ڕائیب جادر – هەولێر
لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە بەشداری زیاتر لە 60 هەنگەوان، جووتیار و ئاژەڵدارانی سنوورەكە سێیەمین فێستیڤاڵ بۆ بەرهەمە خۆماڵییەكان بەڕێوەچوو، كە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی سنوورەكە كردبوویەوە، لە فێستیڤاڵەكەدا هەنگوین، بەرهەمە كشتوكاڵییەكان، كاری دەستی، بەرهەمی سپیایی ئاژەڵداران نمایش كرا بوون، ئامانجە سەرەكییەكانیشی بریتی بوون لە ناساندن و بەبازاڕكردنی بەرهەمی كشتوكاڵی جووتیاران و ڕاكێشانی گەشتیاران بۆ ناوچە گەشتیارییەكان.
بەگوتەی ڕێخەرانی فێستیڤاڵەكە، فیستیڤاڵەكانی پێشوو سەركەوتنی باشیان بەدەستهێناوە و وایانكردووە، بەرهەمی ناوچەكە لە بازاڕەكانی دیكەی كوردستان و شارەكانی عێراق خواستی زۆری لەسەر بێت.
ئیدارەی سۆران، بە ناوچەیەكی كشتوكاڵی دەوڵەمەند ناسراوە و چەندین بەرهەمی خۆماڵی هەیە كە نەك هەر پێداویستییەكانی ناوخۆی سنوورەكە پڕدەكەنەوە، بەڵكو بۆ ناوچەكانی دیكەی كوردستانیش هەناردە دەكرێن و هەندێكیان داواكاری بیانیشیان لەسەرە.
خواستی خەڵك لەسەر بەرهەمی ناوخۆ زیاتر بووە، چەندین جۆر بەرهەمی ناوخۆ ئێستا لە بازاڕەكانی كوردستان و عێراق و جیهاندا بەردەستن، لەوانە هەنجیر، ترێ، خۆخ، هەرمێ و چەند بەرهەمێكی دیكە، چەند بەرهەمی ناوخۆ هەبێت خەڵك زیاتر حەز لێ دەكات، جووتیارانیش داوا دەكەن، لە كاتی پێگەیشتنی بەرهەمی ناوخۆ حكوومەت بە تەواوەتی ڕێگری بكات، بۆ ئەوەی هەم جووتیار زیان نەكات، هەمیش ئەو كەسەی كە دەكڕێت بەرهەمێكی باش و ساغلەمی دەستكەوێت، لە هەمان كاتدا هاندەرێكیش دەبێت بۆ ئەوەی ئێمەی جووتیاران زیاتر گرنگی بە بەرهەمی ناوخۆ بدەین.
بەرهەمەكان خواستێكی زۆریان لەسەرە و بەشێك لە دووكاندار و خاوەنی ماركێتەكان دەڵێن، وایلێهاتووە تا كیلۆیەك لە بەرهەمی وڵاتانی دیكە دەفرۆشین، دوو هێندە بەرهەمی ناوخۆیی دەفرۆشرێت و ماوەیەكی كەم لە ماركێتەكاندا دەمێننەوە.
گرنگیدانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی سەرۆكی حكوومەت بە كەرتی كشتوكاڵی، وایكردووە جووتیاران بەرهەمەكانیان هەمەچەشن بكەن، ئەو بەرهەمانەش كە پێداویستی ناوخۆ پڕدەكەنەوە، هەناردەی وڵاتانی دەرەوە دەكرێن، بەرزبوونەوەی خواست بۆ بەرهەمە خۆماڵییەكان و پشتیوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە باخەوان و جووتیاران گەرم و گوڕیەكی زۆری بە بازاڕی عەلوەكان داوە.
لە چوارچێوەی هەنگاوەكانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، مەسرور بارزانی بۆ ئاسایشی خۆراك و ئاو و فرەچەشنكردنی سەرچاوەكانی داهات لە كەرتی كشتوكاڵ هەنگاوی گەورە نراوە و جووتیارانیش بەو هەنگاوانەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دڵخۆشن.
تەواوی بەروبوومەكان كە لە فێستیڤاڵەكەدا نمایش كرابوون خۆماڵی بوون، بۆیە فرۆشیاری زۆری لەسەرە و هەموو ئەوانەشی بەشداریان كردبوو دەیانویست بەرهەمی خوازیاری خۆیان بەدەست بخەن. عارف شێروانی، سەرۆكی كۆمەڵەی هەنگەوانانی هەرێمی كوردستان، بۆ ڕۆژنامەی “هەولێر” گوتی: ئەوە سێیەمین فێستیڤاڵە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەكرێتەوە، ئەوەی جێگەی دڵخۆشی بوو ئەمساڵ ژمارەی جووتیاران، هەنگەوانان و ئاژەڵداران زیاتر بوو، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت كە ڕۆژبەڕۆژ حكوومەتی هەرێم زیاتر گرنگی بە بەرهەمی خۆماڵی دەدات ئەوەش هاندانێك دەبێت بۆ جووتیاران كە زیاتر ڕوو لە بەروبوومی خۆماڵی بكەن.
ستار عەزیز، هەنگەوانێكی باڵەكایەتییە، لەڕێگەی ڕۆژنامەی “هەولێر”ـەوە سوپاسی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ ڕێكخستنی فێستیڤاڵەكە و گوتی: ئەم فێستیڤاڵە دەرفەتێكی زۆر باشە بۆ بەبازاڕكردنی بەرهەمە خۆماڵییەكان بە تایبەتی هەنگوین، بۆ ئێمە وەك دوكانێك وایە، چونكە دەتوانین لە ماوەیەكی كەمدا بەرهەمەكەمان بفرۆشین كە بە درێژایی ساڵ پێیەوە ماندووبووین و شەونخونیمان بۆ كردووە، هەر ئەوەش وای كرد كە كڕیارێكی زۆری هەبێت و 85% لە بەرهەمەكەم بفرۆشم.
عەبدوڵڵا حاجی، جووتیارێكی دیكەیە، بۆ ڕۆژنامەی “هەولێر” گوتی: منیش بە بەرهەمە كشتوكاڵییەكان وەكو ترێ، هەنار و هەنجیر بەشداریم لە فێستیڤاڵەكەدا كرد، بەتایبەتی هەنجیر، كە سێ جۆر هەنجیرم هێنابووە فێستیڤاڵەكە لەوانە هەنجیری ڕەش، سپی و زەرد، لەو دوو ڕۆژەدا زۆربەی زۆری بەرهەمەكەم فرۆشت، لەگەڵ ئەوەش كڕیارێكی زۆر داوای كرد ئەگەر بەرهەمی زیاتر هەبێت، هەر خۆمان دێین لە باخەكە دەكەینەوە و دەخەینە بازاڕەوە.
فێستیڤاڵەكە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بوو ڕێخەرانی فێستیڤاڵەكە ئامانجیانە هەموو ساڵێك بۆ پشتەوانی جووتیاران بەردەوام بن لە ئەنجامدانی ئەو جۆرە فێستیڤاڵانە. هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بۆ ڕۆژنامەی “هەولێر” دەڵێت: بەروبوومەكانی سۆران تایبەتمەندی خۆیان هەیە، زۆر گرنگە بەرنامەیەك دابنێین بۆ ئەوەی بە خەڵك بناسێنین، بۆ ئەو مەبەستە كۆنفرانسێكمان لە پێشە بۆ ئەوەی بتوانین باشتر قسە لەسەر ئەو بابەتە بكەین.

