سلێمان تاشان – ههولێر
هەرچەندە هەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی عێراق کە لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١ بەڕێوەچوو هەڵبژاردنێکی پێشوەختە و پڕ لە ململانێ و ناکۆکی بوو، بەڵام ڕێک دوای چوار ساڵ دەست بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ خولێکی نوێی پەرلەمانی عێراق کراوەتەوە و لە ڕۆژی هەینی سێی تشرینی یەکەمەوە کاندید و لایەنە سیاسییەکان لە تەواوی عێراق و هەرێمی کوردستان دەستیان بە بانگەشەی هەڵبژاردن کردووە، ئەوەی ئەم هەڵبژاردنە لە هەڵبژاردنی ڕابردوو جیا دەکاتەوە جگە لە گرنگییەکەی، ئەو کەشە بێمتمانەییەیە کە بەسەر ماڵی شیعەدا زاڵە.
بەپێی بڕیاری پێشووتری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەبوایە لە ١٠ی ئەم مانگەوە دەست بە بانگەشەی هەڵبژاردن بکرێت بەڵام ئەمە هەفتەیەک پێش خرا و لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوودا لەپڕ هەواڵی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن لە بەرەبەیانی هەینیی سێی تشرینی یەکەمەوە بڵاو کرایەوە.
تا هەفتەی ڕابردوو گومانێک هەبوو کە هەڵبژاردنی پەرلەمان عێراق دوا بخرێت و هەندێک میدیا و لایەنی سیاسی قسەیان لەبارەی دەکرد و بە تایبەتی ئەو باسە لە نێو ماڵی شیعە گەرم بوو بەڵام بڕیارەکەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاگەیاندنی کاتی بانگەشەکانی هەڵبژاردن، کۆتایی بە سەرجەم گومانەکان هێنا.
هەڵبژاردنی ڕابردووی پەرلەمانی عێراق پێشوەختە و لە ئاکامی ئەو ڕوودا و توندوتیژییانە بوو کە لە ٢٠١٩ەوە شەقامەکانی عێراقی تەنیبوو و خۆپێشاندەران کە دواتر بە خۆپێشاندەرانی تشرین ناسران بۆ ماوەیەک بەسەر شەقامەکاندا زاڵ بوون و هەڵبژاردنی پێشوەختەیان سەپاند.
لە هەڵبژاردنی ڕابردوودا ڕەوتی نیشتمانیی شیعە کە موقتەدا سەدر ڕێبەرایەتی دەکردن زۆربەی کورسییەکانی پەرلەمانی عێراقیان بردەوە و توانی بە بەدەستهێنانی حەفتا و سێ کورسی بەسەر هەموو لایەنەکانی دیکەی شیعەدا زاڵ بێت. سەدر مافی ئەوەی هەبوو حکوومەت پێکبهێنێت بەڵام کێشە سەرەکییەکەی ئەوە بوو نەیتوانی دوو لەسەر سێی پەرلەمان کۆ بکاتەوە.
لایەنە دۆڕاوەکانی شیعە کە یەکەم جار بوو لەوەتەی دامەزراندنی عێراقی فیدراڵییەوە ئەو شکستەیان ئەزموون دەکرد، هاوپەیمانێتییەکیان بە ناوی هاوپەیمانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دامەزراند و بەهۆی ئەوەی کە هیچ هیوایەکیان نەبوو حکوومەت دابمەزرێنن بڕیاریان دا ببن بە فاکتەرێک بۆ ڕێگریکردن لە دامەزراندنی حکوومەت لە ژێر سێبەری سەدر.
موقتەدا سەدر هەر لەسەرەتاوە هەڵوێستێکی توندی لە دژیان گرتە بەر و بڕیاری دا بە تەنیا حکوومەت پێکبهێنێت بەڵام سەرکەوتوو نەبوو. لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کە دڵنیا بوون لەوەی تەنانەت بەشداریشیان پێ ناکرێت بوون بە یەک لەسەر سێی پەکخەری کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق و ڕێگەیان لەوە گرت پەرلەمان بۆ دەستنیشانکردنی سەرۆک کۆمار بە ڕێژەی یاسایی بگات.
