رۆژنامەی ھەولێر

دوای دوو ساڵ و نیو هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی جیهان دەستی پێ کردەوە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

دوای دوو ساڵ و نیو لە وەستانی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، جارێکی تر قوفڵی هەناردەی ئەو پێداویستییە گرنگەی پیشەسازیی جیهان لە هەرێمی کوردستان کرایەوە و نەوت بەرەو بەندەری جەیهان بەردرایەوە بۆ ئەوەی ڕەوانەی بازاڕەکانی جیهان بکرێت، ڕووداوێکی گرنگ لە ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان کە دەکرا زۆر زووتر ڕوو بدات و پێش بەو زیانە فراوانە بگرێت کە بەر عێراق کەوت.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشتر ڕێککەوتنی سێقۆڵی و دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە بەرەبەیانی شەممە ٢٧ی ئەیلوولی ڕاگەیاندبوو و دوێنێ لە دوای دەستپێکردنی هەناردەکردنەوەی نەوت باسم محەممەد خزەیر، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری دەرهێنان بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند دوای ماوەیەکی درێژ، ڕێککەوتنێکی سێقۆڵی لەنێوان وەزارەتی نەوت، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و کۆمپانیا کارپێکەرەکانی کێڵگە نەوتییەکانی نێو هەرێمی کوردستان کرا و وەک قۆناغی یەکەم سەد و نەوەد هەزار بەرمیل نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە وەردەگرن و ڕەوانەی بازاڕەکانی دەکەن و پەنجا هەزار بەرمیلیشی بۆ بەکاربردنی ناوخۆیی لە هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە.
دواتر حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق گەیشتنی نەوت بە بەندەری جەیهانی ڕاگەیاند و دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی بە هەنگاوێکی دڵخۆشکەر ناوبرد.
هەر دوێنێ سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆک وەزیران عێراقی فیدراڵ لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا پێشوازییان لەو هەنگاوە کرد و مەسروور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان داوای لێ کرد سەرجەم مووچەکانی ئەمساڵی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە لایەن بەغداوە دابین بکرێن و چیتر دوا نەخرێن.
هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا دەستی پێ کردووەتەوە کە ڕێک دوو ساڵ و نیو لەمەوبەر هەناردەکردەنەکەی وەستێنرا، لە بیست و پێنجی مانگی ئاداری ٢٠٢٣ هەناردەی نەوتەکە وەستا کە بە کەرکووکەوە چوارسەد تا پێنجسەد هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکرا. ئەگەر زیانی هەر مانگێکی هەناردەی نەوت بە نۆسەد ملیۆن دۆلار بخەمڵێنرێت، ئەوا کۆی زیانەکانی دەگاتە بیست و حەوت ملیار دۆلار کە دەکرا بەهۆیەوە ژێرخانی ئاوەدانکردنەوە و ئابووری و عێراق و هەرێمی کوردستانی پێ بەهێز بکرێت.

هۆکارەکانی وەستانی هەناردەی نەوت
وەستاندنی نەوت دوای ئەوە ڕوویدا کە لە ئاداری ساڵی ٢٠٢٣ دادگای ناوبژیوانیی پاریس دوای لێکۆڵینەوەی لە سکاڵایەکی عێراق حوکمی کۆتایی خۆی دەرکرد و حوکمەکە تورکیای سزادا بە تۆمەتی ئەوەی بێ پرسی عێراق لە جەیهانەوە نەوتی فرۆشتووە و سزای دارایی بەسەردا سەپاند.
مانگەکانی یەکەمی وەستانی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان پێوەندی بە حکوومەتی تورکیاوە هەبوو کە لەبەر بڕیاری دادگای فڕەنسا وەستاندی، بەڵام دواتر تورکیا ڕەزامەندی دەربڕی لەوەی لاری نییە نەوتەکە هەناردە بکرێت و دواتر بەغدا بە هۆکاری جیاواز دوای خست کە گرنگترینیان یاسای پێشووی بودجە بوو. یەکێک لە کێشە سەرەکییەکان پێوەندی بە خەرجییەکانی بەرهەمهێنان بوو کە دوای هەموارکردنەوەی یاسای بودجە ئەویش چارەسەر کرا و خەرجییەکە لە پێنج دۆلارەوە بۆ شازدە دۆلار بەرز کرایەوە.
هۆکاری سەرەکیی ئەو ماوە درێژە لە دواخستنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان ئەوەندەی سیاسی بوو ئەوەندە تەکنیکی نەبوو و ڕاستە کۆمپانیاکان پێداگر بوون لە دابینکردنی مافەکانیان و هەرێمی کوردستانیش داواکاریی تایبەت بەخۆی هەبوو بەڵام ئەمانە هی ئەوە نەبوون ئەوەندە هەناردەکە بوەستێنرێت.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەر زوو لە ساڵی ٢٠٢٣ لەگەڵ بەغدا بە ڕێککەوتن گەیشت و ئامادەیی خۆی بۆ ئەوە دەربڕی نەوتەکە لە لایەن سۆمۆوە بفرۆشێت و هەموو بیانووەکانی لە بەغدا بڕی بەڵام بەغدا نیازی تری لەو دواخستنەی هەناردەی نەوت هەبوو.

