بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان، لە راگەیێندراوێکدا چەند رێنماییەکی بۆ ماتۆڕسواران بڵاوکردەوە و داوایان لێ دەکات پابەند بن بۆ پاراستنی سەلامەتیی خۆیان و هاووڵاتییانی دیکە.
ڕێنماییەکانی بەڕێوبەرایەتتیەکە مەرجەکانی مۆڵەت، کەرەستەی خۆپارێزی و پابەندبوون بە یاساکان لەخۆدەگرێت. هاتوچۆ جەخت دەکاتەوە، بێ چاوپۆشی مامەڵە لەگەڵ سەرپێچیکاراندا دەکات.
ڕایانگەیاندووە؛ لە وەرزی خوێندندا پێویستە ماتۆڕسواران بە ئارامی و بە خێراییەکی کەم لە نزیک ناوەندەکانی خوێندن شۆفێری بکەن. هەروەها لە کاتی کەشوهەوای نالەباردا، بە وریایی زیاترەوە شۆفێری بکەن.
داوا لە ماتۆڕسواران دەکات پابەندی یاساکانی هاتووچۆ بن، لەوانە وەستان لە ترافیک لایت، پابەندبوون بە خێرایی دیاریکراو، بەکارنەهێنانی مۆبایل و دوورکەوتنەوە لە سەرکێشی. هەروەها جەخت لەسەر نەهێشتنی دەنگی بەرزی ساڵۆنسا (ئاگزۆز) کراوەتەوە.
جەختیان لەوەش کردووەتەوە، پێویستە ماتۆڕسوار هەڵگری مۆڵەتی شۆفێری بێت و ماتۆڕەکەشی بە فەرمی تۆمارکرابێت. هەروەها بەکارهێنانی کڵاوی سەرپارێز بە کوالێتیی بەرز بە پێویستییەکی سەرەکی دادەنێت، لەگەڵ کەرەستەکانی دیکەی خۆپارێزی وەک دەستکێش و پارێزەری ئەژنۆ و ئەنیشک.
ئەوەشیان ڕاگەیاندووە؛ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ لە هەرێمی کوردستاندا، بێ چاوپۆشیکردن لێپرسینەوە لە هەر سەرپێچیکارێک دەکەن و بەوپەڕی بایەخەوە دەڕواننە سەلامەتیی سەروماڵی هاونیشتمانیان”.

