رۆژنامەی ھەولێر

بەڕێوەبەری پەروەردەی مێرگەسۆر: تا ڕادەیەکی باش کێشەکانی پەروەردە لە سنووری مێرگەسۆر چارە کراون

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

مامۆستا مەجید خانۆ، بەڕێوەبەری پەروەردەی مێرگەسۆر، لە دیدارێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: ١٨٤ قوتابخانە لە سنوورەکەمان ھەنە، ئەمساڵ تا ڕادەیەکی زۆر باش توانیومانە کێشەکانی کەرتی پەروەردە لە سنوورەکە چارە بکەین، بۆ ئەوەی پڕۆسەکە بێ کێشە بەڕێوەبچێت.

ڕۆژی یەکشەممە لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لێدرا، ئەمساڵ ئامادەکاری تەواو لەڕووی نۆژەنکردنەوەی قوتابخانە و چاپکردنی کتێبی نوێ و گەڕاندنەوەی مامۆستایانی وانەبێژ کراوە، ئەمساڵ تەنیا گۆڕانکاری لە دیزاینی جلوبەرگی قوتابییان نەکراوە، ئەگەرنا گۆڕانکاری تەواو لە پرۆسەی خوێندن و پەروەردە کراوە، گۆڕانکارییەکان بە گوێرەی پێداویستییەکانی سەردەم کراون، بۆ ئەوەی کوردستان ھاوتەریب بێت لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی جیھانی پێشکەوتوو.
بەڕێوەبەری پەروەردەی مێرگەسۆر، گوتی: ساڵی نوێی خوێندن ٢٠٢٥-٢٠٢٦ لە ھەموو قوتابییان و مامۆستایان پیرۆز دەکەم، لە سنووری پەروەردەکەمان ١٠ باخچەی منداڵان، ١٦٩ قوتابخانەی بنەڕەتی و ئامادەی ھەنە، ھەروەھا ١٣٦٥ مامۆستای گرێبەست و ٤٦٠ مامۆستای ھەمیشەی لەو قوتابخانانە دەوام دەکەن، کۆی گشتی مامۆستا و فەرمانبەرانی سنوورەکەمان دەبنە ٢٧١٧، قوتابییانیش نزیکەی ١٣ ھەزار قوتابی دەبن کە لە قوتابخانە حکومییەکان دەوام دەکەن، ھەروەھا دوو باخچەی ناحکومی، دوو بنەڕەتی و ئامادەییەکیش ھەن
سەبارەت بە چارەکردنی کێشەکان، مامۆستا مەجید خانۆ، بەڕێوەبەری پەروەردەی مێرگەسۆر، دەڵێ: لە مانگی حەوتەوە لیژنەمان پێکھێناوە بۆ ڕێکخستنی میلاک کە ھەموو ساڵێک گەورەترین کێشەی ئێمە میلاکە، بۆیە ئەو لیژنەی کە دانراوە بەشێوەیەکی زۆر ورد کاری لەسەر ئەو بابەتە کردووە، تا ڕادەیەکی زۆر باش توانیومانە ئەو کێشەیە چارە بکەین، ئێستاش کە دەرگای قوتابخانەکان کراونەتەوە و کەوتووینەتە ناو پرۆسەکە زیاتر دەزانین تا چەند توانیومانە ئەو کێشەیە چارە بکەین ئەگەر ھەبێت، ھەروەھا لیژنەیەکمان بۆ دابەشکردنی پەرتووک پێکھێناوە، لە کۆگای گشتی پەرتووکمان بۆ ھاتووە ئێمەش بەسەر ھەموو قوتابخانەکانی خۆماندا دابەشکردووە و ھیچ کێشەیەکمان لەو ڕوویەوە نییە، ھەر پێداویستییەکی دیکەش کە پێویست بێت بەگوێرەی توانا توانیومانە بۆ قوتابخانەکانی خۆمان دابین بکەین، ئەوەی دیکەش کە لە تواناماندا بێت لە داھاتوودا دابین دەکەین، بۆ ئەوەی پڕۆسەکە لە سنوورەکە بێ کێشە بەڕێوەبچێت.
