رۆژنامەی ھەولێر

هەرێمی کوردستان ڕێچکەیەکی جیاوازی گرتووەتەبەر و لە سەرجەم سێکتەرەکاندا گەشەسەندنی بەخۆیەوە بینیوە

سلێمان تاشان

عێراق لەو وڵاتانەیە کە خاوەنی داهات و سامانێکی زۆرە بەڵام نەیتوانیوە وەک پێویست سوود لە سامان و تواناکانی وەربگرێت. عێراق زیاتر وەک وڵاتێکی بەکاربەر دادەنرێت کە کۆڵەگە ئابوورییەکەی لەسەر نەوت ڕاوەستاوە و هەر لەبەر ئەمەشە کە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداری پێ داوە. هەرێمی کوردستان بە پێچەوانەی عێراق زیاتر لە دە ساڵە پەرەی بە سێکتەرەکانی تریش داوە.

بەرنامەی پەرەپێدانی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان کە بە UNDP ناسراوە بە عێراقی ڕاگەیاندووە پشتبەستن بە یەک بەرهەم لە ئابووریدا شتێکی مەترسیدارە و پێویستە بیر لە سێکتەرەکانی دیکەی ئابووری بکاتەوە ئەگەرنا لە داهاتوودا لە دابینکردنی مووچەی کارمەندانی تووشی کێشە دەبێت.
رێکخراوەکە پێی وایە لە گەشەپێداندا ناکرێت تەنیا پشت بە نەوت ببەستیت و هەر ئێستا پارەی هەشت ملیۆن کارمەندی عێراق لە ڕێی فرۆشتنی نەوتەوە دابین دەکرێت و ئەمەش ڕێ بەگەشەسەندن و ئابوورییەکی سەقامگیر نادات. داوا لە حکوومەتی عێراق کراوە ژێرخانی کشتوکاڵ، پیشەسازی و وزەی پاک بەهێز بکات و سوود لە تەکنەلۆجیای نوێ وەربگرێت و سەرجەم کەرتەکانی بەرهەمهێنان چالاک بکات.
جێی باسە عێراق بە دووەم گەورەترین هەناردەکاری نەوت لە ڕێکخراوی ئۆپێک هەژمار دەکرێت و زیاتر لە نەوەد لەسەدای داهاتی حکوومەت و نزیک بە تەواوی ئەودراوە بیانییەی بۆ بازاڕەکان و پێداویستییەکان دابینی دەکات سەرچاوەکەی لە فرۆشتنی نەوتەوەیە.

کوردستان
بە پێچەوانەی عێراق هەرێمی کوردستان لانی کەم دە ساڵ دەبێت ڕێچکەیەکی جیاوازی گرتووەتە بەر و درکی بەو ڕاستییە کردووە کە پشتبەستن بە یەک سەرچاوەی داهات دەتوانێت چ کاریگەرییەکی خراپی بۆ سەر ئابوورییەکەی هەبێت.
ئەگەر ساڵانی قەیرانی دارایی سەردەمی کۆرۆنا بیر بهێنینەوە دەبینین بەهۆی ئەوەی چالاکییە پیشەسازییەکان بەهۆی ئەو پەتایە لە ئاستی جیهاندا پەکیان کەوت هەرێمی کوردستان کە لە داهاتەکەیدا پشتی بە فرۆشتنی نەوت دەبەست لەپڕ داهاتی نەوتەکەی سفر بوویەوە و لە ئاستی جیهانیشدا نرخی هەر بەرمیلێک لە نەوت تەنانەت لە خوارووی سفر دۆلار دەفرۆشرا و بەرهەمهێنەرانی نەوت داوایان دەکرد کەسێک بێ بەرانبەر نەوتەکەیان لێ وەربگرێت بۆ ئەوەی کرێی کۆگاکردن لەسەریان لابچێت.
هەرێمی کوردستان هەرچەندە دەولەت نییە و دۆخەکەی جیاوازە لە عێراق و تەنانەت دوو ساڵ بوو ڕێی فرۆشتنی نەوتیشی لێ قەدەغە کرابوو بەڵام هەرێمی کوردستان لە سەرجەم سێکتەرەکاندا گەشەسەندنی بەخۆیەوە بینوە و دەبینرێت لە هەرێمی کوردستان سێکتەرەکانی، کشتوکاڵ، گەشتوگوزار، پیشەسازی، پێترۆکیمیایی، ئاژەڵداری، سامانی ماسی و چەندان بواری تر هەنگاوی زۆر باشیان بڕیوە و لە کوردستان وەبەرهێنان لەو کەرتانە داهاتی زیاتری بەدواوە بووە و بە واتا ئابوورییەکەی سەرمایە سەرمایەی هێناوەتە کایەوە.
هەرێمی کوردستان ڕاستە لە پرسی مووچەدا کێشەی هەبووە و ناکۆکیی یاسایی لەگەڵ بەغدا هەبووە و زۆرجاریش تێکەڵ بە پرسی سیاسی کراوە بەڵام گەشەی ئابووری هەبووە و پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوە بەردەوام بووە و ستراتیجیترین پڕۆژەکان هەر لە سەردەمی قەیرانی داراییدا لە کوردستان جێبەجێ کراون.
لە ٢٧ی مانگەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستی پێ کردووەتەوە کە ئێستا ڕۆژانە دووسەد هەزاری لێ هەناردە دەکرێت و هیچ پاساوێک بۆ بەغدا ناهێڵێت مووچەی مانگانەی فەرمانبەرانی کوردستان دوابخات.
هاتنی مانگانەی مووچە و گەشەی کەرتە جیاوازەکانی ئابووریی کوردستان لە پاڵ یەکتر لەداهاتوودا دەبنە هۆی گەشەی زیاتری هەرێمی کوردستان و ڕەواندنەوەی ئەو مەترسییەی UNDP باسی دەکات.

