رۆژنامەی ھەولێر

سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان داوایەک ئاراستەی لایەنە سیاسییەکان و میدیاکان دەکات

ئەنجومەنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، لە ڕاگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ 4ـی تشرینی یەکەمی 2025 بڵاویکردووەتەوە، داوای ژینگەیەکی لەبار بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن دەکات.

لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا کە لە 3ـی ئۆکتۆبەر تا 8ـی نۆڤەمبەر بەردەوام دەبێت، ململانێ و گوتاری سیاسی و میدیایی تووند دەبێت، بۆیە “ئەنجومەنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، ناخوازێت هیچ پێشێلکارییەک لە دژی ڕۆژنامەنووسان و دەزگەکانی میدیا دووبارە ببێتەوە”.

سەندیکای ڕۆژنامەنووسان داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەکان، بەربژێران، دامەزراوە فەرمییەکانی حکوومەت و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان دەکات، هاوکاریی ڕۆژنامەنووسان بکەن و ڕێز لە کارەکانیان بگرن.

هەروەها داوا لە دەزگەکانی میدیا دەکات خۆیان بەدوور بگرن لە هەر گوتارێک کە ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و ژینگەی سیاسی دەشێوێنێت و لە بەرامبەردا، پابەندی ئیتیک و پرەنسیپە پیشەییەکان بن.

لە کۆتاییدا، سەندیکا داوا لە ڕۆژنامەنووسان دەکات لە کاتی ڕووماڵکردندا، پێناس و جلی تایبەت بە کاری ڕۆژنامەوانی بپۆشن و مەرجەکانی سەلامەتیی پیشەیی لەبەرچاو بگرن. هەروەها لە کاتی بوونی هەر پێشێلکارییەکدا، لیژنەی داکۆکی لە ئازادیی ڕۆژنامەنووسان ئاگادار بکەنەوە.