رۆژنامەی ھەولێر

لە کوردستان بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ئارامیدا دەستی پێكرد

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

كاتژمێر 12ـی بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە فەرمی دەستیپێكرد. پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە لیستی ژمارە ٢٧٥ و بە 175 بەربژێر بەشداری دەكات، كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، كاندیدان و لایەنە سیاسییەكان ئاگادار دەكاتەوە، كە لە چوارچێوەی ڕێنماییەكان بانگەشەی مەدەنییانەی خۆیان بكەن و خۆیان بەدووربگرن لە دروستكردنی ئاژاوە و بێزاركردنی هاووڵاتییان.

پرۆسەکە بە وردی چاودێری دەکرێت
لایەنە سیاسییەكان و كاندیدەكان دەتوانن بە ئاشكرا لە چوارچێوەی ڕێنماییەكانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، لە سەرجەم ناوچەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان، بانگەشە بۆ لیست و ژمارەكانیان بكەن. سەرۆكی تیمی ڕاگەیاندنی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق ئاشكرای دەكات، زۆر بە وردی چاودێری پرۆسەی دەنگدان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەكرێت، تەواوی پرۆسەكە بە وێنە و ڤیدیۆ و دەنگەوە تۆماردەكەن.

21 ملیۆن و 404 هەزار و 291 هاووڵاتیی مافی دەنگدانیان هەیە
لە هەموو عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە، 21 ملیۆن و 404 هەزار و 291 هاووڵاتی مافی دەنگدانیان هەیە، كە 20 ملیۆن و 63 هەزار و 773 كەسیان بەشداریی دەنگدانی گشتی دەكەن و ملیۆنێك و 313 هەزار و 980 هاووڵاتی بەشداری لە دەنگدانی تایبەت دەكەن، لەو هەڵبژاردنەدا، 38 پارتی سیاسی، 31 هاوپەیمانی و 75 لیستی تاكەكەسی بەشداری لە هەڵبژاردن دەكەن، حەفت هەزار و 768 كەسیش لە هەردوو ڕەگەز، پێنج هەزار و 520 پیاو و دوو هەزار و 248 ئافرەتیش خۆیان كاندید كردووە. لە هەرێمی كوردستان هیچ هاوپەیمانێتییەك بۆ ئەم هەڵبژاردنە نییە، حیزبەكان بە هەشت لیست بەشدارییان كردووە، جگە لە لیستی حیزبەكان، هەشت بەربژێری سەربەخۆش لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و پارێزگای كەركووك، خۆیان بەربژێر كردووە، زۆرترینیان لە سلێمانین، كە چوار بەربژێرن.

کوردستان بانگەشەیەکی شارستانی دەوێت
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە بارەی دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردن، پەیامێكی بڵاو كردەوە، لە پەیامەكەدا هاتووە، داوا لە هەموو لایەك دەكەم پابەندی ڕێنمایییەكانی كۆمیسیۆن بن، بانگەشەیەكی شارستانی‌ بەڕێوەببەن كە ڕەنگدانەوەی پێكەوەژیان و یەكترقبووڵكردن و فرەڕەنگیی پێكهاتەكانی كوردستان بێت و نەبێتە هۆی گرژی و دابەشكردن و بێزاركردنی كۆمەڵگە و تێكدانی ئارامیی هاووڵاتییان.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان، جەختی لەوە كردەوە، هەمووان با ئازاد بن لە بانگەشەكردن بۆ سیاسەت و ئاراستە و كارنامەكەیان، بەڵام نابێت هیچ كەس و لایەنێك ڕق و كینە بڵاوبكاتەوە‌، خەڵكی كوردستان دەبێ وەك كۆمەڵگەیەكی مەدەنی، ململانێیەكی شارستانی لەم پرۆسەیەدا بەڕێوەببات، هاوكات لەبارەی كاندیدانی ئافرەتەوە، نێچیرڤان بارزانی، دەڵێت: كاندیدبوونی ئافرەت زۆر گرنگ و بایەخدارە، دەبێ ناو و پێگە و ڕێز‌ی پارێزراو بێت، دەبێ ڕێز لە هێما و پیرۆزییەكانی هەموو پێكهاتەكان بگیرێت، هێزە ئەمنییەكانیش پیشەیییانە و بێ جیاوازی ئەركی خۆیان لە پاراستنی هەمووان جێبەجێ بكەن.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەوەشی خستەڕوو، دواجار هەموو ئەوانەی لە هەرێمی كوردستانەوە دەچنە پەرلەمانی عێراق، ئامانجیان خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان و عێراقە، دەبێ بزانن كە بە یەكڕیزی و تەبایی و پێكەوەیی دەتوانن خزمەتی باشتری ئێستا و داهاتووی هەرێمی كوردستان و عێراق بكەن و ماف و دەستكەوت و بەرژەوەندییەكانی بپارێزن.
لە درێژەی پەیامەكەیدا، هێمای بۆ ئەوە كرد،‌ نابێت لە بانگەشەدا كاندیدەكان كارێكی وا بەرانبەر بە یەكتر بكەن كە سبەی نەتوانن بەیەكەوە‌ كار بكەن.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە كۆتایی پەیامەكەیدا، هیوای بانگەشەیەكی ئارام و سەركەوتوو بۆ هەموو لایەك و سەقامگیری و سەرفرازی و پێشكەوتنی بەردەوام بۆ هەرێمی كوردستان و عێراق دەخوازێت.

