سەرۆک وەزیرانی عێراق پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ هەریەک لە سەرۆک بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەنجام دا و دەستخۆشیی لێکردن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوت.
رۆژی شەممە 27ـی ئەیلوولی 2025، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ هەریەک لە سەرۆک مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەنجام دا.
لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکاندا، سوودانی پێزانینی خۆی بۆ هەڵوێستی سەرکردایەتی و هێزە کوردستانییەکان دەربڕی، کە بەشداربوون لە گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی خاوی بەرهەمهێنراو لە هەرێم و ڕادەستکردنی داهاتەکەی بە گەنجینەی ناوەندی.
سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختی لەسەر پێویستیی بەردەوامبوون لەسەر هەموو ئەو هەنگاوانە کردەوە کە گەشەپێدانی نیشتمانی بەهێز دەکەن و بەرژەوەندیی گشتیی نیشتمانی دەخەنە پێشەوە.
هەروەها لە پەیوەندییەکاندا، جەخت لەسەر پشتیوانیکردنی وەبەرهێنان لە عێراق کرایەوە، بەو پێیەی بزوێنەری سەرەکیی دروستکردنی گەشەپێدانی گشتگیرە لە وڵاتدا و دەبێتە هۆی گۆڕانکارییەکی جۆری لە ئابووریی عێراقدا.

