رۆژنامەی ھەولێر

( 62 )مین ساڵیادی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی كوردستان به‌رز راگیرا

ئێواره‌ی ئه‌مرۆ چوارشەممە 2025.10.1، به‌ ئاماده‌بوونی فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر و سالار عوسمان، بەرپرسی مەکتەبی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی و بەشێکی دیکە لە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی پارتی و بەرپرسانی حزبی و حکومی و کادیر و ئەندامان و ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیندنکار و هونەرمەندان، لە هۆڵی ڕاگەیاند لە هەولێری پایتەخت، بە بۆنەی (62)مین ساڵیادی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی كوردستان لەژێرناونیشانی ” 62 ساڵ لە پێناو کوردستاندا ” ڕێورەسمێکی تایبەت بەڕێوەچوو.

لە ڕێورەسمەکەدا، لە چەند وتارێکدا خەبات و تێکۆشانی ئەو تێکۆشەرانەی کە لەو ئێزگەیەدا هەر لە دامەزراندنییەوە تاکو ئەمڕۆ کاردەکە بەرز نرخێندرا و جەخت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرایه‌وه‌، کە ئێزگەی دەنگی كوردستان هەمیشە سەکۆ و دەنگێکی ڕاستەقینە شۆڕش و مەزڵومیەتی گەلی کوردستان بووە و شانبەشانی پێشمەرگە قارەمانەکان لە بزاڤى ڕزگاریخوازى گەلى کوردستان و لە مێژووی ڕاگەیاندنی کوردی لە پێناو بەرگریکردن لە مافە ڕەواکانی گەلەکەمان ڕۆڵی دیار و بەرچاووی هەبووە و بڵندگۆیی ڕاستەقینەی ئامانجە نیشتیمانی و نەتەوەییەکان بووە. پاشان دیکۆمێنتاریەک لە بارەی کارەکانی ئێزگە و مێژووی دروستبوونی پێشکەشکرا.

لە بەشێکی تری ڕێورەسمەکە لە بارەی ژیان و خەباتی نووسەر و هونەرمەند و بێژەری ئێزگەی دەنگی کوردستان خوالێخۆشبوو “دڵشاد مەسرەف” کە یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی ئێزگە فلمێکی دیکۆمنتاری تر پێشکەشکرا و خەڵاتی ساڵانەی ئێزگەکە پێشکەش بە خانەوادەکەی کرا.

لە کۆتایشدا، لەلایەن ئامادەبووانەوە پیشانگایەکی وێنە و ئامێرە دێرینەکانی ئێزگەی دەنگی کوردستان کرایەوە.