رۆژنامەی ھەولێر

یەكەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی پەروەردە لە کوردستان

ئاریان دەرگەڵەیی – هه‌ولێر

یەكەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی پەروەردە، كە بە هاوبەشی لە نێوان زانكۆی سۆران، لوبنانی‌فەرەنسی و كوردستان‌هەولێر، لەژێر دروشمی “یەكەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی پەروردە لە پێناو هاووڵاتیبوونی چالاك و هەمەچەشنیی زمانەوانی و كولتوور” ڕێك خرابوو، كۆتایی بە كارەكانی هێنا.

بە پێی راگەیێنراوێكی کۆنفرانسەكە، لە ماوەی سێ ڕۆژدا لە هەریەكە لە شاری هەولێری پایەتەختی هەرێمی كوردستان و شاری سۆران، بەڕێوە چوو، کۆنفرانسەكە لە زانكۆی لوبنانی فەرەنسی، بەڕێوە چوو، تێدا حەوت پانێڵ پێشكەش كران.
لە كۆتا ڕۆژی کۆنفرانسەكەدا، لە زانكۆی سۆران، بە ئامادەبوونی، پ. ی. د. شێروان شەریف قورتاس، سەرۆكی زانكۆی سۆران، ئەندامانی ئەنجوومەنی زانكۆ، هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، چەند بڕەگەیەك بەڕەێوە چوون.
پ. ی. د. شێروان شەریف قورتاس، سەرۆكی زانكۆی سۆران، وتارێكی پێشكەش كرد، وێرای بەخێرهێنانی میوانان و خۆشحاڵیدەربڕینی خۆی، پیرۆزبایی لە هەرسێ زانكۆکە كرد بۆ گرێدانی ئەم کۆنفرانسە و هیوای خواست لە كاری هاوبەشی لەم شێویە بەردەوام بن و، گرنگیەکی زیاتری پێ بدرێت و سوود لە ڕاسپاردەكانی کۆنفرانسەكە وەربگیرێت.
دواتر، هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، پەیڤێكی پێشكەش كرد؛ لە بەشێكی وتارەكەیدا باسی لە گرنگیی کۆنفرانسەكە كرد: ئەو بابەتانەی كە پێشكەش كراون و شیكردنەوەیان بۆ كراوە، بابەتی باش و بایەخدارن و زۆر گرنگە بۆ بنیاتنانی پەروەردە و فێركردن، دڵنیام ناوەرۆكی کۆنفرانسەكە دەرئەنجامی باشی دەبێت.
پاشان بڕگەی گۆرانی میۆزیك بەڕێوە چوو، تێدا چەند پارچە مۆزیكێك و گۆرانی فولكلۆری كوردی، پێشكەش كران.
بڕگەی دواتر، دەرئەنجام و ڕاسپاردەكانی، یەكەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی پەروەردە لە پێناو هاووڵاتیبوونی چالاك و هەمەچەشنی زمانەوانی و كولتوور، لەلایەن، د. بنار فەرید، یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی لوبنانی فەرەنسی، خوێندرانەوە.
لە كۆتاییدا، بڕوانامایی بەشداربوون، لە لایەن هەرسێ زانکۆکە، واتە زانکۆی سۆران، (لوبنانی فەرەنسی) و (كورستان _ هەولێر)، بەخشرایە پانێڵیست و بەڕێوەبەرانی پانێڵ و ڕێكخەرانی کۆنفرانسەکە.