ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی ئەیلوولی 2025، بە سەرپەرشتيی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
بڕگەی یەکەم تایبەت بوو بە خستنەڕوووی بابەتی ڕێککەوتنی سێ لایەنەی حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییەکان تایبەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەبەر ڕۆشنایی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیی هەموارکراو و بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەردوولا.
سەرەتا کەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت پوختەی بابەتەکەی بۆ ئەنجوومەنی وەزیران خستەڕوو و ئاماژەی دا بەوەی، دوای گفتوگۆ و دانوستانێکی دوور و درێژ، ڕێکكەوتنامەکە گەڵاڵە کرا و هەر دوێنێش بە نووسراوی فەرميی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، ڕێکكەوتننامە سێقۆڵیيەکە بە ئیمزای وەزیری سامانە سروشتییەکان و سەرجەم کۆمپانیا نەوتییەکان جگە لە کۆمپانیای (DNO)، ڕەوانەی حکوومەتی فیدڕاڵ کراوە، بەمجۆرەش هیچ ئاستەنگێک نەماوە لەبەردەم هەناردەکردنەوەی تەواوی نەوتی بەرهەمهاتووی هەرێمی کوردستان و بەبازاڕکردنی لەلایەن کۆمپانیای سۆمۆوە جگە لەو بەشەی بە ڕێککەوتننامەی هاوبەش بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ تەرخان کراوە.
وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی دا بەوەی کە ئێستا حکوومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕێی ئیمزای ئەو ڕێكکەوتننامە سێقۆڵیيەیە لەلایەن وەزارەتی نەوتی حکوومەتی فیدڕاڵیيەوە، تا لەم یەک دوو ڕۆژە ڕێکكەوتنامەکە بکەوێتە بواری جێبەجێکردن، دڵنیایی بە هەموو لایەکیش دا کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئامادەکارییەکی بۆ جێبەجێکردنی ئەو ڕێکكەوتنامەیە كردووە.
پاشان ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران بە وردیی باسی لە بەڕێوەچوونی دانوستانەکان کرد و ئاماژەی بە هەموو ئەو ئاستەنگانە کرد کە بە هەوڵی هاوبەشی هەموولایەک لابران و دواجار هەرسێ لایەن ڕێكکەوتنامەکەیان بە هاوبەشی گەڵاڵە کرد.
ئينجا ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران ناوەڕۆکی ڕێکكەوتننامە سێقۆڵییەکەی بۆ ئەنجوومەنی وەزیران خستەڕوو و وردەکاريی ماددە و بڕگەکانی ڕێكکەوتننامەکە و پابەندی و ماف و شایستەکانی هەریەک لە حکوومەتی فیدڕاڵ و حکوومەتی هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکانی ڕوون کردەوە کە وا چاوەڕان دەکرێت بە جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنامەیە، ئیتر سەقامگیری لە ناردنی ماف و مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بێتەکایەوە و چیتر مووچەخۆرانی هەرێم بێبەش نەکرێن لە وەرگرتنی مووچەکانیان لە کات و ساتی خۆی هاوتای مووچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق.
لە دوای گفتوگۆ، ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی و پێزانین بۆ هەوڵ و ماندووبوونی شاندی دانوستانکاری هەرێم کە دڵسۆزانە و لێهاتووانە و پشتبەست بە مافە دەستووریيەکان ئەرکی خۆیان جێبەجێ کرد لە گەیشتن بە ڕێكکەوتنی نەوت، لە هەمانکاتدا ئەنجوومەنی وەزیران پێشوازی لە بڕیاری کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ دەکات بە پەسەندکردنی ڕێكکەوتننامەی سێقۆڵی و خەرجکردنی مووچەی هەرێم بۆ مانگی تەمووزی ساڵی 2025، کە وا چاوەڕوان دەکرێت لێرە بەدواوە مووچەی مانگی ئاب و مانگەکانی دیکەش بۆ هەرێمی کوردستان خەرج بکرێت، لە بەرامبەریشدا ئەنجوومەنی وەزیران وەک هەمیشە ئامادەیی خۆی دووپات کردەوە بۆ بەردەوامبوون لەسەر جێبەجێکردنی پابەندیەکانی خۆی لەپێناوی دابینکردنی مووچە و شایستەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
لە بڕگەی دووەم و کۆتاییدا، گفتوگۆ لەبارەی دواپێشهاتی دۆسیەی پۆلێنکردنی داهاتە نانەوتییەکان و دەستنیشانکردنی بەشی گەنجینەی فیدراڵی کرا.
لەمبارەیەوە سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران بەوردی دواپێشهاتەکانی خستەڕوو و لایەنی دەستووری و یاسایيی بابەتەکەی بەوردی بۆ ئەنجوومەنی وەزیران شی کردەوە. دواتر ئەندامانی دیکەی شاندی دانوستانکار بە درێژی وردەکاریی گفتوگۆکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیان سەبارەت بەم دۆسیەی ڕوون کردەوە.
دوای گفتوگۆ، ئەنجوومەنی وەزیران جارێکی تر ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ چارەسەری ئەم بابەتە پشتبەست بە یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدڕاڵ و یاسای بودجەی گشتی فیدڕال و بڕیاری دادگای فیدڕاڵی، وەک لە دوا یاداشتی یاسایی شاندی دانوستانکاری هەرێم هاتووە و ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ کراوە. لە هەمانکاتدا ئەنجوومەنی وەزیران، وەزیری دارایی و ئابووری ڕاسپارد کە بە زووترین کات بڕی 120 ملیار دیناری دیکە وەک بەشی گەنجینەی فیدڕاڵی بۆ مانگی تەمووزی ساڵی 2025 بخەنە سەر ئەژماری وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، بەهیوای ئەوەی پەلە بکرێت لەسەر یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی داهاتی نانەوتی بە ڕێکكەوتنێکی هاوبەشی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێم و فیدراڵ، بۆ ئەم مەبەستەش ئامادەیی نیشاندرا بۆ هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ ئەو لیژنە وەزارییە شەش کەسییەی کە بۆ بابەتی داهاتە نانەوتیەکان لە بەغدا پێکهێنراوە.

