رۆژنامەی ھەولێر

لە عێراق کارتی دەنگدان بە ٥٠٠ هەزار دینار کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکرێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ھێشتا زیاتر لە ٥٠ ڕۆژ ماوە بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کەچی بازاڕی بەخشینەوەی چەک، جلوبەرگ و کڕینی کارتی دەنگدان گەرمە و ھەر کارتێکی بایۆمەتری بە ٥٠٠ ھەزار دینار کڕین و فرۆشتی پێوەدەکرێت.

وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، دەڵێت: ھەر کەسێک کڕین و فرۆشتن بە کارتی دەنگدانەوە بکات، سزای زیندانی تا یەک ساڵی بەسەردا دەسەپێندرێت، کارتی دەنگدەر ھیچ سوودێکی بۆ کەسی دیکە نییە، چونکە دەنگدەر دەبێت پەنجەمۆری خۆی ھەبێت ئەوکات دەتوانێت دەنگ بدات.
ماوەی چەند ڕۆژێکە دەنگۆی فرۆشتنی کارتی دەنگدان بە بڕی ٥٠٠ ھەزار دینار و کڕینی لەلایەن کاندید و ھێزە سیاسییەکان بڵاوبووەتەوە، ئەمەش نیشانەی پرسیاری لەسەر شەفافیەتی پرۆسەکە دروستکردووە، بە گوێرەی زانیاریی ورد و پشتڕاستکراوە، پرۆسەیەکی پلان بۆ دارێژراو لە عێراق دەستی پێ کردووە لە لایەن بەشێک لە گرووپە میلیشیاکان کە ھەڵمەتێکی فراوانیان کردووە و دەستیان کردووە بە کۆکردنەوەی ھەزاران کارتی دەنگدانی ھاووڵاتییان بەشێوەی جۆراوجۆر، چ لەڕێگەی فشار بێت لە خەڵکی، چ بە پێدانی پارە بە دەنگدەران، بەم جۆرەش پارەیەکی ئێجگار زۆر کە لە ڕابردوودا بەشێوەی جیاجیا لە حکوومەتی سوودانییان وەرگرتووە، بۆ کڕینی کارتی دەنگدان و کۆکردنەوەی بەکاریان ھێناوە.
کڕینی کارتی دەنگدان کاریگەریی زۆر خراپی دەبێت لەسەر پرۆسەی ھەڵبژاردن، ئەمە دەچێتە خانەی پێشێلکاری لە ھەڵبژاردن، کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان بە ڕێنمایی فەرمی ئەوەی قەدەغە کردووە، بەڵام ئەو لیستانەی کە لە لایەن میلیشیاکانەوە پاڵپشتی دەکرێن، لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەستیان داوەتەوە کڕینی کارتی دەنگدان، تەنانەت بە فەرمی نووسینگەشیان ھەیە بۆ کڕینەوەی کارتی دەنگدان و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش بانگەشەی بۆ دەکەن.
ماڵپەڕی بەغداد الیوم لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردووەتەوە، پرۆسەی ھەڵبژاردن لە عێراق بۆ گۆڕەپانێکی کراوەی لێوان لێو لە پشێوی گۆڕاوە بەجۆرێک ھەر لەئێستاوە ھەوڵی کڕینی کارتی دەنگدان دەدرێت لەڕێگەی پارەی سیاسی کە بەدزی و گەندەڵی بەدەستھاتووە.
لەزاری شارەزایانەوە ئاماژە بەوەکراوە، ئەوەی لە ئارادایە ڕەنگدانەوەی واقیعێکی مەترسیدارە و ھەڕەشە لە خاوێنی ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی ئەم وڵاتە دەکات و پرۆسەی دیموکراسی دەخاتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەخت.
بەپێی ھەمان سەرچاوە دەستکراوە بەدابەشکردنی دەمانچە بەسەر سەرۆک خێڵ و جلی ژنانەش دەدرێتە دەنگدەرانی ئافرەت و نرخی ھەر کارتێکی دەنگدانیش لەنێوان ١٠٠ بۆ ٥٠٠ ھەزار دینار دایە.
ڕوونی کردەوە، بەدەر لەو شێوازە گاڵتەجاڕییەی خەڵکەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەبارەی بەڵێنی کاندیدان بۆ بەدەستھێنانی دەنگ دەیگۆڕنەوە، بەشێک لە کاندیدان داھێنان لە شێوازەکانی کڕینی دەنگ و بەرتیلدان دەکەن، بەشێوەیەک بە بیری شەیتانیش نایەت، یەکێک لەوانە ھەندێکیان کە پارەیەکی زۆریان لە گەندەڵی کۆکردووەتەوە، ٣٠٠ دۆلاریان بۆ ھەر چاودێرێکی قەوارە سیاسییەکەی لەکاتی چاودێریکردنی ڕۆژی دەنگدان تەرخان کردووە، کە ھەموو ئەوانە شایستەی سزادانن لەلایەن کۆمیسیۆنەوە.