سەبارەت بەوەی ئەمساڵ ڕێژەی دەرچوون لە پۆلی نۆ و دوازدە بە چ شێوەیەک بوو و تا چەند لە تموحی ئێوەدا بوو، بەڕێوەبەری پەروەردەی مێرگەسۆر، ڕاگەیاند، ڕێژەی دەرچوون لە پۆلی نۆ بەرزبووەتەوە، ساڵی ڕابردوو ٧٥% بوو، ئەمساڵ ڕێژەکە بووەتە ٧٩%، بۆ پۆلی ١٢ـیش بە ھەمان شێوە ڕێژەی دەرچوون بەرزبووەتەوە، ھەروەھا ئاستی زانستییش بەرزبووەتەوە، ھەوڵیش دەدەین ساڵ بە ساڵ ڕێژەی دەرچوون و ئاستی زانستی بەرز بکەینەوە.
مامۆستا مەجید خانۆ، بەڕێوەبەری پەروەردەی مێرگەسۆر، گوتیشی: ڕاستە ئەمساڵ ھەڵسەنگاندن بۆ قوتابخانەکان ناکرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەش لیژنەکانی ھەڵسەنگاندن، ئامادەکاری دەکەن بۆ ساڵی داھاتوو کە ھەڵسەنگاندن بۆ قوتابخانەکان دەکرێت، لە ڕۆژانی داھاتوو لە وەزارەتەوە ڕێنمایی نوێ دەردەچن بۆ ئەوەی سەرپەرشتیارانی ئێمە بزانن چۆن و بە چ شێوەیەک کار بکەن، کە ھەر قوتابخانەیەک سەرپەرشتیاری خۆی ھەیە و سەردانی قوتابخانەکانیان دەکەن، بۆ پەروەردەی مێرگەسۆر ئەو بڕیارەی وەزارەت شتێکی زۆر باش بوو، چونکە کێشەی کەمی سەرپەرشتیارمان ھەیە و وەکو پێویست نەیان دەتوانی سەردانی قوتابخانەکانی خۆیان بکەن، بۆیە ئەوە ھەم بۆ پەروەردەکەمان ھەمیش بۆ وەزارەت ھەنگاوێکی باش دەبێت، چونکە سەرپەرشتیارەکان وردتر کار لەسەر کەموکوڕییەکانی قوتابخانەکانی خۆیان دەکەن، بۆ ئەوەی کێشەکان دەستنیشان بکەن و چارە بکەن.
سەبارەت بە کەمی مامۆستای پسپۆر تا چەند بۆ پەروەردەی مێرگەسۆر بۆتە کێشە، بەڕێوەبەری پەروەردەی مێرگەسۆر، دەڵێ: وەزارەت ڕێنمایی دەرکردووە لە قۆناغی بنەڕەتی بنەما ھەیە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی کە لە قوتابخانەکان ھەیە ھەر مامۆستایەک جیا لە پسپۆرییەکەی ھەر وانەیەک مامۆستای نەبێت پێویستە مامۆستای دیکە ئەو بۆشاییە پڕ بکاتەوە، بۆیە لە قۆناغی بنەڕەتی نەبووەتە پێوەر و پێویستە ھەر مامۆستایەک ٢٤ بەشەوانەی خۆی وەربگرێت، بەس لە قۆناغی دواناوەندی و ئامادەیی، ئەگەر کێشەش ھەبێت، توانیومانە ئەو کێشەیە تا ڕادەیەکی زۆر باش چارە بکەین، ھەروەھا ھەر بەپێی ڕێنمای وەزارەت تاکە بنەما کە کار لەسەر بکەین پێویستییە، بێگومان ڕێنمای وەزارەت ھاتووە دەبێت ئەگەر قوتابخانە، یان بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە پێویستی بە مامۆستا ھەبێت، ئەو مامۆستایە داوای گواستنەوە بکات ناگوازرێتەوە بۆ قوتابخانەیەکی دیکە، چ مامۆستای گرێبەست بێت یان ھەمیشەیی، ئەو کات دەگوازرێتەوە ئەگەر زیاد بێت، ئێمەش لە سنووری پەروەردەی مێرگەسۆر ئەو حاڵەتەمان نییە، بۆیە نەمان توانیوە گواستنەوە بۆ ھیچ مامۆستایەکی خۆمان بکەین، ئەو تێبینییە لەسەر پەروەردەی مێرگەسۆر ھەیە، بەس بۆ ئێمە ئەولەویەت قوتابییە، نابێت لەبەر بەرژەوەندی مامۆستایەک ١٠٠ قوتابی بێ مامۆستا بکەین و وانەی خۆیان نەخوێنن، ئەو کێشەیەش نەک تەنیا لە سنووری پەروەردەی مێرگەسۆر ھەیە، بەڵکو لەزۆربەی پەروەردەکانی دیکە ھەیە.