رۆژنامەی ھەولێر

نامەیەکی کراوە،بۆ ڕای گشتیی کوردستان، پەرلەمانی کوردستان، وەزارەتی پەروەردە، ئەکادیمیای کوردی و یەکێتیی نووسەرانی کورد بابەت: داواکارییەک بۆ پاراستنی ڕێنووسی ستانداردی کوردی لە پەرتووکەکانی خوێندندا

بە نیگەرانییەکی قووڵەوە، سەرنجی هەموو لایەکتان بۆ گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە ڕێنووسی پەرتووکە نوێیەکانی خوێندندا ڕادەکێشین، کە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە (بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پرۆگرام و چاپەمەنییەکان) ئەنجام دراوە. ئەم گۆڕانکارییانە، بەتایبەتی لادانی بزوێنی درێژی «وو» و گۆڕینی بۆ یەک «و»، هەنگاوێکی مەترسیدارە و زیانێکی ستراتیژی لە بناغەی زمانی ستانداردی کوردی دەدات.
بنەمای زانستیی کێشەکە:
ڕێنووسی ستانداردی کوردی، کە بەرهەمی دەیان ساڵ کاری زانستیی «کۆڕی زانیاریی کورد» و «ئەکادیمیای کوردی»یە، لەسەر بنەمایەکی فۆنۆلۆژیی پتەو دامەزراوە. جیاکردنەوەی بزوێنی درێژی «وو» (وەک لە وشەکانی دوور، نوور، ڕێنووسدا) لە بزوێنی کورتی «و» (وەک لە وشەی کورددا)، یەکێکە لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی ئەم سیستەمە. سڕینەوەی ئەم جیاوازییە بنەڕەتییە دەبێتە هۆی:
1. دروستبوونی لێڵیی واتایی (Semantic Ambiguity): خوێنەر ناتوانێت بەئاسانی جیاوازی بکات لەنێوان وشەکاندا.
2. تێکدانی ئاوازی خوێندنەوە: سیستەمی دەنگیی زمانەکە دەشێوێنێت.
3. دابڕان لە میراتی نووسراو: نەوەی نوێ لەو میراتە نووسراوە پانوبەرینە دادەبڕێت کە بە درێژاییی دەیان ساڵ و بە ملیۆنان دەق، لەسەر ئەم ستانداردە بنیات نراوە.
بەرپرسیارێتیی دامەزراوەیی:
ئەکادیمیای کوردی، وەک باڵاترین دەسەڵاتی زانستیی زمان کە بەپێی یاسای پەرلەمانی کوردستان دامەزراوە، تاکە لایەنی شەرعی و پسپۆڕە بۆ بڕیاردان لەسەر ڕێنووسی ستاندارد. ئەرکی وەزارەتی پەروەردە، وەک دامەزراوەیەکی حکوومی، جێبەجێکردنی ئەو ستانداردە نیشتمانییەیە، نەک داهێنانی ڕێنووسێکی نوێ و هاوتەریب کە دەبێتە هۆی پەرشوبڵاویی زیاتر.