ئامانجەکانی بەغدا
یەکێک لە مەبەستە سەرەکییەکانی ئەوە بوو ئەو کۆمپانیایانەی کە لە بواری نەوتدا لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن بکشێنەوە و پشت لە هەرێمی کوردستان بکەن، بەڵام ئەمە نەک ڕووی نەدا کۆمپانیاکان تەنانەت گرێبەستی تریان لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا واژۆ کرد کە گرنگترینیان ئەوە بوو لە ئەمەریکا واژۆ کرا.
دووەم سیاسەتی عێراق ئەوە بوو گوشارێکی زۆر بخرێتە سەر هەرێمی کوردستان و خەڵک برسی بکات بەڵکوو بەهۆی دواکەوتنی مووچەکانیان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاپەڕن و دۆخەکە بەرەو نائارامی و ئەو ئاراستەیە بڕوات تەنانەت قەوارەی هەرێمی کوردستانیش نەمێنێت و بەغدا بەسەر هەموو شتێکدا زاڵ بێت، سیاسەتێک کە شکستی هێنا و هەرگیز سەرکەوتوو نەبوو.
جگە لەمە بەغدا لە پرسی دارایی و بانکی و ئیداری و داهات و باج و ڕسوومات گوشارێکی زۆری خستە سەر هەرێمی کوردستان و دەیویست دەست بەسەر هەموو داهاتەکاندا بگرێت و تەنانەت دەیویست خۆی ڕاستەوخۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابەش بکات و حکوومەت و دام و دەزگا یاسایی و نیشتمانییەکانی کوردستان لە بەرپرسیارێتی و ئەرک بخات و دواجار ئەمەیشی بۆ نەچووە سەر و کوردستان بەهێزتر لە جاران لەسەر پێی خۆی وەستایەوە.
دواین گوشار لە ڕێی کۆمەڵێک گرووپی میلیشیایی بوو بۆ لێدان لە ژێرخانی ئابووری و نەوتی کوردستان و بە درۆن و هاوەن چەندان کێڵگەی نەوتی کوردستان کرانە ئامانج و بەرهەمهێنانی نەوت لە زۆربەی کێڵگەکانی نەوت پەکی کەوت و دۆخێکی ناسەقامگیر لە کەرتی نەوت هاتە کایەوە کە بەخۆشییەوە هەر زوو ئاشکرا بوو کێ لە پشتی ئەو ڕووداوانەیە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش هەستی بە هەموو ئەو گوشارانە کرد کە خرابوونە سەر کوردستان و بۆیەش یارمەتیدەر بوون لە کەمکردنەوەی گوشارەکانی بەغدا و دووبارە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان.
پێشتر بەرپرسێکی کۆشکی سپی گوتبووی ڕێگەدان بە هاوبەشە کوردەکانیان لە عێراق بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت جگە لەوەی کە بۆ ئاسایشی ناوچەکە گرنگە لە هەمان کاتدا کاریگەری لەسەر کۆنترۆڵی نرخی بەنزین و نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا دەبێت.
عێراق بە دووەم هەناردەکاری نەوت لە نێو وڵاتانی هەناردەکاری ئۆپێک هەژمار دەکرێت و بە ڕەوانەکردنەوەی نەوتی کوردستان پێگەکەی بەهێزتر دەبێت و داهاتێکی زیاتر دەچێتە خەزێنەکەی کە دەکرێ بۆ ئاوەدانکردنەوە و ژێرخانی وڵات بەکاری بهێنێت جگە لەمە بەغدا تەنیا پشت بە یەک ڕێگای هەناردەکردنی نەوت نابەستێت و هێڵی نەوتی کوردستان دەتوانێت پاڵپشتییەکی گرنگ بێت بۆ هەناردەی نەوتی عێراق و ئابوورییەکەی زیاتر گەرەنتی بکات.
خەڵکی هەرێمی کوردستان ئەو چاوەڕوانییەیان لە بەغدا هەیە دوای ڕەوانەکردنی نەوت چیتر بەغدا بیانووی نوێ نەدۆزێتەوە و هاوشێوەی فەرمانبەران لە هەموو پارێزگاکانی عێراق مانگانە موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش بێ جیاوازی ڕەوانە بکات.