دوێنێ، لە شاری دهۆک بە ئامادەبوونی سەربەست لەزگین ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای دهۆک و، د.سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک و هەریەک لە سەباح بەیتوڵڵا و د. ڤیان سولەیمان یاریدەدەرانی بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی دهۆک و بەرپرسانی لقەکانی یەک و هەژدەی پارتی و ژمارەیەک لە بەرپرسان و نوێنەرانی دامودەزگاکانی حزبی و ئیداریی و لەشکری لە دەڤەرەکە و ژمارەیەکی زۆر ئەدیب و نووسەر و رۆژنامەنووس و ڕۆشنبیرانی هەر چوار پارچەی کوردستان، ناوەندی ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندنی خانی لە دهۆک، لەژێر دروشمی (کوردستان و ڕاگەیاندنی سەردەم) رێوڕەسمی سێیەمین فێستیڤاڵی خانی لە شاری دهۆک دەستی پێ کرد و فێستیڤاڵەکە ماوەی دوو ڕۆژ دەخایەنێت.
فێستیڤاڵەکە لە هۆڵی کۆنفرانسەکانی سەرۆکایەتیی زانکۆی دهۆک بە پێشوازیکردنی میوانان دەستی پێ کرد و سەرەتا بە خولەکێک وەستان بۆ پاکی شەهیدان سەروەرییان (بارزانیی نەمر و کاکە ئیدریسی هەمیشە لەیاد) فێستیڤاڵەکە دەستی پێ کرد.
دواتر، ئیحسان ئامێدی بەڕێوەبەری ناوەندی ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندنی خانی لە گوتارێکدا بەخێرهاتنی میوانان و بەشداربووانی فێستیڤاڵەکەی کرد و گوتی: دروشمی ئێمە لەم فێستیڤاڵەدا دیارە ئەویش “کوردستان و ڕاگەیاندنی سەردەم” و هیوای من ئەوەیە بتوانین خوێندنەوەیەکی نوێ بدەین بە دۆخی میدیا لە کوردستان و خۆمان لەگەڵ پێشکەوتنی ئێستا بگونجێنین، بە تایبەتیش هەبوونی ئامێرە نوێیەکانی ڕاگەیاندن، هەروەها زیرەکیی دەستکرد.
دواتر، بە نوێنەرایەتیی پارێزگاری دهۆک، ماجد سەید ساڵح جێگری پارێزگار گوتارێکی پێشکەشکرد و گوتی: پیرۆزباییەکی گەرم لە ناوەندی ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندنی خانی دەکەین بە بۆنەی دەستپێکردنی ئەم فێستیڤاڵە و دووپاتی دەکەینەوە کە ئێمە وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان و کارگێڕیی پارێزگاکەمان بەردەوام پاڵپشت و پشتیوانیی هەر جۆرە چالاکییەکی ڕۆشنبیری و هونەریی دەبین.
پاشان، د. سالار عوسمان بەرپرسی بەشی رۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە گوتارەکەیدا گوتی: سێیەمین فێستیڤاڵی خانی لە دهۆک گرنگییەکی تایبەتی لە لای ئێمە وەک بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی هەیە و ئێمە پاڵپشت و پشتیوانین و دەستخۆشیی لەو بەڕێزانە دەکەین کە ماندوو بوون و ئەم فێستیڤاڵەیان رێکخستووە و هەڵبژاردنی ئەم دروشمە “کوردستان و ڕاگەیاندنی سەردەم” گرنگییەکی تایبەت و پڕ لە واتای لە لای ئێمە هەیە.
هەروەها بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن گوتی: پێویستە ڕاگەیاندنکاران و نڤیسکاران، تێکۆشەران لەم قۆناغەدا قووڵتر بیربکەنەوە قووڵتر بەرهەمداریی بکەن و قووڵتریش سبەینێکی باشتر بۆ نەوەکان بخوڵقێنن.
دواتر فیلمێکی دۆکیۆمێنتاری لەسەر کار و چالاکییەکانی ناوەندی ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندنی خانی و ئۆرگانەکانی نمایش کرا. پاشان، ئاهەنگێکی هونەری بە بەشداریکردنی هونەرمەندان (عابد دهۆکی و رۆژ کۆبانی) گێڕدرا، دواتریش کتێبە چاپکراوەکانی ناوەندی ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندنی خانی، هاوتا لەگەڵ ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی نمایش کران.
یەکێکی دیکە لە بڕگە گرنگەکانی ڕێوڕەسمەکە، بەڕێوەچوونی چەند پانێڵێک بوو، کە تایبەت بوون بە دیالۆگ و وتوێژ لەبارەی ڕاگەیاندن بەگشتی.