ئامادەکارییەکانی پارتی لە کەرکووک
شاخەوان عەبدوڵا، سەرۆكی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق لە كەركووك، لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا، داوای لە سەرجەم كەركووكییەكانی شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان كرد، لە ڕۆژی هەڵبژاردن بگەڕێنەوە بۆ شارەكەی خۆیان و بە هەمان نەفەسی پرۆسەی سەرژمێری بەشداریی هەڵبژاردن بكەن.
ئاماژەی بەوە كرد، پارتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق، پێداگری كرد لەسەر ئەوەی كە دەبێت زەوییە داگیركراوكان لە كەركووك، بۆ خاوەنە ڕەسەنەكانیان بگەڕێندرێنەوە و دوای هەوڵێكی زۆر لە كۆبوونەوەی پەرلەمان پڕۆژەیاساكە پەسەند كرا، لەم خولەی پەرلەمانی عێراق، دەیان دەستكەوت بۆ كەركووك و بۆ سەرجەم پارێزگاكانی دیكە لە لایەن پارتی بەدەست هاتوون، بە تایبەت بە پارێزگاكردنی هەڵەبجە.
شاخەوان عەبدوڵا، جەختی لەوە كردەوە، پارتی تاكە هێزی سیاسییە كە بتوانێت دۆخی كەركووك ئاسایی بكاتەوە و پارێزگاری لە مافە دەستوورییەكانی هاووڵاتییان بكات، وەك تاكە لایەنی سیاسی بە كردەوە سەلماندوویەتی كە هەنگاو دەنێت بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شاری كەركووك، وەك هەمیشە بەڵێنەكانیان جێبەجێ دەكەن و بەڵێنەك نادەن كە نەتوانن جێبەجێی بكەن، لەو هەڵبژاردنەدا چاومان لەوەیە پارتی لەو هەڵبژاردنەدا ببێتە هێزی یەكەمی كوردی لە كەركووك، لەم خولەی پەرلەمان دوو كورسیمان هەیە، بەڵام بە قەت شەش كورسی خولەكانی پێشوو بە شاهێدی خەڵكی شارەكە كارمان كردووە، ئەوانە هەموو دەستكەوتن بۆ پارتی.

