوزاری بۆ خۆشکردنی ژیانی خەڵک بێ جیاوازی، پارتی بە ھەموو شێوەیەک پشتگیری لە ناوچەکانی ئێمە دەکات، لەگەڵ ئەوەش بەردەوام دەستی ئاوەدانی بۆ ناوچەکانی ئێمە درێژ دەکات، بەڵێنمان داوە لەبەرامبەر ئەو چاکەی پارتی بۆ ئێمە، ڕۆژی ھەڵبژاردن ڕوو لە سندووقەکانی دەنگدان بکەین و دەنگ بە لیستی پارتی و کاندیدەکانی بدەین.
ھادی خەمۆ، کوردێکی ئێزدییە لە شێخان، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: ڕۆژی ١١ـی ١١ لیستی پارتی و کاندیدەکانی ھەڵدەبژێرم، چونکە وەکو دەبینین پارتی بۆ گەڕانەوەی ناوچەکانی ئێمە ڕیفراندۆمی کرد، ھەروەھا ھیچ کاتێک سازشی لەسەر بستێک خاکی کوردستان نەکردووە و بەردەوام پشتگیری لە ئێزدییەکان کردووە و بەردەوام بەدەم داواکاری ئێمەوە دێت، ھیوادارم ڕۆژێک بێت شێخان بگەڕێتەوە سەر ھەرێمی کوردستان و بە ئازادانە بژین.
کانون ھورمز، کەسێکی کریستیانە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ڕوونیکردەوە، پارتی دروشمی سازان، ھاوسەنگی و ھاوبەشی ھەڵگرتووە، ھەر پارتییە دەتوانێت ئاشتی و تەبایی لەناو پێکھاتەکان بھێڵێتەوە و کورد بەرەو سەربەخۆیی ببات، بۆیە وەکو کریستیانەکانی شێخان، ھەتا پێکھاتەکانی دیکە بڕیاریان داوە جگە لە پارتی دەنگ بە ھیچ حزب و لایەنی دیکە نەدەن، چونکە دەزانن تاکە حزب کە بەرگری لە مافی پێکھاتەکان دەکات پارتییە.
سەرگیز حەنا، کەسایەتی مەسیحی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد، نەک تەنیا مەسیحییەکانی شێخان، بەڵکو داوا لە ھەموو پێکھاتەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان دەکەم ڕۆژی دەنگدان ڕوو لە سندووقەکانی دەنگدان بکەن و دەنگ بە پارتی بدەن، چونکە ئەگەر بمانەوێت ژیانمان خۆش بێت و بگەڕێینەوە سەر ھەرێمی کوردستان دەبێت پارتی لە بەغدا بەھێز بێت، چونکە تاکە حزب کە بتوانێت بەرگری لە خاکی ئێزدییەکان و پێکھاتەکانی دیکە بکات پارتی دیموکراتی کوردستانە.