دۆخی عێراق
جیاوازییەکە لە عێراق ئەوەیە داهات زۆرە و بەشی زۆری داهاتەکە بۆ مووچە دەڕوات و قەبارەی گەندەڵیش لە سایەی گرووپە میلیشیاکان ئەوەندە بەرزە کە نەتوانراوە وەک پێویست گەشە بە سێکتەرە جیاوازە ئابوورییەکان بدرێت و چارەگێک لە سەدەی نوێ تێپەڕی کەچی هێشتا هاووڵاتییانی عێراق بەدەستی نەبوونی کارەبا و ئاو دەناڵێنن.
داهاتی نەوتی مانگی ئابی ڕابردووی عێراق زیاتر لە حەوت ملیار دۆلار بووە و نزیکەی سەد و چوار ملیۆن بەرمیل نەوتی فرۆشتووە. ئەوەی دەستی عێراق دەکەوێت داهاتێکی کەم نییە و لەمەودوا داهاتی نەوتی کوردستانیش هەر دەچێتەوە سەر داهاتی گشتیی عێراق بەڵام ئەگەر عێراق پێنج هێندەی تر پارەی دەست کەوێت و سەرچاوەکانی داهاتی فرە جۆر نەکات لەبەردەم هەمان ئەو مەترسییەدادەبێت کە UNDP ئاماژەی پێ کردووە.
ئەو مەترسییە لە ئارادایە لە داهاتوودا نرخی نەوت دابەزێت و ئەو پارەیەی دەستی حکوومەت دەکەوێت بەشی مووچەکەی نەکات و لەوانەیە هاوشێوەی سەردەمی کۆرۆنا هانا بۆ سندووقی یەدەگی دراو و زێڕەکەی بەرێت بەڵام ئەمەش مەترسیدارە و لەحاڵەتی درێژەکێشانی قەیران، ئابووری بەرەو داڕمان دەبات. لە سەردەمی کۆرۆنا عێراق ناچار بوو بەهای دراوەکەی بشکێنێت بۆ ئەوەی کورتهێنانی پێ پڕ بکاتەوە و زیانێکی زۆری بە عێراق گەیاند.
لە ااستی ناوچەکەش سعوودیە کە لە ڕابردوودا پشتی بە نەوت دەبەست چەند ساڵێکە خەریکی پەرەپێدانی سێکتەرەکانی دیکەیەتی و خەریکە ئابووری وڵاتەکە زۆر بە خێرایی گەشە پێ دەدات و داهاتووی خۆی گەرەنتی دەکات و عێراقیش ئەگەر درک بە هۆشدارییەکەی UNDP بدات دەبێت هەمان ڕێچکە بگرێتە بەر.