ئاڵا تاهیر
سەرەتا، لە گرنگترین کایەکانی ژیاندا، ئافرەت ڕۆڵێکی بەرچاوی خۆی هەبووە و گرنگترین پڕۆسەکانیشی بە جوانترین شێوە بەرەو ئامانج گەیاندووە. بەڵام لە پڕۆسەی سیاسیدا تۆزێک بابەتەکە بۆ ئافرەت جیاترە بەوەی دەبێت وەک دایک ڕۆڵی سیاسەتوان بگێڕێت و بە باشترین شێوە دەست بداتە خزمەتی هاوڵاتیان و لە بەشداریکردنەکەیشدا باشترین دەور بگێڕێت. هەر بۆیەش، ناوەندی سۆران بە پێویستی زانی کە خاڵی جەوهەری لە بەشداریی سیاسیی ئافرەتان و ئافرەت لە سیاسەتدا کۆبکاتەوە و هزری چەند ئافرەتێکی خاوەن ڕۆئیا وەرگرێت، بە تایبەت لە بواری کۆمەڵایەتی لەنێو دایکان و خانمانی کۆمەڵگەی کوردەواریدا و لە بواری زانستی لە ئاستی قوتابیانی ئافرەت لە زانکۆ، بەوەی تا چەند بەشداریی ئافرەت گرنگیی خۆی هەیە لەم پرسەدا؟
دنیا ناسر ڕەسوڵ بۆ هێلین، کچێکی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە و قوتابیی زانکۆی سۆرانە، لە نزیکەوە ویستی ناخی خۆی لە هەمبەر ئەو بابەتە هەڵڕژێت بەوەی بە شێوەیەکی زۆر پڕاکتیکییانە دادەبەزێتە سەر چەمکی ئافرەتبوون و بەشداریی سیاسی، هاوکات، زۆر بە گرنگەوە لە ڕۆڵی ئافرەت دەڕوانێت. دنیا خان دەڵێت: “بەشداریی ژنان لە ژیانی سیاسیدا یەکێکە لە پایە بنەڕەتییەکانی گەیشتن بە گەشەسەندنی بەردەوام و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی. بەهێزکردنی سیاسیی ئافرەت تەنیا مەرجێکی یاسایی نییە؛ پێویستییەکە بۆ دەستەبەرکردنی نوێنەرایەتیی هاوسەنگ کە ڕەنگدانەوەی پێداویستییەکانی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بێت. ئەگەر سەیری گرنگییەکەش بکەین ئەوا خۆی لە چەند خاڵێکدا دەبینێتەوە کە ئەمانەن:
گەیشتن بە دادپەروەری و یەکسانی: بەشداریکردنی ئافرەتان لە پڕۆسەی سیاسیدا بەشدارە لە کەمکردنەوەی جیاوازیی جێندەری و دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی بنەمای دەرفەتی یەکسان.
بەرزکردنەوەی کوالیتیی بڕیارە سیاسییەکان: بەشداریی ئافرەتان دیدێکی جیاواز بۆ داڕشتنی سیاسەتی گشتی زیاد دەکات، بەتایبەتی سەبارەت بە پرسەکانی پەیوەست بە پەروەردە، تەندروستی، مافی منداڵان، و مافەکانی خێزان.
بەهێزکردنی کۆمەڵگا بە گشتی: کاتێک ئافرەتان بەشداریی بڕیاردان دەکەن، ڕۆڵی کۆمەڵایەتییان بەرز دەکاتەوە و دامەزراوەکانی دەوڵەت بەهێز دەکات لە ڕێگەی بەشداریی کاریگەرانەی نیوەی کۆمەڵگا.
بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بەرەوپێشبردنی شەفافیەت: هەندێک لە لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە بەشداریی ئافرەتان لە سیاسەتدا پەیوەندی بە کەمبوونەوەی ڕێژەی گەندەڵییەوە هەیە، ئەمەش بەهۆی پێشخستنی بەهاکانی دەستپاکی و لێپرسینەوە.
پێشخستنی گەشەپێدانی بەردەوام: ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام بەبێ بەشداریکردنی ئافرەتان لە پۆستە بڕیاردانی سیاسیدا ناتوانرێت بەدی بهێنرێت.”
بەدەر لە هەبوونی گرنگیی ئافرەت لە پڕۆسەی بەشداریی سیاسیدا، خاتوونی ناوبراو باسی لە ئاستەنگەکانی بەردەم ئافرەتانیش دەکات لەو پرسەدا، و وتی: “چەندین ئاستەنگی کۆمەڵایەتی هەن لە بەردەم ئافرەت، لەم پرسە و ڕۆژێنەرەدا بەوەی:
بەردەوامبوونی هەندێک بەربەستی کولتووری و کۆمەڵایەتی کە دەستڕاگەیشتنی ئافرەتان بە پۆستی سەرکردایەتی سنووردار دەکەن.
لاوازیی نوێنەرایەتیی ئافرەت لە هەندێک پەرلەمان و حکوومەتدا. نەبوونی پاڵپشتیی دامەزراوەیی و ئابووری بۆ ئافرەتانی کاندید.”
