رۆژنامەی ھەولێر

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق دەكات

ئەمڕۆ سێشەممە 23ی ئەیلوولی 2025 لە سەلاحەدین، سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە جۆشوا هاریس هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا كە خاتوو گوێندڵن گرین كونسوڵی گشتیی ئەمریكا لە هەولێر ئامادەی بوو، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق جەختی لە پەیامی دۆستایەتیی نێوان وڵاتەكەی و هەرێمی كوردستان كردەوە و ڕایگەیاند، ئەمریكا خوازیاری كوردستانێكی بەهێزە و بەهێزیی كوردستانیش لە قازانجی سەقامگیریی عێراقە.

هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریكا ئەوەشی دووپات كردەوە كە ئەمریكا پاڵپشتی مافە دەستوورییەكانی هەرێمە و پشتیوانی لە گفتوگۆكانی نێوان حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و حكوومەتی هەرێم دەكات و ناكرێ بابەتی پێنەدانی مووچە بە مووچەخۆرانی هەرێم هەر بەردەوام بێت و پێویستە چارەسەر بكرێت.

لە بەشێكی تری قسەكانیدا هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق باسی لە ئەزموونی سەركەوتووی هەرێمی كوردستان بە تایبەت لەبواری وزە و كارەبا كرد و وەك نموونەیەك بۆ بەشەكانی تری عێراقی لە قەڵەم دا.

لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراقیش، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریكا ڕایگەیاند كە وڵاتەكەی خوازیاری ئەوەیە سەروەریی عێراق بپارێزرێ و ڕێگە لە دەستوەردان لە كاروباری عێراق بگیرێت.

لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی سوپاسی هەڵوێستی ئەمریكای كرد لە یارمەتیدانی گەلانی عێراق و هەروەها هەرێمی كوردستان. سەبارەت بە پڕۆسەی سیاسی عێراقیش، سەرۆك بارزانی ڕایگەیاند كە بەداخەوە دەستەڵاتدارانی عێراق پابەندی دەستوور و ڕێككەوتنەكان نەبوون و ئەوەش بووەتە سەرچاوەی گرفتەكان.

سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە پڕۆسەی هەڵبژاردن لە عێراق، جەختیشی لەوە كردەوە كە باشترین ڕێگە بۆ نوێنەرایەتیكردنی ڕاستەقینە گەڕانەوەیە بۆ یاسای یەك بازنەیی بۆ ئەوەی لە گونجانی ژمارەی كورسی لەگەڵ ڕێژەی دانیشتووان دادپەروەری هەبێت.

بارودۆخی ناوەخۆی هەرێمی كوردستان تەوەری تری ئەو دیدارە بوون.