رۆژنامەی ھەولێر

دەزگای خێرخوازیی بارزانی بانگهێشتی پەرلەمانی ئەڵمانیا كرا

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە پەرلەمانی ئەڵمانیا بۆ یەكەم كۆبوونەوەی دامەزراندنی لۆبیی كوردی‌ئەڵمانی بانگهێشت كرا.

شاندی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە سەرپەرشتی بەڕێز موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە پەرلەمانی ئەڵمانیای فیدراڵ لە یەكەم كۆبوونەوەی دامەزراندنی لۆبیی كوردی‌ئەڵمانی بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكان گەلی كورد و ئەڵمانیا بەشداری كرد.
ئاوات مستەفا، یەك لە ئەندامانی شاندەكە بە (هەولێر)ی گوت: دەزگای خێرخوازیی بارزانی، تەنیا دەزگایەكی مرۆیی لە دەرەوەی وڵاتی ئەڵمانیا بوو، كە بۆ ئەو كۆبوونەوەیە بانگهێشت كرابوو. چەند پەرلەمانتار كە شەشیان سەرپەرشتیی دامەزراندنی لوبییەكە دەكەن، هەروەها ژمارەیەك ڕێكخراوی مەدەنی و توێژەری ناسراو ئامادە بوون كە هەموویان لە بواری كوردناسی شارەزان و، لە ئەڵمانیا ڕۆڵێكی كاریگەریان سەبارت بە دۆزی كورد بینیوە.
موسا ئەحمەد لە پانێڵێكدا دەستخۆشی و پیرۆزبایی لەو دەستپێشخەرییە كرد و باسی چەندین پلان و بەرنامەی كرد كە دەكرێت لە ڕێگەی هەماهەنگیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەگەڵ پەرلەمانتاران و ڕێكخراوەكانی مرۆیی لە ئەڵمانیا جێبەجێ بكرێن و سەركەوتوو بن.
جیگای باسە سەردار یوكسەل، ئەندامی پەرلەمانی ئەڵمانیا و ئەندامی پێشووی هەرێمی “نۆردراین ڤێستفالن”، پێنج پەرلەمانتاری دیكە سەرپەرشتیی پڕۆژەكە دەكەن.