زیاتر، دیسانەوە لەنێو خودی ماڵەکانیشدا، بە ئاشکرا ویستی ئافرەتان دەبیندرێت بۆ پرسە نیشتمانی و سیاسییەکان، سەحرا فەرمان، کە دەرچوویەکی زانکۆی سۆرانە و کابانێکی لێهاتووی ماڵی خۆیەتی، بەوەی لەنێو ماڵەکەی خۆیدا، کار لەسەر چەمکە سیاسییەکان دەکات و بە گرنگەوە دەڕوانێتە هەواڵ و چالاکییەکانی ژنان لە هەرێمی کوردستان، لەم بارەیەشەوە بۆ هێلین دەڵێت: “بە ڕای من بەشداریی ئافرەتان لە پڕۆسەی سیاسی بەشدارییەکی بنچینەیی و گرنگە بۆ دیموکراسیی کارا، چونکە هیچ کۆمەڵگایەک ناتوانێت بە سەروەری و پەرەپێدانی تەواو بگات بێ ئەوەی دەنگ و ڕۆڵی ئافرەتان تێدا بێت. یەکسانیی جێندەر و بەرابەری لە بڕیارە سیاسییەکان بەهۆی ئێمەی ئافرەتان دەستپێدەکات و بە شێوەیەکی ئەرکدار دەبێت لە هەڵبژاردن و پەیوەندیدانی کۆمەڵایەتی و نیشتمانی. ئەوەش دەبێتە هۆی ڕووناکبوونەوەی کۆمەڵگا و دابینکردنی دادپەروەری و ئاسایش. بەشداریی ئافرەتان تەنها بە مەعنا نییە کە دەنگ بدەن، بەڵکو بەوەی توانایان بخرێنە بەر کار و لە هەڵسەنگاندنی بڕیارە گرنگەکاندا بەها بدەن.”
دواتر، بەپێی ئەوەی نزیکین لە خولی هەڵبژاردنەکانی عێراق و کوردستانیش بە هەموو حزب و لایەنەکانییەوە بە گەرمی کار بۆ سەرکەوتنی خۆی دەکات و خەریکی ئامادەکارییە، هەر بۆیەش با بزاندرێت ئاخۆ ڕۆڵی ئافرەت لەسەر بنەمای هەڵبژاردن چۆنە و چ کاریگەرییەکی دەبێت لەنێو کۆمەڵگا و خولی پەرلەمان؟
لەم بارەیەوە، شەیما حامد، کە خوێندکارێکی زانکۆی سۆرانە و کچە چالاکڤانێکی بواری گەنجان و ئافرەتانە لە سنووری سەنتەری قەزای ناوەندی سۆران، سەرەتا وەک ئافرەتێکی کۆمەڵگە و دواتریش وەک کچێکی زانستخوازێک بۆ هێلین دەڵێت: “هەڵبژاردن مافێکی دەستووری و یاساییە بۆ هەموو وڵاتێک و تاکێکی کۆمەڵگا لە جیهاندا، هەموو کەسێک مافی بەشداریکردنی دەبێت لە کۆمەڵگادا بێ جیاوازیی بیروبۆچوون و ڕەگ و ڕیشەییی ڕەها مرۆڤیەکان. ئافرەت بە چەکێکی گرنگی ئەو هەڵبژاردنە دادەنرێت، چونکە ئافرەت لە یاسادا دەستێکی باڵای هەبووە لە بەرەو پێشبردنی گەل و پرۆژە یاساکان و مافە ڕەواکانی گەلی کورددا. ئافرەت لەو سەردەمەدا چەکێکی بەهێزە بۆ هەڵبژاردن و دەستوورە سیاسییەکان لە پەرلەمانتار و حزبییەکان، بەرەو ئایندەیەکی گەش و پێشکەشکردنی دەستوورێکی یاسایی وەرگرتنی مافی هاوڵاتیان بە پێویستی دەزانم؛ ئافرەتیش کلیلی کردنەوەی دەرگای ئاشتی گشت دەستوور و پرۆژەیەک بێت!” دیسانەوە، لەبارەی هاندەرایەتی و نوێنەرایەتیی ژنەوە، شەیما وتی: “ئافرەت لە هەڵبژاردندا کاریگەرییەکی گەورەی هەیە لە دانانی دەستوور و قەوارەی سیاسی بە چەکێکی بەهێز دادەنرێت. ئافرەت هاندەرێکی گرنگە بۆ بەدەستهێنانی مافی ڕەوای گەلەکەمان بۆ خۆشگوزەرانی و تەبایی، یەکڕیزیی ماف و دەستوور، بە تایبەت لە قەوارەی ئافرەتانی دنیا وادەکات ئافرەتان زیاتر بڕوایان بەوە هەبێت کە خاوەن مافن لە کۆمەڵگادا، خاوەنی دەستوور و مافی سەربەخۆن، ببنە پاڵنەرێکی بەهێز بۆ ئافرەتانی تری جیهانیش کە بە دونیا بڵێین بەڵێ ئێمەش خاوەن دەستوور و یاسای تایبەتم.”

