سەرۆک بارزانی لە دیدارێکیدا لەگەڵ شاندێکی کەنیسەی ئەرتۆدۆکسی ڕووسیا، جەختی کردەوە کە پێکەوەژیان لە کوردستاندا بووەتە فەرهەنگێکی بەهێز کە ڕیشەی لە مێژوودا هەیە. شاندی میوانیش ستایشی ڕۆڵی سەرۆک بارزانیی کرد لە قووڵکردنەوەی کولتووری تەبایی و پێکەوەژیان.
ڕۆژی سێشەممە 30ـی ئەیلوولی 2025، لە پیرمام، سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازیی لە شاندێکی کەنیسەی ئەرتۆدۆکسی ڕووسیا کرد بە سەرۆکایەتیی مەتڕان ئەنتۆنی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەنیسەکە.
لە دیدارەکەدا، کە ماکسیم ڕوبین، کونسوڵی گشتیی ڕووسیا لە هەولێر ئامادەی بوو، شاندی کەنیسەکە وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵییان بۆ سەردانی کوردستان، پێزانینیان بۆ ڕۆڵی سەرۆک بارزانی هەبوو لە قووڵکردنەوەی پێکەوەژیان و ئەو ئاشتی و تەباییەی کە لەنێوان پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی کوردستاندا هەیە.
شاندی میوان دووپاتیانکردەوە، بە بایەخێكی زۆرەوە سەیری هەرێمی كوردستان دەكەن كە لە ناوچەیەكدا هەڵكەوتووە كە سەرچاوەی مرۆڤایەتییە و بڕوای قووڵی بە پێكەوەژیان هەیە.
هاوکات، خوازیاری ئەوەش بوون پەیوەندییەكانیان لەگەڵ هەموو ناوەندە ئایینیەكانی كوردستان بەردەوام بێت و بەرەو پێشەوە بچێت.
لەلایەن خۆیەوە، سەرۆک بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی کرد و جەختی لە پەیوەندی و دۆستایەتیی دێرینی نێوان گەلی کوردستان و گەلی ڕووسیا کردەوە. سەرۆك بارزانی باسی لە چەند نموونەیەكی مێژوویی وەفا و پێكەوەیی پێكهاتەكانی كوردستان كرد بەرانبەر یەكتر لەكاتە سەختەكاندا و ئاماژەی بەوەش دا، “خەڵکی کوردستان لە دڵ و بە قەناعەتەوە بڕوایان بە تەبایی و پێکەوەژیان هەیە و ئەمەش بووەتە فەرهەنگێکی بەهێز کە ڕیشەی لە مێژوودا هەیە و بۆ نەوەکانی ئایندەش دەمێنێتەوە”.