فەوزی ئەکرەم، پەرلەمانتارێکی پێشووی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت، کڕینی کارتی دەنگدان لەسەر ئاستی تاک نەماوە و بووەتە دیاردەیەکی بەربڵاو، زانیاری ھەیە دووپات لە دانی پارەیەکی زۆر بەرانبەر بە کارتی دەنگدان دەکاتەوە و نرخی کارتێکیش گەیشتووەتە ٥٠٠ ھەزار، ئەوەش زیانگەیاندنە بە پرۆسەی دیموکراسی لە عێراق.
ئەو پەرلەمانتارە، دەشڵێ: ھەندێک لایەن و کەسایەتیی سیاسی لە ھەموو پرۆسەیەکی ھەڵبژاردندا پشت بەم پارەیە دەبەستن، بۆ بەردەوامیدان بە ھەژموونی خۆیان لە پرۆسەی سیاسیدا، لەبەرئەوە پێویستە لایەنە چاودێرەکانی کۆمیسیۆن و دەستەی دەستپاکی، چاودێریی خەرجییەکانی پارت و کەسایەتییە سیاسییەکان بکەن لە ماوەی ھەڵبژاردندا، بۆ زانینی سەرچاوەی ئەو پارانەی کە بە شێوەیەکی نامەنتیقی بۆ بەدەستھێنانی دەنگدەران خەرج دەکرێن.
مستەفا تائی، شارەزای کاروباری ستراتیژی ئاشکرای کرد: پارەی سیاسی بەشێوەیەکی بەرچاو و زۆر مەترسیدار دەستی بە دەرکەوتن کردووە، ئەم پارەیە لەسەر بنەمای دزی و گەندەڵییە، ئەوەش نیشاندەرێکی مەترسیدارە بۆ نادادپەروەری ڕکابەریی سیاسی و ھەڵبژاردن، ئەم پارەیە دەبێتە فاکتەرێکی کاریگەر و گرنگ بۆ گۆڕینی ئیرادەی دەنگدەران.
ئەو شارەزایەی کاروباری ستراتیژی، گوتیشی: نرخی کارتێکی دەنگدان گەیشتووەتە زیاتر لە ٥٠٠ ھەزار دینار، ئەو زیادبوونەی نرخیش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کارەکە بووەتە ئامرازێکی لایەنە دەسەڵاتدارەکان بۆ گۆڕینی ئەنجامەکان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان.
جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، سەبارەت بە دەنگۆی کڕین و فرۆشتنی کارتی دەنگدەر، ڕایگەیاند: ھەر کەسێک کڕین و فرۆشتن بە کارتی دەنگدانەوە بکات سزای زیندانی تا یەک ساڵی بەسەردا دەسەپێندرێت، ھاووڵاتی ئەو کەسەیە، کە بە پەنجەمۆری خۆی دەنگ دەدات، کاندید یان لایەنەکان مافی ئەوەی نییە بە ناوی ئەوانەوە دەنگ بدەن.
وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، ئاماژەی بەوەشکردووە، کڕینی کارتی دەنگدەر ھیچ سوودێکی نییە و ھەر شتێکی لەو شێوەیە ھەبێت، کۆمیسیۆن سکاڵای یاسایی لەسەر کڕیارەکە تۆمار دەکات، چونکە ئێستا ناتوانین بڵێین ھیچ کەس کاندیدە مەگەر ئەو کاتەی کۆمیسیۆن بە تەواوی ڕەزامەندی لەسەر دەدات.
جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، باسی لەوەشکرد، دادگەکان ڕێوشوێن بەرامبەر ھەر کەسێک دەگرنەبەر، کە ھەوڵی کڕینی کارتی دەنگدەر یان دەستکاریکردنی بەڵگەنامەکانی کۆمیسیۆن بدات، بۆیە فرۆشتنی کارت بە نرخێکی جیاواز بێمانایە، بەو پێیەی ھەر دە پەنجەی دەنگدەر لە کاتی پرۆسەی ھەڵبژاردندا بەکاردەھێنرێت.
جێگای ئاماژەیە، بڕیارە ڕۆژی ١١ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکرێت، ئەمەش شەشەم ھەڵبژاردنە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ـەوە ئەنجام دەدرێت، کۆمیسیۆنیش بەردەوامە لە ئامادەکارییەکانی بۆ کردنی پرۆسەکە و نزیکەی شەش ھەزار کاندید کێبڕکێ لەسەر ٣٢٩ کورسی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەن.