ڕۆژی چوارشەممە، ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، سەفین موحسین دزەیی بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەت، پێشوازى لە شاندێکى ئەڵمانى بە سەرۆکایەتیى سەردار یۆکسێڵ ئەندامى پەرلەمانى ئەڵمانیاى فیدڕاڵ و سەرۆکى لیژنەى پەرلەمانى هاوبەشى ئەڵمانیا و تورکیا کرد.
لە سەردانەکەیان کە موسا ئەحمەد سەرۆکى دەزگاى خێرخوازىی بارزانیى یاوەریان بوو، شاندى میوان ویستى وڵاتەکەیان بۆ پشتگیریى زیاتر لە هەرێمى کوردستان و بەتایبەت داکۆکىکردن لە مافەکانى گەلى کوردستان لە سەکۆى پەرلەمانى ئەڵمانیا دووپات کردەوە؛ ئەویش لەڕێگەى دروستکردنى گرووپێکى پەرلەمانى، لەسەرجەم پارتەکانى ئەڵمانیا بۆ پشتگیرى لە گەلى کوردستان.
سەفین دزەیی خۆشحاڵى خۆى نیشاندا و گوتى: “بەناوى حکومەتى هەرێم بە گەرمى پێشوازى لەو دەسپێشخەرییەى ئێوە، بۆ دامەزراندنى گروپێکى پەرلەمانى بۆ دۆستایەتیى لەگەڵ گەلى کوردستان دەکەین و ئەم هەنگاوە بەرز دەنرخێنین”.
بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەت پوختەیەکى لەسەر قۆناغەکانى هەرێمى کوردستان لە سەردەمى ڕژێمەکانى پێشوو تا ڕاپەڕین و قۆناغەکانى ئازادى و گەشەسەندن پێشکەش کرد و جەختى کردەوە و گوتی: “کە ئێمە ڕابردوو لەبیر ناکەین، بەڵام کار بۆ داهاتوویەکى پڕشنگدار دەکەین؛ وەک چۆن پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەڵمانیا لە هەندێ بوار لە ئاستێکى باشدایە، دەخوازین پەیوەندییەکانمان لە کەرتەکانى ئابوورى و بازرگانیش ڕەنگبداتەوە”.
پەرلەمانتارى ئەڵمانیا سەردار یۆکسێڵ، ستایشى پێشووەچوونەکانى هەرێمى کوردستان و بارى سەقامگیرى و پێکەوەژیانى نێوان ئایین و نەتەوەکانى لە هەرێمى کوردستان کرد. هیواى خواست ئەوانیش بتوانن لەگەڵ هاوکارەکان و کۆمپانیا وەبەرهێنەر و ڕێکخراوە مرۆییەکان، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمى کوردستان فراوانتر بکەن و یارمەتییەکان بۆ هەرێم لە ئاستى پێویست بێت.

