هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ٢٧ی ئەم مانگەوە دوای دوو ساڵ و نیو دابڕان لە بازاڕەکانی جیهانی دەستی پێ کردووەتەوە و هەرێمی کوردستان جارێکی تر چووەتەوە سەر نەخشەی وزەی جیهان و لە ماوەی ئەم چەند ڕۆژەدا کاریگەرییەکانی ئەو هەنگاوە بەسەر بازاڕەکانی جیهان بەدیار کەوتوون و میدیا جیهانییەکان باس لەوە دەکەن بەم هەنگاوە عێراق دانی بە کەرتی نەوتی کوردستان نا و بۆیەش چاوەڕوانیی ئەوە دەکرێ لە داهاتوودا ژمارەیەکی زۆری وەبەرهێنەران ڕوو لە هەرێمی کوردستان بکەنەوە.
یەکەم کاریگەری کە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ سەر بازاڕەکانی جیهانی هێنایە کایەوە و ئاژانسی ڕۆیتەرز هەواڵەکەی بڵاو کردەوە دابەزینی کەمێک لە بەهای نرخی نەوت بوو. بەر لە هەناردەکردنەکە نرخی هەر بەرمیلێک لە نەوتی برێنت بۆ سەرووی حەفتا دۆلار هەڵکشابوو کە بەرزترین نرخ بوو لە ماوەی دوو مانگدا تۆمار کرابێت بەلام دوێنێ لە کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هەر بەرمیلێکی بە شەست و هەشت دۆلار و بیست سەنت دەفرۆشرا. هاوکات بە ڕێژەی کەمتر لە یەک لەسەدی لە نرخی نەوتی تێکساسی ئەمەریکای کەم کردەوە.
شڕۆڤەکارانی ئابووری دەڵێن هەرچەندە نرخەکە بە ڕێژەیەکی کەم دابەزیوە بەڵام لەپاڵ سیاسەتی ئۆپێک پڵەس بۆ بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت دەتوانێت کاریگەر بێت. ئۆپێک لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بۆ پرسی قەبارەی بەرهەمهێنانی نەوت کۆ دەبێتەوە و بڕیار دەدات.
نیگەرانییەکی لێکۆڵەران بۆ هەناردەی نەوتی کوردستان پێوەست بووە بە زیاتربوونی قەبارەی خستنەڕووی نەوت لەچاو داخوازی بەڵام هەر خۆی ئۆپێک پێنجسەد هەزار بەرمیل کەمتر لەو قەبارەیەی بۆی دیاری کراوە نەوتی هەناردە کردووە و ئامانجەکەشی ئەوەیە لە کۆبوونەوەی داهاتووی سەد و سی و حەوت هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرز بکاتەوە کەوایە کاریگەریی نەوتی کوردستان نەرێنی نابێت.
قەبارەی ئەو نەوتەی ئێستا دەگاتە جەیهان و لەوێوە دەگاتە بازاڕەکانی جیهان ڕۆژانە سەد و نەوەد هەزار بەرمیل نەوتە و چاوەڕوان دەکرێت لە داهاتوودا قەبارەی هەناردەکردنەکە زیاتر بەرز ببێتەوە. دوێنێ کۆمپانیای گۆڵف کێیستۆن کە لە کێڵگەی شێخان لە سنووری پارێزگای دهۆک کار دەکات و ڕۆژانە چل هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت ڕای گەیاند بەمزووانە هەناردەکردنەوەی نەوت بگاتە تەواوی توانای خۆی و دڵخۆشیی خۆی لە هەناردەکردنەوەی نەوت دەربڕی.
هاوکات ڕۆژنامەی زێ ناشناڵ لە بارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان بڵاوی کردەوە ڕێککەوتنی ئەمدواییانەی نێوان هەولێر و بەغدا بە واتای ئەوە دێت کە حکوومەتی فیدراڵی دانی بە کەرتی نەوتی کوردستان ناوە و دوای ئەو هەوراز و نشێوەی لە ململانێ و ناکۆکی هەیانبووە شەرعیەتی بەو کەرتە بەخشیوە و لە بەرانبەردا هەرێمی کوردستانیش ئەوەی قبوڵ کردووە کە نەوتەکە لە لایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە بفرۆشرێت.
یەکێکی تر لە کاریگەرییەکانی ئەو ڕێککەوتنە و دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان ئەوەیە کە متمانەی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بە وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بەرز دەکاتەوە و وێڕای هاتنەکایەی سەقامگیری دارایی لە هەرێمی کوردستان لە هەمان کاتدا دەبێتە هۆکارێک وەبەرهێنەر و کۆمپانیای زیاتری نێودەوڵەتیی ڕوو لە هەرێمی کوردستان بکەن و دەست بە وەبەرهێنان بکەنەوە.
جێی باسە ئەوان ئاماژەیان داوە کە ئەمەریکا لەم ڕووەوە ڕۆڵی گێڕاوە و وێڕای پاڵپشتیکردن لەو کۆمپانیایانەی لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، ئامانجی ئەوەی هەبووە هەناردە و بەرهەمهێنانی نەوت پەرەی پێ بدرێت و هەژموونی ڕووسیاش بەسەر بازاڕەکاندا کەم بکاتەوە.

