رۆژنامەی ھەولێر

هێرشی توركیا بۆ سەر رۆژئاوا راستیی تێدایە؟

كارزان گلی – هه‌ولێر

ئەحمەد شەرع، سەرۆكی راگوزەری سووریا، لە تازەترین لێدوانیدا گوتی ”ئەگەر تا سەری ساڵ، هەسەدە نەچێتە سەر وەزارەتی بەرگریی سووریا، رەنگە توركیا هێرشیان بكاتە سەر“، جیا لە شەرعیش، میدیاكانی نزیك لە ئاكەپە، باس لە ئەنجامدانی ئۆپەڕاسیۆنێكی گەورەی توركیا دەكەن بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان، بەڵام ئایە ئەمە تەنیا هەڕەشەیە یان دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە؟

توركیا ئەزموونی هێرشكردنە سەر هەسەدەی هەیە، لە 2018 عەفرینی داگیركرد و هەزاران كورد ئاوارەبوون، بۆیە كاتێك باس لە هێرشكردنە سەر هەسەدە دەكرێت، بابەتەكە زۆر بەجیدی وەردەگیرێت و قسەی لەسەر دەكرێت.
بەگوێرەی زانیاری میدیاكانی توركیا، هێرشكردنە سەر هەسەدە ئاسان نییە، چونكە هەسەدە بەتەنیا نییە و وڵاتانی ئەورووپای لەگەڵە، ئەمریكاش بەئاسانی دەستبەرداری نابێت، بۆیە لە هەنگاوی یەكەمدا، هەموو هەوڵێكی توركیا بۆ ئەوەیە، رێككەوتنی ١٠ی٣ی٢٠٢٥ جێبەجێ بكرێت، لە نێوان مەزڵووم عەبدی و شەرعدا، ئەگەر ئەمە رووی نەدا، بیر لە هێرشكردن دەكرێتەوە.
ئاژانسی (T24)ی توركی بڵاوی كردووتەوە، بەبێ ئیسرائیل بەهیچ شێوەیەك توركیا ناتوانێت هێرش بكاتە سەر هەسەدە، چوونكە وەكوو ئەوەی شەرع باسی دەكات، بەنهێنی باس لە رێككەوتنێكی نێوان سووریا و ئیسرائیل دەكرێت، خاڵەكانی لەو رێككەوتنە زیاتر لە بەرژەوەندی ئیسرائیلە، بەوەی نابێت سووریا ببێتە خاوەنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی و فڕۆكەی جەنگی، ئەگەر ئەم رێككەوتنە بكرێت، هەسەدەش ترسی لە سووریایەك نابێت ژێرخانێكی سەربازی گەورەی هەبێت و ببێتە مەترسی بۆی، ئەوكات دەبێت لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن و رێككەوتن بكەن.
هێرشكردنە سەر هەسەدە، وەكوو ئەوەی شڕۆڤەی بۆ دەكرێت، چەند ریسكێكی گەوردەی بەدوادا دێت، كە ئەمانەن:
یەكەم: شەڕێكی ناوەخۆیی زۆر گەورە روو دەدات، رەنگە ئاساییشی سووریا بخاتە مەترسییەوە و چەند گروپێكی تیرۆرستی، بەتایبەت داعش سەرهەڵبداتەوە. هەسەدە بەفەرمی رایگەیاندووە، داعش لە سووریا خۆی كۆ كردووەتەوە و دەیانەوێت گورزی گەورە بهاوێن.
دووەم: هێرش بكرێتە سەر هەسەدە، رەنگە زیاتر لە یەك ملیۆن كەس ئاوارە بێت، ئەو ئاوارانەش بەشێكی زۆریان روو دەكەنە توركیا و لەوێشەوە دەبنە مەترسی بۆ سەر ئەورووپا، وەكوو ٢٠١١، كە شاڵاوی ئاوارەكان بەڵایەكی گەورە بوو بۆ ئەورووپا، بۆیە ئەورووپا ئامادە نییە مەترسییەكی لەوشێوەیەی تووش ببێتەوە و رێگە نادات توركیا هێرش بكاتە سەر هەسەدە.
سێیەم: ئەوەی زۆر گرنگە و قسەی لەسەر دەكرێت، بەردەوام پرسی چارەسەری كورد لە توركیا، پەیوەست بووە بە پرسی رۆژئاوای كوردستانەوە. لە پەرلەمانی توركیا كۆمیسیۆنێك دروست بووە بۆ چارەسەری پرسی كورد و چەكدانانی پەكەكە، ئەگەر توركیا هێرش بكاتە سەر هەسەدە، پرسی چارەسەری و چەكدانانی پەكەكە هەڵدەوەشێتەوە، ئەمەش مەترسی زۆر گەورەی بۆ توركیا دەبێت و لەناوەخۆی خۆشیدا رووبەڕووی چەندین كێشەی گەورە دەبێتەوە، بەتایبەت ئێستا فشارێكی گەورە لەسەر جەهەپە هەیە، كە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیایە و ئەگەر دەم پارتیش بكاتە دوژمنی خۆی، رەوشی ئاكەپە باش نابێت.
توركیا خۆی ئامادە دەكات تا بەر لە ٢٠٢٨ بچێتە ناو هەڵبژاردنەوە، ئاكەپە و مەهەپەش چاویان لەوەیە دەنگی كورد بەدەست بهێنن و لەرێگەی هاوپەیمانییە1تێكەوە بتوانن هەڵبژاردن ببەنەوە، بۆیە ئەگەر هێرش بكرێتە سەر هەسەدە، دەم پارتی نایەتە ناو هاوپەیمانی لەگەڵ ئاكەپە و مەهەپە، ئەمەش كاریگەریی زۆری لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن دەبێت، بۆیە هێرش كردنە سەر هەسەدە چەندی بەگرنگەوە باس بكرێت، بەڵام بەكردار ئەستەمە و ئاسان نییە.