رۆژنامەی ھەولێر

لە كەرتی 8 هەزاری گەڕەکی فەرمانبەران، بەردی بناغەی پرۆژەی دروستکردنی پردی 10 چاووەی کۆڕنیش دانرا

ئەمڕۆ شەممە 2025.10.4، لەژێر چاودێری ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە ئامادەبوونی مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگار و کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانی هەولێر و ڕێبوار کاکەیی، بەڕێوەبەری ئاودێری هەولێر ، لە ڕێورەسمێکدا بەردی بناغەی پرۆژەی دروستکردنی پردی سندوقی ( 10) چاووەی کەندی کۆڕنیش لە كەرتی 8 هەزاری گەڕەکی فەرمانبەران، لەسەر بوودجەی پارێزگای هەولێر دانرا، کە لە چوار چێوەی کار و پلان و بەرنامەڕێژی پارێزگای هەولێر بۆ كەمكردنەوەی مەترسییەكان و كاریگەریەكانی لافاو دەست بەجێبەجێكردنی دەکرێت.

لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا بۆ كەناڵەكان، پارێزگاری هەولێر، وێڕاى پیرۆزبایی لە هاوڵاتییان و دانیشتووانی سنوورەكە، باسى له‌ گرنگیی پڕۆژه‌كه‌ کرد بۆ هاوڵاتییان و جه‌ختی له‌سه‌ر به‌رده‌وامی گەیاندنی پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان له‌ تەواوی سنوورى پارێزگاى هەولێر كرده‌وه‌.

ئاماژەی بەوەشدا، بە پاڵپشتی و لەسەر فەرمان و ڕاسپاردەی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ساڵانە بەر لە وەرزی باران بارین هەموو ڕێوشەێنێكی پێویست دەگرینەبەر بۆ ڕووبەڕووی لافاو و ڕێگریكردن لە هەر حاڵتێکى نەخوازراوی گۆڕانی كەش و هەوا و چارەسەركردنی ئەو خاڵە لاوازانەی کە دەبنە هۆی دروستبوونی پەنگخواردنەوەى ئاوی زیادە، بۆ ئەو پرسەش جگە لەو پڕۆژەیە، لە سنوورى پارێزگاى هەولێر چەندین پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژی ئەنجامدراون، كە بە هۆیانەوە توانراوە قۆناغى زۆر باش ببڕین و لە ئێستاشدا تاڕادەیەکى زۆرباش مەترسیەكانی دروستبوونی لافاو لە شاری هەولێر كەمبۆتەوە.

ڕاشیگەیاند، بە سوپاسەوە لە سەر ڕەزامەندى ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ ئەمساڵ مانگانە بڕی ( 2 ملیار دینار ) وەک فریاگوزاریى بۆ چارەسەرکردن و خاوێنکردنەوەی ئاوەڕۆ و رێرەوەکانی ئاوی سروشتی و کەم و کوڕى و گرفتەکان و ئاوەڕۆ و شەقامە گشتییەکان و کوچە و کۆڵانەکانی شارى هەولێر و کەند و رێڕەوى سروشتى ئاوى باران و نەهێڵانى كێشەكان تەرخانكراوە.