کێشەکە تەنیا لە لادانی «وو»دا کورت نابێتەوە. بەداخەوە، پەرتووکەکانی خوێندن پڕن لە هەڵە و جیاوازیی دیکەش لەگەڵ ڕێنووسی ئەکادیمیادا، کە ئەمەش سەرلێشێواوییەکی گەورەی بۆ مامۆستایان و قوتابییان دروست کردووە.
داواکاریی ئێمە:
قوتابخانەکان بناغەی داڕشتنی زمانی نەوەی داهاتوون. بۆ ڕێگریکردن لەم پشێوییە و بۆ پاراستنی زمانی نەتەوەییمان، ئێمە وەک کۆمەڵێک لە مامۆستایان و دڵسۆزانی زمانی کوردی، داواکارییەکی دڵسۆزانە و زانستییانە ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین:
1. وەزارەتی پەروەردە: پێویستە بە زووترین کات پێداچوونەوە بەم بڕیارەدا بکات و بەتەواوی پابەندی ڕێنووسی فەرمیی ئەکادیمیای کوردی بێت لە هەموو پەرتووکەکان و بڵاوکراوەکانیدا.
2. پەرلەمانی کوردستان: وەک دەسەڵاتی یاسادانان، چاودێریی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی بکات و دامەزراوە حکوومییەکان پابەند بکات بە پەیڕەوکردنی ستانداردی نیشتمانی.
3. ئەکادیمیای کوردی: ڕۆڵی کاراتری خۆی ببینێت لە چاودێریکردن و ڕێنماییکردنی دامەزراوەکاندا.
4. هیچ پێمان باش نییە ناکۆکی و ڕاجیاوازیی زانستیی زمان بێتە نێو مەنهەجی خوێندن، بۆیە لامان وایە تەنیا ئەو بابەتانەی کە یەکدەنگی و یەکڕایییان لەسەرە، لە مەنهەجدا باس بکرێن، یان دژیەکی لەنێوان بابەتەکانی هیچ پۆلێکدا نەبێت و یەکخستنی ڕێنووس لە قوتابخانەکانەوە دەست پێ بکات.
5. ناکرێت لێژنەیەک، کە ژمارەیان لە پەنجەی دەستێک تێپەڕ ناکات، بڕیارێک بدات کە پێچەوانەی ڕێنووسی سەدساڵەی کوردی بێت. بۆ ئەم مەبەستە، لێژنەیەکی فراوانتر لە پسپۆڕ و شارەزایانی زمانی کوردی پێک بهێنرێت و ڕا و سەرنجەکانیان بەهەند وەربگیرێن، دەربارەی هەر گۆڕانکارییەکی ڕێنووس لە پەرتووکەکانی مەنهەجدا.
هیوادارین هەموو لایەک لە ئاستی ئەم بەرپرسیارێتییە مێژوویییەدا بن.
لێکۆلینەوە زانستییەکان و نامەکراوەکەی پ. د. وریا عومەر ئەمینیش بۆ بەڕێز سەرۆکی حکوومەت سەلمێنەری ڕاستییەکانی ئەم نامەکراوەیەی ئێمەیە.

لەگەڵ ڕێزی بێپایانماندا،
کۆمەڵێک لە مامۆستایان و دڵسۆزانی زمانی کوردی:
1. دیاکۆ هاشمی
2. دلاوەر شێخ محەممەد هەرکی
3. عەبدولڕەحمان فەرهادی
4. عومەر ئەحمەد خدر
5. د. موحسین عەلی
6. سالم محەممەد کوردی
7. ئاوات عەزیز مەحموود
8. سارا عوسمان حەمەئەمین
9. سامان عەلی فەقێ سەعید
10. مەهدی محەممەد مەلا
11. ڕزگار سابیر چێوار
12. هێمن سەلیم…
13. عەبدوڵا عەبدولقادر عەلی
14. ژیار سەعدی عەبدوڵا
15. خەلیل جەلیل فەقێ
16. فەهمی عەبدولقادر مستەفا
17. ئەحمەد محەممەد تۆفیق
18. هیوا مەولوود عەبدوڵا
19. سەلام واحد قادر
20. ڕووناک سەردار فەقێ محەممەد
21. ژیار سەعدی
22. بێستوون سلێمان قادر
23. هەڵمەت شاباز
24. سەنگەر عەبدوڵا ڕەحمان
25. محەممەد سدیق عەبدولقادر
26. گەشاو نەجم عەزیز
27. ڕۆستەم کامەران حەمەد
28. دڵشاد ئەحمەد شاسوار
29. شەوگار ئازاد حەمەئەمین
30. عەبدولڕەحمان ساڵح ئەحمەد
31. مەهاباد محەممەد ڕەشید
32. کاروان عەباس ساڵح
33. بەشدار سەعید
34. بەرهەم جەزا عومەر
35. هێمن حەسەن سەعید
36. چیا ئەبووبەکر حەمەساڵح
37. هێمن جەمیل فارس
38. سێبوور عەزیز سلێمان
39. نێرگز خالید عەبدوڵا
40. ئەڤین خەلیل حەسەن
41. بەناز حاجی عەوڵا
42. سامان تۆفیق ساڵح
43. شیڤان ڕەشید عومەر
44. بەهمەن نەجمەدین مەجید
45. سەردار حەمەدئەمین حەمەفەرەج
46. زانا سابیر ئیسماعیلی
47. مەسعوود سەعدی حەمەڕەشید
48. زانا نافع کەمال
49. هەردی عارف مەعرووف
50. بارزان عەبدولڕەزاق عەلی
51. دونیا ئەحمەد حوسێن
52. هونەر ئیبراهیم عەلی
53. مەریوان سەلاح حیلمی
54. پەیمان ئەحمەد حاتەم