رۆژنامەی ھەولێر

بە هەوڵی سیاسی دەیانەوێت درز بخەنە نێو پێکەوژیانی پێکهاتەکانی

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

بیری شۆڤێنی و دەمارگرژی هەندێک حزب و لایەنی سەر بە پێکهاتە نەتەوەییەکان لە کەرکووکی دڵی کوردستان گەیشتووەتە ئاستێک ئەوە بە کورد بە ڕەوا نازانن لە شارەکەی خۆی دروشمێکی کوردستانی بەرز بکاتەوە و شانازی بە شارەکەیەوە بکات و بۆیەش بەیاننامە و سکاڵا لە دژی بەرز دەکرێتەوە.

دوێنێ یەکشەممە ٢١ی ئەیلوول به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌ یه‌كێك له‌ شاشه‌كانی شاره‌وانیی كه‌ركووك، وشه‌ی كوردستان نووسراوه‌، نووسینگەی سەرەکیی به‌ره‌ی توركمانیی عێراق ڕاگه‌یه‌نراوێكی توندی لە دژی بڵاو كردەوە و لای سەرۆک وەزیرانی عێراق سکاڵای تۆمار کردووە و ناڕەزایەتی دەربڕیوە. ڕاگەیەنراوەکە بە ناوی نووسینگەی سەرەکیی بەرەی تورکمانیی عێراق بڵاو کراوەتەوە و واژۆی محه‌مه‌د سه‌معان ئاغای لەسەرە، داوای لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و هەنگاوە دەکات و بە مەترسیداری دادەنێت.
وادیارە لەسەر شاشەکە نووسراوە ”کەرکووک دڵی کوردستانە” و تەنیا ڕاستییەکی مێژوویی بیر هێناوەتەوە کە قسەی دڵی هەر تاکێکی کوردە و دروشمێکە کە یەکەم جار لە لایەن مستەفای بارزانیی نەمر ڕێبەری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد گوتراوەتەوە و کورد لە پێناو شارەکەیدا قوربانییەکی زۆری داوە، جینۆساید کراوە و تووشی چەرمەسەری و کارەساتێکی زۆر بووە و بە بەشێکی دانەبڕاو لە نیشتمانی کوردستانی زانیوە.
حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق نە بە یاسا و نە بە عورف ئامادە نەبوون چارەنووسی شارەکە یەکلایی بکەنەوە و بە بیانوو و پیلانی جیاواز جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ی دەستووری هەمیشەیی عێراقیان پشتگوێ خستووە کە داوای یەکلاکردنەوەی چارەنووسی شارەکە دەکات. مادەکە دەبوایە تا ساڵی ٢٠٠٧ هەر سێ قۆناغی قەرەبووکردنەوە، ئاساییکردنەوە و ڕیفراندۆمی جێبەجێ کردبا بەڵام جێبەجێ نەکراوە و بە هیچ شێوەیەک ڕێز لە دەستوور نەگیراوە.
هەرێمی کوردستان هەشت سال لەمەوبەر لە ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠١٧ لە شارەکە ڕیفراندۆمی بەڕێوە برد و دانیشتووانی پارێزگاکە بە زۆرینەی ڕەها دەنگیان بە کوردستانیبوونی کەرکووک و سەربەخۆیی دا، هەنگاوێک کە خێرا لە لایەن حکوومەتی عێراق و ئەو حزبە دەمارگرژانە ڕەت کرایەوە.
هەرچەندە بەهەموو پێوەرێکی مێژوویی و دیموگرافیی و کۆمەڵایەتی کەرکووک شارێکی کوردستانییە و لە ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆر کەمی عەرەب ژیاون. پێکهاتەکانی تورکمان و ئاشووریش بە ڕێژەیەک لەم شارەی کوردستان هەن و هیچ کێشەیەک لە نێوان پێکهاتەکاندا نەبووە و هەموو عەرەب و تورکمانێک درک بەو ڕاستییە دەکات کە کەرکووک دڵی کوردستانە بەڵام حزبە سیاسییەکانیان بە لاڕێیاندا دەبەن و بە دەرکردنی ئەو جۆرە ڕاگەیەنراو و بەیاننامانە دەیانەوێت پێکهاتەکانی شارەکە بەگژ یەکتردا بکەن و لەبەرەبەری گەڕێکی نوێی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق تۆوی ناکۆکی بچێنن.
پێکهاتەکانی کەرکووک هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ یەکتردا نییە و بە برایەتی و ئاشتییانە دەژین و ژن و ژنخوازییان لەگەڵ یەکتردا هەیە و کلتور و زمانیان ئاوێتەی یەکتر کردووە.
سەیر لەوەدایە دوێنێ ئەوە بڵاو کرایەوە کە بە سەدانی قوتابیی عەرەب و پێکهاتەی تری شارەکە وازیان لە خوێندنی عەرەبی هێناوە و ڕوویان لە خوێندنی کوردی کردووە، ئەوان دەزانن ڕۆژێک هەر دێت کە کەرکووک بۆ کوردستان دەگەڕێتەوە لە ئێستەوە دەیانەوێت هەر بە زمانە سەرەکییەکەی کوردستانیش منداڵەکانیان بەر خوێندن بنێن و بەر لە چارەنووسی کەرکووک چارەنووسی مندالەکانیان یەکلایی بکەنەوە.
هەڵوێستی هەندێک لایەنی تورکمانی یان عەرەبی لە کەرکووک کورد بیر ڕۆژانی سەخت و دژواری ڕابردوو دێنێتەوە و لە پەیامەکانیان ئەوە دەخوێنرێتەوە کە هیچ مافێک بۆ کورد بە ڕەوا نازانن و تەنانەت دژایەتی دروشمەکانیش دەکەن.