دواجار سەدر ناچار بوو پەرلەمانتارەکانی خۆی لە پەرلەمان بکشێنێتەوە و تەنانەت وازهێنانی خۆی لە کاری سیاسیش ڕاگەیاند، لایەنەکانی چوارچێوە بە پڕکردنەوەی بۆشایی کورسییەکانی سەدر لەپڕ لە کەمینەی شیعەوە بوونە زۆرینەی پەرلەمان و دەستیان بە هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکوومەت کرد.
سەدر لەم هەڵبژاردنەدا بەشداری نەکردووە و تا ئەم ساتەش هەڵوێستی ڕوونی خۆیان لەبارەی هەڵبژاردنی ئەمساڵ بڵاو نەکردووەتەوە. ڕۆژی هەینی لە یەکەم ڕۆژی بانگەشەی هەڵبژاردندا سەدر لەگەڵ ئەندامانی پێشووی ڕەوتەکەی و ئەو پەرلەمانتارانەش کە لەم خولەدا لە پەرلەمان کشابوونەوە لە نەجەف کۆبووەوە و تاوتوێی هەڵبژاردنی کرد بەڵام هیچ وردەکارییەک لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە و هەڵوێستیان بڵاو نەکرایەوە.
ئەم دۆخە جۆرێک بێ متمانەیی لە نێو لایەنەکانی شیعەدا هێناوەتە کایەوە و دیار نییە لەم هەڵبژاردنەدا کام لایەن زۆرترین کورسییەکان دەباتەوە و سەدر لە دەرەوەی بازنەکانی هەڵبژاردن خەت و نیشان دیاری دەکات و دیار نییە دوای ئەو زیانەی لە هەڵبژاردنی ڕابردوو بەری کەوت بە بێدەنگی دەمێنێتەوە یان ڕێکارێکی تر دەگرێتە بەر، دیار نییە بایکۆتی هەڵبژاردن دەکات یان خەڵک بۆ هەڵبژاردن هان دەدات.
هەڵبژاردنەکەش لە کاتێکدایە کە دۆخێکی نوێی ناوچەیی و جیهانی هاتووەتە کایەوە و ئەگەری ئەوە لە ئارادایە گۆڕانکاریی گەورە لەم هەڵبژاردنەی عێراقدا بێتە کایەوە.
هەڵبژاردن لە یازدەی تشرینی دووەم دەکرێت و حەوت هەزار و حەوتسەد و شەست و هەشت کاندید پێشبڕکێ بۆ بەدەستهێنانی سێسەد و بیست و نۆی کورسیی پەرلەمان دەکەن و لەو کورسییانەش نۆیان بە کۆتا دەستنیشان دەکرێن کە پەنجا و شەش کاندیدی پێشبڕکێ بۆ بەدەستهێنانیان دەکەن.
زۆربەی کاندیدەکان لە چوارچێوەی پارت و هاوپەیمانێتییەکانەوە بەشدارییان لەم هەڵبژاردنەدا کردووە و تەنیا بیست و سێ کاندیدی سەربەخۆ لە پێشبڕکێکەدا بەشدارن و ژمارەی پارتەکان سی و هەشت پارت و هاوپەیمانەکانیش سی و یەک هاوپەیمانێتین. بیست و یەک ملیۆن و چوارسەد و چوار هەزار و دووسەد و نەوەد و یەک کەس کارتی بایۆمەتریی دەنگدانیان وەرگرتووەتەوە، لەو ژمارەیەش ملیۆنێک و سێسەد و سێزدە هەزار و نۆسەد و هەشتا دەنگدەری تایبەتین.