کوردستانیان هاوسۆزی لیستی پارتین
فەرهاد ئەتروشی، سەرۆكی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دهۆك ڕایدەگەیەنێت: پێویستە هەڵمەتێكی شارستانی پڕ لە ئارامی بەڕێوەببرێت، بەڵێنیش دەدات كە لیستی پارتی وەك هەمیشە پارێزەری ماف و داخوازییەكانی گەلی كوردستان بێت و گوتی: بەڵێن دەدەین، پارێزەری گەل و نیشتمان بین و خزمەتی گەلی كوردستان بكەین.
فەرهاد ئەتروشی، داوای لە خەڵكی پارێزگای دهۆك و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ كرد، دەنگ بەو لیستە بدەن كە هەمیشە بەرگریی لە خەڵكی كوردستان كردووە و قوربانی داوە، خەباتی بەردەوامی كردووە بۆ وەدەستهێنانی مافەكانی خەڵكی كوردستان.
سەرۆكی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان بەڵێنیدا كە بەردەوام بن لە بەرگریی كردن لە خەڵكی كوردستان و مافە دەستوورییەكانی، داواشی كرد هەڵمەتێكی شارستانی بەڕێوەببەن و هاووڵاتییان بێزار نەكەن.
لە هەولێر 173 كاندید كێبڕكێ لەسەر 16 كورسی دەكەن
پارێزگاری هەولێر 17 خاڵی وەكو ڕێنمای بۆ ڕێكخستنی شێوازی بانگەشەی هەڵبژاردن دەركردووە، ڕێگەی گرتووە لەوەی لە هەموو شوێنێك پۆستەر و وێنەی كاندیدان دابندرێن یاخود هەڵبواسرێن، ڕێنماییەكانی پارێزگای هەولێر هۆشداریداوە لەوەی ئۆتۆمبێلی حكوومی و دامەزراوەی فەرمی نابێت بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەكاربێت، هاوكات ڕێگری كردووە لەوەی لایەنگرانی هیچ لایەنێك، ئاستەنگی هاتووچۆ بۆ خەڵك دروست بكەن و وا بكەن هاووڵاتییان بێزاربن، لەگەڵ ئەوەشدا نابێت وێنە و پۆستەری كاندیدانی ئافرەت بشوێندرێن، هەر كەسێك ئەو كارە بكات، سزا دەدرێت، هەروەها نابێت پۆستەری كاندیدەكان لەبەردەم كامێراكانی تۆماركردنی تیژڕۆیی دابندرێن.

دهۆك 58 كاندید كێبڕكێ لەسەر 11 كورسی دەكەن
لە سنووری پارێزگای دهۆك 779 هەزار كەس مافی دەنگدانیان هەیە، بەگوتەی بەرپرسانی كومیسیۆن كە بۆ ڕۆژنامەی “هەولێر” قسەیان كردووە، لە دهۆك 58 كاندید كێبڕكێ لەسەر 11 كورسی پەرلەمان دەكەن، 20 لەوانە ئافرەتن، هەروەها 779 هەزار كەس مافی دەنگدانی هەیە و 25 هەزار لەوانە ئاوارەن.

200 كاندید لە سلێمانی و هەڵەبجە كێبڕكێ لەسەر 18 كورسی دەكەن
لە ماوەی ڕابردوودا كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق بە هاوبەشی لەگەڵ سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی، كۆمەڵێك وۆركشۆپ و سمیناری تایبەتیان بۆ كاندیدان و لایەنە سیاسییەكان ڕێكخست بۆ ئەوەی بەرچاو ڕوونی تەواویان هەبێت لەسەر خاڵ و ڕێنماییەكان كە تایبەت كراون بە كۆی پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردن، بەڵام چەند كاندیدێك و لایەنێك بەر لە دەستپێكی وادەی بانگەشەی هەڵبژاردن، وێنە و فلێكسیان لەنێو شاردا بڵاوكردەوە كە بووە هۆی قەرەباڵغی و ئاستەنگی هاتووچۆی هاووڵاتییان، بۆیە هەموو ئەوانە كراون بە ڕاپۆرت و پێشكەشی كۆمیسیۆن كراون، نێردراونەتە بەغدا و دواتر ڕێكاری یاساییان لەگەڵدا دەكرێت كە سزاكەی پێبژاردنە تاكو دوورخستنەوە لە پرۆسەی هەڵبژاردن، ئەمە لە كاتێكدایە ملیۆنێك و 208 هەزار هاووڵاتی لە سلێمانی مافی دەنگدانیان هەیە و 200 كاندید كێبڕكێ لەسەر 18 كورسی دەكەن.