ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە لە پیرمام، مەلامستەفا بارزانی پێشوازی لە شاندی باڵای دەزگای ئاشتیی جیهانی بە سەرۆکایەتی د. تۆنی دیقاین جێگری سەرۆکی دەزگاکە و ئەندامانی دەزگاکە کرد.
لە دیدارەکەدا باس لە کولتووری پێکەوەژیان و ڕێگریکردن لە دابەشبوونی ئایینی، کلتوری و نەتەوەیی، هەروەها بەهێزکردنی خێزانەکان و پشتگیریکردنی گەنجان لە ڕێگەی پەروەردەی بەهاکان کرا.
مەلامستەفا بارزانی خۆشحالی خۆی بۆ ئەم سەردانەی شاندی دەزگای ناوبراو دەڕبری و جەختی لەسەر بەهێزبوونی کولتووری پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکانی ئایینی و نەتەوەیی هەرێمی کوردستان کردەوە.
لای خۆیەوە جێگری سەرۆکی دەزگای ئاشتیی نێودەوڵەتی و شاندی یاوەری، وێڕای سوپاس و پێزانینیان بۆ ئەم پێشوازییە گەرمەی کە لەلایەن مەلامستەفا بارزانییەوە لێیان کرا، خەڵاتی دەزگاکەیان (میدالیای ئاشتی و پێکەوەژیان) پێشکەش بە بەڕێزیان کرد.
دەزگای ئاشتی نێودەوڵەتی، کار بۆ بنیاتنانی ئاشتی و ئازادی ئایینی لە سەر بنەمای بەها مرۆییەکان، هەروەها جەخت لەسەر بەها و ئایدیاڵەکان دەکەنەوە کە لەسەر نەریتی باوەڕ و حیکمەتی جیهان دامەزراوە بۆ پەروەردەکردنی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی.

